راپۆرت

هەواڵی دڵخۆشکەر گەیشت.. نزیکەی 50 ملیار دینار بۆ مووچەی خانەنشینان زیاد دەکرێت

نها نیوز – راپۆرت

دوای نزیکەی دووساڵ، حکومەتی کاربەڕیکەری هەرێمی کوردستان پابەندی خۆی بە بڕیارێکی دیکەی دادگای فیدڕاڵیی عێراقی پەسەندکرد، ئەویش هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمە بە عێراق و جێبەجێکردنی یاسای خانەنشنیی یەکگرتوو. هاوکات بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە نزیکەی 50 ملیار دینار بۆ کۆی گشتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان زیاد دەبێت.

رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2022، دادگای فیدڕاڵی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی پابەندکرد بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی ژمارە 9ـی ساڵی 2014 کەلە 42 ماددە پێکهات جێبەجێکرد و یاسای ژمارە 27ـی ساڵی 2006ـی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە. بەمەش 10 ساڵ دەبێت یاسای یەکخراوی خانەنشینی لە عێراق جێبەجێ دەکرێ.

ئەو گۆڕانکارییەی لە مووچەی خانەنشینان دروست دەبێت چۆنە؟
 
حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە "بەگوێرەی بڕیاری نوێ بۆ کارکردن بە یاسای خانەشینی عێراقی، 227 هەزار و 541 خانەشینی هەرێمی کوردستان لەو یاسایە سوودمەند دەبن.

ئاماژەی بەوەشکردووە "لە هەرێمی کوردستان 80 هەزار خانەنشین مووچەی 220 هەزار دیناری وەردەگرن کە کەمترین مووچەیە، بەڵام لە عێراق کەمترین مووچەی خانەنشینی 500 هەزار دینارە و دەرماڵەی بژێویشیان بۆ خەرج دەکرێت کە بڕەکەی 100 هەزار دینارە.
 
بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9 فەرمانبەری 50 ساڵ دەتوانێت داوای خانەنشینی بکات 
 
بەگوێرەی یاساکە، ئەگەر فەرمانبەر تەمەنی گەیشتە 50 ساڵ و خزمەتی لە 25 ساڵ کەمتر نەبوو دەتوانێت داوای خانەنشینی بکات.

هەر بەگوێرەی یاساکە، ئەگەر کەسێک تووشی نەخۆشییەک بوو لیژنەی پزیشکی بڕیاری دا ناتوانێت دەوام بکات و خزمەتی کەمتر لە 15 ساڵ بوو، حکومەت ماوەی خزمەتەکەی بۆ دەکاتە 15 ساڵ و خانەنشینی دەکات.

یاسای خانەنشینی عێراق ئەوەشی تێدا هاتووە کە کەمترین مووچەی خانەشینی 400 هەزار دینار دەبێت، بە دەرماڵەی بژێوییەوە. کەسی خانەنشین دەرماڵەی بژێوی و دەرماڵەی بڕوانامەی بۆ دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینیەکەی بەمجۆرە:

-  هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم دەرماڵەی 5٪ی مووچەی خانەشینییان پێدەدرێت.
-  هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس دەرماڵەی 10٪ی مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.
-  هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر دەرماڵەی 15٪ی مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.
-  هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا دەرماڵەی 20٪ی مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.

ئەو فەرمانبەرەی لە ئەرکدایە مانگانە 25٪ی مووچەکەی لە مووچەی بنەڕەتی لێ دەبڕدرێت و دەخرێتە سەر سندووقی خانەنشینی نیشتمانی، لەو بڕە فەرمانبەر تەنیا 10٪ی مووچەکەی دەدات و حکومەت 15٪ی دیکەی بۆ دەدات.

فەرمانبەران 12 مووچەیان پێدەدرێت

خاڵێکی دیکە کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە یاساکە سوود وەردەگرن ئەوەیە، فەرمانبەرانی حکومەتی عێراق کاتێک خانەشین دەبن، بە ڕێژەی 80٪ی کۆی مووچە و دەرماڵەی دوایین مووچە خانەنشین دەکرێن، هاوکات پاداشتی کۆی خزمەتییان لەسەر بنەمای کۆی دوا مووچە دەبێت نەک مووچەی بنەڕەتی، واتا ئەو فەرمانبەرەی خانەشین دەبێت دوا مووچەی چەند بووە لەسەر بنەمای ئەو مووچەیە 12 مووچەی پێکەوە پێدەدرێت.

 
2024-07-06
زیاتر...
123