کوردستان

عێراق: هەولێر بەبێ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا نەوت بەرهەم دەهێنێت

نها نیوز- هەواڵەکان
 

وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی هاوئاهەنگی و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی نەوت بەرهەم دەهێنێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق، لە راگەیاندراوێکدا ئاشكرایكرد، وڵاتەكەی پشتیوانی لە دەستپێشخەریی وڵاتانی ئەندامان لە ئۆپێک پلەس دەکات تاوەکو سەقامگیریی و هاوسەنگی لە بازاڕی نەوت بەردەوام بێت، بۆیە وەزارەتی نەوت دووپاتیدەکاتەوە کە پابەندە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە هەناردەکردنی نەوت کەم بکاتەوە وەک ئەوەی رێککەوتنی لەسەرکراوە". 
 
لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە دەڵێت، "وێڕای ئەو راپۆرتانەی کە سەبارەت بە بەرهەمی هەرێم لە دەرەوەی هاوئاهەنگی و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەگەن، بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە وەزارەتی نەوت دەستپێشخەری کردووە بەوەی مانگەکانی داهاتوو هەناردەکردنی نەوت رۆژانە بۆ 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوت کەم بکاتەوە، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیادەی کە لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی رابردوو لەسەر عێراق تۆمارکراون".
 
بەپێی ئامارەكان، مانگی شوباتی رابردوو، عێراق رۆژانە تێكڕا 3 ملیۆن و 434 هەزار و 218 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە. لە مانگی کانوونی دووەمیشدا سێ ملیۆن و 338 هەزار و 982 بەرمیل نەوتی هەناردە کردبوو. 
 
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا.

ش.ح

 

2024-03-18
زیاتر...