راپۆرت

ئێران و ئەمریکا بە نهێنی لەسەر چی کۆبوونەتەوە؟


ڕۆژنامەی فەینشناڵ تایمزی بەڕیتانی بڵاوى کردەوە، ئەمریکا و ئێران لە بارەی پرسی ‌هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە نهێنى کۆبوونەتەوە و ئێرانیش باس لەوە دەکات، جگە لە بابەتی چەکی ئەتۆمی هیچ بابەتێکی دیکەمان لەگەڵ ئەمریکا تاوتوێ نەکردووە.


لە بارەی کۆبوونەوەیەکی نهێنی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ڕۆژنامەی فەینشناڵ تایمزی بەڕیتانی ڕاپۆرتێکی بڵاویکردەوە و ئاژانسی ئیرنای ئێرانیش وەڵامی دەداتەوە.


لە ڕاپۆرتەکەی فەینشناڵ تایمزدا هاتووە، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە عەمان کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە بارەی پرسی ‌هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بەئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ئەنجامدراوە.


دەشڵێن، شاندەکەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی برێت مەکگۆرک ڕاوێژکاری کۆشکی سپی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەبرام پاڵی جێگری نێردەی تایبەت بە ئێران بووە و شاندەکەی ئێرانیش عەلی باقر کنی جێگری وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتى کردووە، کە هاوکات دانووستانکاری باڵای ئەتۆمی تارانە.


رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا ئەمریکا داوای لە ئێران کردووە هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کەم بکاتەوە و ڕێگری لە فراوانبوونی گرژییەکان بکات، بەتایبەتی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانیەکان لە دەریایی سوور.


لای خۆیەوە ئاژانسی ئیرنای فەڕمی ئێران بڵاوى کردەوە، لە کۆبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران و لە تەواوی ئەو پەیامە ناڕاستەوخۆیانەش، کە لە نێواماندا ئاڵوگۆڕ کراوە، جگە لە بابەتی هەڵگرتنی سزاکانی سەر دۆسێیەی چەکی ئەتۆمی ئێران، باس لە هیچ بابەتیکی دیکە نەکراوە.


لەوەتەی هێرشەکەی حەماس لە ٧ـی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە، حزبوڵڵای لوبنانی، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، ڕۆژانە لەگەڵ ئیسرائیلدا هێرشی سنوور بەزاندن دەکەنە سەر یەکتری و  حوسییەکانیش هێرشیان کردووەتە سەر دەیان کەشتی، لەوانە کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە دەریاییەکانی ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکانی  عێراقییش کە هاوپەیمانی ئێرانن، دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان دژ بە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا هەڵداوە.

2024-03-14
زیاتر...
123