ئابوری

داهاتی سلێمانی ئاشکرابوو

نها نیوز - هەواڵەکان

بەگوێرەی ئاماری شەفافیەت، داهاتی نانەوتیی هەفتەی رابردووی سلێمانی سەرووی 20 ملیار دینار بووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی ماڵپەڕی شافافییەت، داهاتی هەفتەی رابردووی پارێزگای سلێمانی، کە هاوکات پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینیشی لەگەڵدایە زیاتر لە 20 ملیار دینار بووە، لەکاتێکدا هەفتەی پێشتر زیاتر لە هەشت ملیار دینار داهاتیان هەبووە.

ماڵپەڕی شەفافییەت تایبەتە بە ئاشکراکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە لە 20.4.2024 تا 26.4.2024، کۆی داهاتی کۆکراوەی نانەوتی ئەو ناوچانە 20 ملیار و 119 ملیۆن و 953 هەزار و 306 دینار بووە.

هەر بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، 72%ـی کۆی داهاتی کۆکراوە بەشێوەی نەختینە بووە و ئەوەی دیکەی بە شێوەی چەک و مەقاسە بووە و لە رێگای شەش گەنجینەوە کۆکراوەتەوە.

داهاتی ساڵی رابردووی سلێمانی بە پێی ماڵەپەڕەکە کە لە گەنجینەی یەک، گەنجینەی دووی سلێمانی، گەنجینەی چەمچەماڵ، گەنجینەی گەرمیان، گەنجینەی هەڵەبجە و گەنجینەی راپەڕین كۆكراونەتەوە بریتیبووە لە یەک ترلیۆن و 173 ملیار و 989 ملیۆن و 484 هەزار و 615 دینار كە بەشێوەی نەختینە و چەك و مقاسەیە.

ئ.ز
2024-04-26
زیاتر...