راپۆرت

هەواڵی دڵخۆشکەر بۆ فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لە بەغداوە گەیشت

نها نیوز – راپۆرت

دوابەدوای بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی بۆ هاوتاكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ عێراق و هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی هەرێم و كاركردن بە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتا دەكرێت و زیاتر لە 100 هەزار دینار دەچێتە سەر مووچەی خانەنشینان. نها نیوز لەم بەدواداچونەیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی کە ئەم هاوتاکردنە تاچەند نرخی دۆلار بەبەرزی دەهێڵێتەوە لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێم، بۆ رونکردنەوەی زیاتر نها هەر یەکە لە سروە محمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکێتی و گوڵاڵە سدیق، ئابوریناس دەدوێنێت و ناوبراوان زانیاری نەبیسترا و لەسەر مووچەی خانەنشینی هاوتا بە عێراق و بەرز و نزمی دۆلار ئاشکرا دەکەن.

حکومەتی عێراق سندوقی خانەنشینی هەیە و هەرێم نییەتی 

گوڵاڵە سدیق، ئابوریناس لەم راپۆرتەی نها نیوزدا، بابەتێکی گرنگ لەسەر سندوقی خانەنشینی عێراق ئاشکرا دەکات، کە زیادکردنی ئەو بڕە پارەی مووچەخۆرانی خانەنشین لەکوێوە هاتووە و حکومەتی عێراقی بۆچی دەیگەڕێنێتەوە بۆ مووچەخۆرانی.

ناوبراو لەوبارەیەوە ئاشکرای دەکات "ئەوان سندوقی خانەنشینیان هەیە دەوڵەتی عێراق دەوڵەتە خۆ وەکو هەرێمی کوردستان نییە، هەموو وڵاتێک کاتێک کە مووچەخۆرێک 42 ساڵ خزمەت دەکات ئەگەر زانکۆی تەواوکردبێت هەموو مانگێک لەپارەکەی دەبڕن و دەچێتە سندوقی خانەنشینیەوە، هیچ هێزێک نییە بتوانێت دەستکاری ئەو سندوقە بکات بە فەرمان نەبێت، هەرێمی کوردستان ئەو سندوقەی نییە".

گوڵاڵە سدیق هۆکاری زیادکردنی زیاتر لە 100 هەزار دینار بۆ مووچەی خانەنشینی ئاشکرا دەکات و دەڵێت "سندوقەکە لە عێراقدا هەیە وەبەرهێنایان پێ کردووە و داویانە بە قەرز ئەگەر حکومەتی عێراقی پێویستی بە پارە بێت لەو سندوقە خەرجیدەکات، کاتێک ئەو قەرزەی کردووە بە فایدە داویەتی، ئەو فایدەیەش گەڕاوەتەوە و ئەو 100 هەزارەی بۆ مووچە زیادکردووە. ئەمە مەکرەمە نییە بیدەن بە خانەنشینی، بەڵکو پارەی خانەنشینی خۆیانە و پەیوەندی بە دۆلارەوە نییە.

"زیادکردنی پارەی خانەنشینی پەیوەندی بە دۆلارەوە نییە کە 100 هەزارە"

لەبارەی بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێم، ئەو ئابوریناسە رایگەیاند "زیادکردنی پارەی خانەنشینی پەیوەندی بە دۆلارەوە نییە کە 100 هەزارە، وە هیچ هۆکارێکی زانستیش پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی دۆلارەوە نییە".

راشیگەیاند "لەبانکی ناوەندی دۆلار بە 130 هەزارە لە بۆرسە بە 132 هەزارە ئەویش دەستی چەند بازرگان و بانکێکی لەپشت بوو، وڵاتانی دراوسێشمان دۆلار بەکارناهێنن ئێستا یۆرۆ بەکاردێنن و بۆیە زۆر ناچێتە دەرەوە دۆلار. دۆلار لە 145دا دەمێنێت وردە وردە دادەبەزێت و دەچێتە 140، چونکە ماوەیەک لە 150 وەستا وا ئێستاش لە 145، پشتبەخوا بەرەوە 137 و 138یش دەڕوات.

