راپۆرت

سلێمانی لەژێر راداردایەو بەرپرسان باڵای توركیا دێنە بەغدا

نهانیوز- هەواڵەکان

دوای دوو رۆژ لەكۆبوونەوەكەی فەرماندە سەربازییەكانی توركیاو پێشمەرگەی پارتی و پاسەوانی سنوری عێراق لەپارێزگای دهۆك كە ئامادەكاریی بۆ دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە، بڕیارە سێ بەرپرسی باڵای توركیا سەردانی بەغدا بكەن. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیاش دەڵێت "یەكێتی هەنگاوی پێویستی نەناوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانمان بگەڕێننەوە بۆ ئەو ئاستەی كە چەند ساڵێك لەمەوبەر هەبووە".

پێگەی (almonitor) راپۆرتێكی لەبارەی سەردانەكەی وەزیرانی دەرەوە، بەرگری و سەرۆكی دەزگا میت بۆ بەغدا بڵاوكردوەتەوە، ئۆنكو كیسێلی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا  ئاماژەی بەوەداوە كە هاكان فیدان وەزیری دەرەوە، یاشار گویلەر وەزیری بەرگری و ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی هەواڵگری (میت)، سەردانی بەغدا دەكەن "دەیانەوێت هەنگاوی كۆنكرێتی كە دەتوانرێت لە شەڕی توركیا دژی پەكەكە بنرێت".

هاوكات، جەبار یاوەر، فەریقی یەكەم و  پسپۆڕی بوارەكانی سەربازی و ئەمنی لە لێدوانێكدا بە نها نیوزی راگەیاند "توركیا دەیەوێت تا قووڵایی 40 كیلۆمەتر بێتە خاكی عێراقەوەو تا هاوینی داهاتوو شەڕی یەكلاكەرەوە بكات".

جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەشدا، بەردەوام توركیا پشت دەبەستێت بەیاسایەكی نێودەوڵەتی كە گوایە رێگەدەدات بەدەوڵەتان پارێزگاری لەوڵاتی خۆیان بكەن و تەنیا پشت دەبەستێت بەو بڕیارەی كە ساڵانە پەرلەمانی توركیا مۆڵەت دەدات بەهێزە چەكدارەكانی توركیا كە لەودیو سنوور بۆ پاراستنی ئاسایشی توركیا كردەی سەربازی ئەنجام بدەن.

"ئێستا توركیا بەدرێژایی 200 كیلۆمەترو لەهەندێ ناوچەش بەقوڵایی 10 كیلۆمەترو لەهەندێ ناوچەی دیكەش بەقوڵایی نزیكەی 40 كیلۆمەتر بنكەو سەربازگەی هەیە لەناو خاكی عێراق لەهەرێمی كوردستانداو بەگوێرەی ئەو نەخشانەشی وەزارەتی بەرگری توركیا بڵاویكردوەتەوە تائێستا نزیكەی 87 بنكەی سەربازی لەناو خاكی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، یەكێك لەو بنكانەی توركیا نزیك چیای باشیكە كە لەنێوان 80 تا 100 كیلۆمەتر لەسنووری توركیاوە دوورە". جەبار یاوەر وا دەڵێت.

سەبارەت بە رێككەوتنی عێراق و توركیا، جەبار یاوەر ئەوە روندەكاتەوە، " عێراق دەڵێت هیچ رێكەوتنێكمان نییە لەگەڵ توركیا بۆ هاتنە ناوەوەی خاكی هەرێمی كوردستان كە بەشێكە لەخاكی عێراق، یان ئەو ئۆپراسیۆنانەی كە ئەنجامی دەدەن لەسنوورەكان و لەناو خاكی عێراق لەئاسمان و زەوییەوە، بەڵام بێدەنگبوونی عیراق گومان دەخاتەسەر ئەوەی كە رەنگە رێكەوتنێكی ژێربەژێر هەبێت، ئەگەر رێكەوتنی ژێر بەژێریش نەبێت ئەوا هەر وادەكات كە رێكەوتن هەبێت، چونكە عێراق بێدەنگەو ئێستا توركیا دەیەوێ بەفەرمی بگاتە رێكەوتنێك لەگەڵ عێراقدا كە رێكەوتنێكی ئەمنی بێت بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنانەی كە لەناو خاكی عێراقدا ئەنجامی دەدات".

 ئەو دانوستانانە دەبێتە خولی دووەمی لوتكەی ئەمنی كە سێ كەسەكە لەگەڵ هاوتاكانیان، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و سابت عەباسی وەزیری بەرگری عێراق و بەرپرسانی باڵای دیكە لەمانگی كانوونی دووەمدا ئەنجامیاندا.

سەردانەكەی ئەو سێ بەرپرسە باڵایەی توركیا بۆ بەغدا لەكاتێكدایە كە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا رۆژانە هەڕەشەكانی زیاتر دەكات بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی نوێ لە دژی ئامانجەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، لەمیانی گردبوونەوەكانی هەڵبژاردن لە سەرانسەری وڵاتدا وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی داهاتوو لە 31ی ئاداردا.

