کوردستان

پارتی بەشداری هەڵبژاردن دەکات و مۆڵەتی کارکردنی (هەژماری من)یش ئاشکرا دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

بەپێی وتەی دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکان بەردەوام دەبن بۆ زەمینەسازی و فەراهەمکردنی کەشێکی گونجاو بۆ بەشداریکردنی هەموو لایەنەکان بە پێکهاتەکانیشەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێت "بانکەکانی هەرێم مۆڵەتی بانکی ناوەندییان هەیە و پرۆسەی بەبانکیکردن لە هەرێم و عێراق جیاوازی نییە".

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەکانی ئەم دوو ڕۆژەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بابەتەکانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جێگەی بایەخ بووە، بەتایبەتی پرسی ئەمنی و هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە زیانێکی زۆری ئابووری بە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

دڵشاد شەهاب ئاماژە بەوەش دەکات "هەموو لایەنە عێراقییەکانیش گرنگی بەو پرسە دەدەن و دیدگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە کە هەڵبژاردنێک بەڕێوەبچێت کە سەرجەم لایەنەکان بە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، تێیدا بەشداری بکەن.

سەبارەت بە پرۆژەی (هەژماری من)، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ئاشکرای کرد "هەڵوێستی بەغدا ڕوونە و تێگەیشتنی باشیشیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە هەیە و ئامانجی هەرێمی کوردستانیش لە گفتوگۆکان دڵنیاییدانە بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دانانی میکانیزمی هاوبەش و گونجاو بۆ پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران و تێگەیشتنی هاوبەش هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا و بە دڵنیاییش دەگەنە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی مووچەخۆران بێت.

ناوبراو جەختیشی کردەوە "بانکەکانی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی بانکی ناوەندییان هەیە و پرۆسەی بەبانکیکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازی نییە".

بەوتەی دڵشاد شەهاب، بۆ رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەگەر پێویست بکات کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ڕێکدەخەن یان سەردانیان دەکەن و هەموو ئەو ڕێکارانەی پێویستە بە هاوبەشی کاری لەسەر دەکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و بۆ ئەو مەبەستەش نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەگەڵیان لەسەر هێلە.

ئ.ز

 
2024-04-28
زیاتر...