ئابوری

وەزارەتی دارایی بڕیارێكی نوێ دەردەكات

نها نیوز - هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی کاربەڕێکەری هه‌رێمی كوردستان، كاركردن بە پوولی دارایی لە چەند مامەڵەیەكی فەرمانگە حكوومییەكان رادەگرێت و بەرپرسێكی وەزارەتەكەش زانیاریی لەبارەوە ئاشكرا دەكات.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی، كە وێنه‌یه‌كی دەست نها نیوز كەوتووە، تیایدا هاتووە، كاركردن بە پوولی دارایی رادەگیرێت و لەبڕی پوول، پسوولەی ژمێركاری بەكاردەهێندرێت.

ئەوەش هاتووە "بڕیارماندا بە راگرتنی كاركردن بەسەرجەم (فیئە)كانی پوولی دارایی، لەجیاتی ئەوە پێویستە پسوولەی ژمێركاریی 37/ ئەلف بەكار بهێندرێت، بۆ وەرگرتنی داهاتەكان و داهاتەكەش بكرێـتە داهاتی كۆتایی بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێمی كوردستان.

پێش ئەم بڕیارە، بۆ مامەڵەی هاوسەرگیری، یاخود بەناوکردن و تاپۆی خانوو، یان مامەڵەی دابەشنامەی شەرعی و بەڵگەنامەی کۆچی دوایی و گرێبەست كردن و هەندێك مامەڵەی دیكە لە فەرمانگە حكوومییەكان، پێویست بوو پوولی دارایی هەبێت، كە بڕێك پارە وەردەگیرا.

ئارام عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی بەمیدیای پارتی دەڵێت "هۆكاری كاركردن بە پوولی دارایی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە ساڵی 2017وە حكوومەت پوولی چاپ نەكردووە، پوول كەم بووە و پوولی ساختە و قاچاغیش زۆر بووە، هەروەها تێچووی زۆر بوو، بۆیە لەبڕی پوول، كار بە پسوولەی ژمێركاریی 37/ ئەلف دەكرێت و ئێستا لە عێراقیش كار بە پوولی دارایی ناكرێت.

ئارام عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو مامەڵانەی پێشتر، كە پوولیان پێویست بوو، لەبڕی ئەوە بە پسوولە پارەكە وەردەگیرێت و رۆتینیش كەم دەكاتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی ئەوەشی ختە روو "پوول خەرجیی زۆری دەوێت، چونكە لەدەرەوە چاپ دەكرا، بۆ نموونە، پوولێك 500 دینار تێچووی لەسەر حكوومەت بوو، بەڵام یەك دەفتەری پسوولەی ژمێركاری، كە 50 لاپەڕەیە، تەنیا سێ هەزار لەسەر حكوومەت دەوەستێت، بۆیە تێچوومان كەم كردەوە و رۆتیشنیشمان لە مامەڵەدا نەهێشت.

ناوبراو وتیشی "لەهەر فەرمانگەیەك هاوڵاتییان پێویستیان بە پوول هەبووبێت، ئێستا بە پسوولەیەك بۆیان دەكرێت و هیچ رسووماتێكی زیاتریش وەرناگیرێت.

ئ.ز
2024-04-18
زیاتر...