ناوبراو جەختیشیکردەوە "لە هیچ شوێنێک دۆلار پەیوەندی بە مووچەوە نییە، دۆلار شتێکە و مووچەش شتێکی دیکە. وە نزمبوونەوەی دۆلار هەمووی پەیوەندی بە دۆخی ئەمنییەوە هەیە، ئەگەر دۆخی ئەمنی عێراق و دەوروبەر باشبێت هەنگاوەکان بۆ دابەزینی دۆلار دەڕوات.

لای خۆشیەوە سروە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت "هاوتابوونی مووچە پەیوەندی بە بەرزبوونەوە و دابەزینی دۆلارەوە نییە، دەبێت حکومەت بەرنامەیەکی تایبەتی هەبێت بۆ رێکخستنی دۆلار بەرامبەر بە دینار، ئەمەش پەیوەندی بە بانکی مەرکەزی و خستنە بازاڕی دینار و دۆلارەوەیە، مادام عێراق بڕیاریداوە 132 بێت دۆلار دەبێت عوملەی عێراقی رێکبخات بۆ دابەزینی نرخی فەرمی. بۆیە تەسەورناکەم هاوتاکردنی مووچە پەیوەندی بەوەی دۆلار دابەزێت و نزم ببێتەوە.

هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی هەرێم بە عێراق هەموو خانەنشینێک ناگرێتەوە

لەوبارەیەوە سروە محمەد روونیدەکاتەوە "ئەو 100 هەزار دینارەی کە بۆ مووچەی خانەنشینی زیاندکراوە، مووچەیەکی فەرانبەری هەرێم 400 هەزار بێت هاوتابکرێت دەبێت بە 600 هەزار، ئەو 100 هەزارە خانەنشینان هەمووی ناگرێتەوە، بەڵکو ئەوانە دەگرێتەوە کەوا مووچەیان خوارووی 500 هەزارە. هاوتاکردنەکەش واتە دەبێت هەرێم هاوتای بەغدا بێت. ئەمە لایەنی یەکەم".

پەیوەست بە لایەنی دووەمیشەوە، ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق وتی "کاتێک فەرمانبەرێک لە هەرێم خانەنشین دەبێت شەش مانگ مووچەی گشتی وەردەگرێت، بەڵام لە بەغدا ساڵێک وەردەگرێت، هاوتاکردنی هەرێم بە بەغداش واتە هاوتاکردنی سەرجەم ئەو ئیمتیازاتانەی کەوا خانەنشیی عێراق دەیگرێتەوە هەرێی کوردستانیش دەگرێتەوە.

نەبوونی سندوقی خانەنشینی لە هەرێم چ گرفتێک دروست دەکات؟

سروە محمەد ئەوەشی خستە روو "قانونیەن مووچەی هەرێم زۆر بەئاسانی دێتەسەر بەغدا ئەوە بڕیاری دادگای فیدڕاڵییە. بەڵام لێرەدا حەلەکەی کەمێک گرانە بۆ؟ بۆنمونە لە هەرێمی کوردستان نازانم سندوقی خانەنشییمان هەیە یان نا، هەر فەرمانبەرێک 20 ساڵ خانەنشیی هەیە کەلە مووچەی بڕدراوە چووەتە ئەو سندوقەوە، عێراقیش بۆ هاوتاکردنەکە داوای ئەو سندوقەی هەرێم دەکات کە هی خانەنشینانە گەر تیایدایە دەبێت بنێردرێت ئەگەر تیاشیدا نییە دەبێت چارەسەری ئەو داهاتە بکات لە سندوقی خانەنشیناندا".

"لەو کێشانەی کە پەرلەمانتار نایەوێ خۆی خانەنشین بکات دەبێت پارەی ئەو سندوقە بدات کە 100 ملیۆنە ئەو پارەیەمان لەکوێ بوو ئێمە!" ئەندامەکەی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق وا دەڵێت 

سەبارەت بەوەی کەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی جێبەجێدەکرێت؟ لە درێژەی قسەکانیدا سروە محمەد ئاماژە بەوەش دەکات "تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک نییە، بەڵام ئێمە لە هەوڵداین و نەوەستاوین. هەربۆیە مووچەی خانەنشینی پەیوەندی بە دۆلارەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە رێکخستنەوەی سیاسیەتی عێراقە.

ئامادەکردنی: ئیمان زەندی
2024-05-23
زیاتر...
123