راپۆرت

پارتی و بەغدا هاوكارن.. هێرشەكەی توركیا سنوری سلێمانی و شەنگالیش دەگرێتەوە

توركیا لەگەڵ هەولێرو بەغدا رێككەوتوە بۆ دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنێكی فراوان لەو ناوچانەی هەرێمی كوردستان كە هێزەكانی پەكەكەی  تێدایە، تەنانەت ئۆپراسیۆنەكە سلێمانی و شەنگالیشی تێدایە.

راپۆرتەكان ئاماژە بە ئامادەكارییەكانی توركیا دەكەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی فراوان كە پێگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بكاتە ئامانج،ئەوەش بە پاڵپشتی هەواڵگری بەغداو هەولێر.

رۆژنامەی حوریەتی توركی كە نزیكە لە حكومەتی توركیا، لە راپۆرتێكیدا ئامادەكارییەكان بۆ جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنە فراوانەكە بڵاوكردوتەوەو باسی لەوەكردوە "ئامادەكارییەكانی ئۆپراسیۆنەكە لەڕێگەی كۆبوونەوەكانی نێوان بەرپرسانی هەردوو حكومەتی توركیا و عێراق، چ لە بەغدا یان لە
هەرێمی كوردستان، دەستیپێكردووە، وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە سەركردایەتی دەكات بۆ داخستنی تەواوەتی سنوری توركیا و عێراق و توندكردنەوەی سنورەكان بەسەر چەكدارانی پەكەكەدا".

هەر بەگوێرەی راپۆرتەكە، قۆناغی سەرەتایی ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا لە هەرێمی كوردستان هاوكات لەگەڵ گفتوگۆ سیاسییەكان سەبارەت بە سوریا بەڕێوەدەچێت، كە شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەلی لێیە.

وەرگرتنی پشتگیری بەغداو هەولێر
عەبدولقادر سێلڤی، نووسەری رۆژنامەی حورییەت، كە نزیك لە پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە)ی رەجەب تەیب ئەردۆگان دادەنرێت، ئاشكرایكردوە "ئۆپەراسیۆنێكی زەمینی بەرفراوان لەو ناوچەیە ئەنجام دەدرێت كە ئێستا ئۆپەراسیۆنی (چنگ-قفڵ)ی تێدا جێبەجێ دەكرێت، كە لە ساڵی 1999 دەستیپێكردووە لەنیسانی 2022ەوە تا ئێستا بەردەوامە".

سلێڤی دەشڵێت،  "پێش ئۆپەراسیۆنەكە لەگەڵ حكومەتی ناوەند لە بەغداو حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كە لەژێر كۆنترۆڵی بنەماڵەی بارزانیدایە، رێككەوتن كراوەو، توركیا پێشبینی دەكات سنووری 378 كیلۆمەتری خۆی لەگەڵ عێراق بەتەواوی بەڕووی پەكەكەدا دابخات، وەك پێشتر بەدرێژایی 40 كیلۆمەتر لەناو خاكی سوریا ئەنجامیدابوو".

لەبەشێكی تری نوسینەكەیدا ئەوەشی وتوە "پێموایە لێدوانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا سەبارەت بەسنورەكان لەگەڵ عێراق بەشێوەیەكی گونجاو هەڵسەنگاندنی بۆ نەكرا، بەهۆی ئەو گفتوگۆیانەی سەبارەت بە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان كە لە كۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵدا لە توركیا ئەنجام دەدرێن".

دوای سەرۆكایەتی كردنی كۆبوونەوەی حكومەتی توركیا لە ئەنقەرە، ئەردۆگان دووپاتیكردەوە كە وڵاتەكەی بەرەو پێشەوە دەچێت لەشەڕی دژ بە پەكەكەدا، ئاماژەی بەوەشدا كە توركیا نزیكە لە تەواوكردنی ئەو گەمارۆیەی كە سنوورەكانی لەگەڵ عێراقدا مسۆگەر دەكات، راشیگەیاند "لەهاوینی داهاتوودا ئەم بابە بە هەمیشە چارەسەر كراوە".

سیلڤی راشیگەیاندوە "هێزەكانی توركیا ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجام دەدەن، چاوەڕوانیش دەكرێت حكومەتی بەغداو هەولێر پاڵپشتی هەواڵگری بكەن و ڕێوشوێن لە دژی پەكەكە لە سلێمانی و شنگال بگرنەبەر".


2024-03-09
زیاتر...
123