راپۆرتەكە باس لەوەشدەكات كە پەكەكە كە بارەگاكانی لە چیای قەندیل لە هەرێمی كوردستانە، لە ساڵی 1984ەوە خەباتی بۆ ئۆتۆنۆمی كورد لە ناوخۆی توركیا دەكات و لەلایەن ئەنقەرەو واشنتۆن و یەكێتی ئەوروپاوە وەك "رێكخراوێكی تیرۆریستی" دەستنیشانكراوە.

لەبەشێكی تری راپۆرتەكەدا، باس لەسەردانی ئیبراهیم كاڵن بەرپرسی دەزگای میت و و یاشار گویلەر وەزیری بەرگری توریكا دەكات كە لە مانگی یەكی ساڵی رابردوودا دوو سەردانی جیاوازیان بۆ بەغدا ئەنجامدا، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هێرشەكانی پەكەكە بۆ سەر شوێنە سەربازییەكانی توركیا لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان روو لە زیادبوون دەكەن "لەمانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 20 سەربازی توركیا لە هێرشەكانی ناوچەكەدا كوژراون". 

هەر لەبارەی سەردانەكەی ئەو بەرپرسانەی توركیا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، دەڵێت "ئەمریكا هێزی سەربازی لە عێراق هەیە، بۆیە ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانیش دەكەین سەبارەت بە شەڕی خۆمان دژی پەكەكە".

كەسیلی زیادی كرد: "ئەگەر ئێمە ئۆپەراسیۆنێك لە دژی پەكەكە ئەنجام بدەین كە هەڕەشە لە ئاسایشی ئێمە دەكات، تاكە دەسەڵاتێك كە داوای مۆڵەتی لێ دەكەین، مادەی 51ی جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكانە". ئۆنكو كیسێلی وا دەڵێت.

سلێمانی لەژێر راداردایە
شرۆڤەكاران پێیانوایە كە باشتربوونی بارودۆخی كەشوهەوا لە وەرزی بەهاردا رەنگە رێگە بە سوپای توركیا بدات دەستدرێژییەكی سنووردار بكات بۆ ناوچەكە، ئەوەش بۆ بەهێزكردنی پێگە سەربازییەكانی توركیا لەهەرێمی كوردستان و رێگەگرتن لە هێرشی زیاتر "توركیا سەدان شوێنی نیشتەجێبوونی هەیە كە لە ناوچەیەكی فراواندا بڵاوبووەتەوە لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوە درێژ دەبێتەوە لەگەڵ ئێران لەڕۆژهەڵات و لەگەڵ سوریا لەڕۆژئاوا".

حكومەتی ناوەندی بەغدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا و فراوانكردنی بوونی سەربازی لەو وڵاتە بەپێشێلكردنی سەروەری خۆی دەزانێت و پەكەكە بە"گروپێكی تیرۆریستی" نازانێت، سەرەڕای ئەوەی ئەنقەرە چەندینجار بانگەوازی بۆ ئەوە دەكات كە بەو شێوەیە پۆلێن بكرێت، بەڵام لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا كە دوای خولی یەكەمی دانوستانەكان لە مانگی كانوونی دووەمدا بڵاوكرایەوە، لایەنی عێراقی بۆ یەكەمجار دانی بەوەدانا كە ئەو گرووپە چەكدارە قەدەغەكراوە "مەترسی" دروست دەكات.

لەبەشێكی تری راپۆرتەكەدا، ئەوەش هاتووە "ئامانجی توركیا بۆ دروستكردنی فشارە لەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پارتێكی كوردستانیەو پارێزگاری سلێمانی لەژێر كۆنترۆڵی ئەودایە، ئەنقەرە یەكێتی بەهاوكاری لەگەڵ پەكەكە تۆمەتبار دەكات".

ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئەردۆگان مانگی رابردوو بە ئاشكرا هەڕەشەی لە یەكێتی كردو رایگەیاندبوو كە ئەنقەرە هۆشداری داوەتە ئیدارەی سلێمانی سەرەڕای هۆشدارییە دووبارەكانمان بەردەوامە لە پشتیوانیكردنی پەكەكە، ئێمە هیچ لێبوردەیییەكمان نییە كاتێك باس لە ئاسایشی نیشتمانیمان دەكرێت، هەرچی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین".

هەر لەبارەی یەكێتییەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا دەڵێت "یەكێتی هەنگاوی پێویستی نەناوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانمان بگەڕێننەوە بۆ ئەو ئاستەی كە چەند ساڵێك لەمەوبەر بوو".

لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوەوەوە ئاسمانی توركیا لەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕووی گەشتە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا داخراوە، ئەمەش هەنگاوێكە بە ئامانجی زیادكردنی فشارەكان لەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

چەند ڕۆژێك پێش قەدەغەكردنی گەشتە ئاسمانییەكانیش، توركیا هێرشێكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لە سلێمانی ئەنجامدا لە نزیك كاروانێك كە مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی هاوپەیمانی ئەمریكا و هەروەها بەرپرسانی ئەمریكای تێدابوو، هەرچەندە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، بەڵام ئەو هێرشە وەك پەیامێكی ئاگاداركردنەوە بۆ هەردوو یەكێتی نیشتمانپەروەری كوردستان و ئەمریكا تەماشا كرا.


 ش.ح   و  گ







2024-03-14
زیاتر...
123