کوردستان

هاتووچۆو شارەوانی هۆشداری دەدەنە شۆفێران

نها نیوز- هەواڵەکان

هاتووچۆو شارەوانی هەولێر هۆشداری  دەدەنە شۆفێران ئۆتۆمبێلەكانیان لەو ناوچانە رانەگرن كە ئەگەری دروستبونی لافاویان لێدەكرێت.

سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر بڵاویكردەوە "تیمەكانمان لە گشت بەڕێوەبەرایەتییەكاندا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوەو داوا لەهاووڵاتیان و شۆفێران دەكەین ئۆتۆمبێلەكانیان لە شوێنە لاوازەكان رانەگرن بەتایبەتی ئەو شوێن و جێگایانەی تێبینی دروستبوونی لافاوی لێدەكرێت".

لای خۆشیەوە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر داوا لە شۆفێران دەكات، ئۆتۆمبێلەكانیان لە نزیك پردی سەیداوە رانەگرن، چونكە پێشتر چەندین ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان لەو ناوچەیە ژێرئاو كەوتوون و زیانیان بەركەوتووە.

هاوكات دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان رایگەیاند"بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، ئەمڕۆ كاریگەری شەپۆلەكە زۆر بەهێز دەبێت و بارانی بە لێزمە دەبارێت".

ئەوەشی رونكردوەتەوە "لەناوچە شاخاوییەكان لەسەرووی 60 ملیمەترەوە باراندەبارێت و ئەگەری دروستبونی لافاو هەیە، لەسەنتەری پارێزگاكانیش 35 ملیمەتر باران دەبارێت و ئەگەری لافاو و دروستبوونی ئاستەنگیی هاتووچۆ هەیە". 

 
2024-03-19
زیاتر...