راپۆرت

ناکۆکییە توندەکە گەیشتە ناو حەشدی شەعبی، چارەنوسی سەرۆکەکەی چی دەبێت؟



سەردانێکی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ پارێزگای ئەنبار، ناکۆکییە نێوخۆییەکانی حەشدی شەعبی توندتر کردەوە، گەیشتووەتە ئاستێک ئێستا کار بۆ گۆڕینی سەرۆکی دەستەکە دەکرێت.


ئەو پیاوەی ناکۆکییەکانی لەسەرە کێیە؟

فالح فەیاز لە سەردانەکەی بۆ پارێزگای ئەنبار چاوی بە عەلی حاتم سلێمان کەوت، کە بە کەسایەتییەکی سیاسی ئۆپۆزسیۆن ناسراوە و لەگەڵ جوڵانەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ناکۆکییەکی قوڵ و توندیان هەیە، عەسائیبیش بەشێکی گەورە و کاریگەری نێو حەشدی شەعبییە.

شارەزایان دەڵێن، ناکۆکییەکانی فالح فەیاز و عەسائیبی ئەهلی حەق پەیوەندیی بەو سەردانەی فەیاز بۆ ئەنبار نییە، چونکە ئەو دوانە ناکۆکییەکی توندتریان هەیە لەوەی سەردانەکە هۆکار بوبێ بۆ گرژییەکان، بەڵام سەردانەکە ناکۆکییەکەی تەقاندەوە.


ناکۆکییەکانی فالح فەیاز و قەیس خەزعەلی لەسەر چین؟

ساڵانێکە لەنێوان قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیب و فالح فەیاز ناکۆکیی هەیە، کرۆکی ناکۆکییەکەش بۆ ئەوەیە خەزعەلی بۆچوونی وایە نابێت سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کەسێكی سیاسی بێت وەك ئەوەی ئێستا فالح فەیاز لەو پۆستەدایە و دەڵێت، فەیاز لە دۆخێکی ناجێگیردا کرایە سەرۆکی دەستەکە. بۆیە ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و دەبێت ئەو پۆستە دووربێت لە مەلەفی سیاسی.

هاوکات عەسائیب داوا دەکات کەسێکی سەربازیی ئەو پۆستە وەربگرێت و تەمەنیشی ڕێگەی پێبدات، چونکە بە وتەی ئەوان، فالح فەیاز تەمەنی گەیشتووەتە خانەنشینی.

لەبەرامبەردا گروپەکەی فالح فەیاز پێیانوایە، حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی زۆر گەورەیە و مەلەفی گەورەشی لەبەردەستدایە، ئەوە جگە لەوەی لەزۆر ناوچەی سنوریی لە هەرێمی کوردستان، تورکیا و سوریا بوونی هەیە، کە لەو ناوچانەش هۆزی گەورە هەن و پێویست بە کەسێکی سیاسی وەك فالح فەیاز دەکات ئیدارەی دۆخەکە بدات.


سودانی بۆ بێدەنگە؟

محەمەد شیاع سودانی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەتوانێت ئەو پرسە یەکلابکاتەوە، بەڵام لە ئێستادا نایەوێت ناکۆکییەکانی حەشدی شەعبی قوڵتر ببنەوە و ببێتە مایەی سەرئێشە بۆ حکومەتەکەی.

بۆیە پێشبینیدەکرێت ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حەشدی شەعبی تا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە.

قەیس خەزعەلی سورە لەسەر ئەوەی فالح فەیاز وازبهێنێت و لە نوێترین لێدوانیدا داوایکرد، فەیاز دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی حەشدی شەعبی ببێت، بەهۆی ئەوەی گەیشتووەتە تەمەنی خانەنشینی و داوایکرد، ناوبراو لەجیاتی ئەوە لەکاری سیاسی بەردەوام بێت.

شارەزایان بۆچونیان وایە ناکۆکییەکان بەشێکی هۆکارەکەی ئەوەیە عەسائیبی ئەهلی حەق دەیەوێت دەستبەسەر جومگە هەستیارەکانی حەشدی شەعبیدا بگرێت، وەكچۆن ئێستا بوونی خۆی لەنێو حکومەتی عێراق جێگریکردووە.

ئەوەی بۆ عەسائیب بوەتە کێشە ئەوەیە، هەر بە تەنها لادانی فالح فەیاز لە پۆستەکەی بەس نییە، بەڵکو گروپەکانی دیکەی نێو حەشد بە ئاسانی ڕێگە بەوە نادەن عەسائیب پۆستی سەرۆکی حەشدی شەعبی وەربگرێت.

تەنانەت سودانیش  ناتوانێت فالح فەیاز لە پۆستەکەی دوربخاتەوە، چونکە ئەو هەنگاوە دەستەی حەشدی شەعبی دەهەژێنێت و دوور نییە ناکۆکییەکان وابکەن لە کۆتایدا خۆشی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دوربخرێتەوە.

ڕ،ج

2024-03-09
زیاتر...
123