وتار

داڕمان و نیشانەکانی داڕمانی حکومەت

كاوەشێخ عەبدوڵڵا
كاوەشێخ عەبدوڵڵا

ئایا ئێمەی کورد لە کوردستانی عێراق ئێستا لە لێواری داڕمانداین؟ بۆ هەموو ئەوانەی کە هاوسۆزی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانن و هەموو ئەوانەیشی کە تاسەر ئێسقان دژن و ئاوات بە نەمانی دەخوازن، دیمەنەکە زۆر رۆشنە کە بەرەولێکهەڵوەشانەوەیەکی فیعلی دەچێ.
بەڵام ئایا سروشتی حکومەتی کورد جیاوازە لە سروشتی هەموو حکومەتەکانی ئێستا و مێژووی بەشەریەت؟ هیچ پاکانە و پاساوێک دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەت و حوکمڕانی کورد دانەڕمێ؟
زاناکان.. فەیلەسووفەکان.. سیاسەتمەدارەکان چیان وتووە سەبارەت بە نیشانەکانی هەڵوەشانەوەو داڕمانی ئەزموونەکانی حوکمڕانی؟
لێرەدا ئاماژە بە قسە و لێکدانەوەی چەند زانا و فەیلەسووف و مێژووناسێک دەدەم کە چەند سەد ساڵ و چەند سەدە لەمەوپێش، باسی هۆکار و نیشانەکانی هەڵوەشانەوەو داڕمانی حکومەتەکانیان کردووە، هیچ بۆچوون و لێکدانەوەیەکی خۆمی تێکەڵ ناکەم. ئێوەش بۆ خۆتان بزانن چەند نیشانە و هۆکاری لە کوردستان و حوکمڕانییەکەیدا هەیە.
ـــ ئەریک فرۆم زانای دەروونناس وتوویەتی: هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی دەسەڵاتداران لەگەڵ میللەتدا دەبێتە هۆی داڕمان! هەروەها ڕەنگە هەموو ئەندامانی نەتەوەیەک شێت و شویر ببن ئەگەر هەڵەی هاوبەشیان هەبێ! 
یبن خەلدوون دەڵێ: دەسەڵات و حکومەتی خانەدانەکان وەک سوڕی ژیانی ئینسان  بریتییە لە: لەدایکبوون، خۆسەپاندن، خۆشژیانی و شەهوەت، پاشان پریبوون و مردن.
ئیبن خەلدوون دەڵێ: لە ئینساندا پیری نەخۆشییەکی کوشندەیەو هەرگیز چارەسەر ناکرێت چونکە شتێکی سروشتییە. دەسەڵاتێکیش بەهۆی خۆسەپێنی و شەهوەتەکانییەوە پیربێت، چارەسەری نییەو دادەڕمێ!
بەپێی ئەزموننی خۆی، ئیبن خەلدوون دەڵێت: خانەدانەکان هەر سێ نەوە دەتوانن ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی بکەن. دواتر نیشانەکانی: نائارامیی لە وڵاتدا و پاشان هۆشیاریی و بوێری خەڵک زیاد دەکەن، ئەمانەش دەبنە هۆی داڕمانی شانشینی خانەدانە پیربووەکە!
لە کتێبی پیرۆزیشدا ئاماژەیەکی لەمجۆرەی ئیبن خەلدوون هەیە کە دەڵێت: تۆڵەی گوناهی باوکەکان دەکەمەوە لە کوڕەکانیان!
ـ ئەرەستۆ وتوویەتی: ئەگەر هاتو دەسەڵاتەکان بەڕاستی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ نەکەن، ئەوا ململانێ و پێکادانی نێوان ئەرستۆکرات و هەژارەکان شتێکی حەتمی دەبێ. هەروەها دەرگا بە ڕووی خراپە و گەندەڵیدا دەکاتەوە کە هەردووکیشیان دەبنە باعیسی داڕمان.
جۆن جۆزێف ساوندەرز مێژوونووسی ئینگلیزی بۆچوونێکی زۆر جوان و روونی هەیە سەبارەت بە ستەم و خۆسەپاندنی دەسەڵاتداران بەسەر خەڵکدا. ئەو دەڵێ:
 ئەگەر حوکمڕان و گروپە دەسەڵاتدارەکان لەڕێی جومگەکانی دەسەڵاتەکانیانەوە سوکایەتی بە خەڵک بکەن و بیانچەوسێننەوە، ئەوا خەڵکیش کاردانەوەیان دەبێ.. ئیتر بە شێواز و قەبارەی خۆیان.. بۆ نموونە:  لەناو وڵاتدا بێباکی، پووکانەوەی داهێنان و لێهاتوویی، کەڵەکەبوونی ڕق و هەستی لەناوبردن زیاد دەکەن و باڵادەست دەبن. بە کورتی هەموو شتێک دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە فەرمانڕەوا و سیستمەکەیان.
ساوندەرز لەمە جوانتری وتووە کە دەڵێ: ئەگەر مرۆڤ لەژێر بارودۆخێکدا بژی کە پێچەوانەی ژینگەکەی و پێچەوانەی گەشەکردن و واقیعییەتەکەیبێ، بە دڵنیاییەوە کاردانەوەی دەبێ کە هیچ لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارەکانیدا نابێ.
مێژوونووسی بەریتانی پاوڵ کەنەدی، وێنەیەکی زۆر رۆشنتری نیشانەکانی داڕمانی حکومەت و حوکمڕانییەک دەکێشێت و دەڵێ: ئەو وڵاتانەی کە لە لێواری داڕماندان، خەرجی زیاتر بۆ ئاسایش و ئەمنیەت تەرخان دەکەن، بەڵام لەبری ئەوەی دەسەڵات مسۆگەر بکەن ئاڵۆزتری دەکەن.
پاوڵ کەنەدی دەشڵێ: بە درێژایی مێژوو هەمیشە دوو ڕێگە هەبووە بۆ مامەڵەکردنی دەسەڵاتداران لەکاتی شکستدا؛ یەکێکیان هەوڵی پاراستن و زیادکردنی و سەروەت و سامانەکەی دەدات، ئەویتریان هەوڵ دەدا سەرۆک ببێتە ئەفسانە!
ژمارەی خوێنەر   ‌ 75‌
3/4/2024 9:43:32 AM
زیاتر...