راپۆرت

ڕاپەڕین لە باشووری کوردستان چۆن ڕوویدا؟


لەپاش شکستی سیاسی، سەربازی، دبلۆماسی و ئابووری حکومەتی ئەوکاتەی عێراق لەداگیرکردنی دەوڵەتی کوەیت لە ساڵی 1990 هەلێکی زێڕین بۆ گەلانی عێراق بەتایبەتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان دروستبوو، کە ڕاپەڕن و کۆتایی بە دەسەڵاتی بەعس بهێنن.

بۆ گەلی کورد ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 کە لە ڕۆژی 5-3 لە شاری ڕانیەوە دەستیپێکرد، ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی باشووری کوردستان بوو لەدژی ڕژێمی بەعس، ئەنجامەکەشی دروستکردنی یەکەم پەرلەمان و حکومەتی خۆماڵیی بوو.

ڕاپەڕین لە 5ی ئازاری 1991 لە شاری ڕانیەوە دەستی پێکرد، چەند ڕۆژێک پاش ڕاپەڕین، حکومەتی عێراق بەسووپایەکی گەورەوە ھێرشی کردەوە سەر کوردستان و کۆڕەوی خەڵکی کوردستان دەستی پێ کرد، کە تێیدا ملیۆنان کەس بەرەو سنوورەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاوارەبوون.

لە 5ی ئازاری 1991دا ڕاپەرینی باشووری کوردستان لە شارۆچکەی ڕانیە لە کاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی دەستی پێکرد، لە ھەموولاوە خەڵک ڕژانە کوچە و کۆڵان و شەقامەکان، جەماوەر ھەڵیانکوتایە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت، کاتژمێر سێی ئێوارە سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاککرایەوە، ھەمان ڕۆژ چوارقووڕنە و حاجیاوا و دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازادکران.

لە 6ی ئازاری 1991 ناوچەی بازیانی یەک و دوو و ناوچەی ناو دەشتی پشدەر ئازادکران، لە پشدەریش سەربازگەکانی ڕژێم لە نێوان پێشمەرگەی سەرەوە و جەماوەری خوارەوە کۆنتڕۆڵکران.

لە 7ی ئازاری 1991دا جەماوەری شاری سلێمانی ڕاپەڕی و ھەڵیانکوتایە سەر بنکەی حامیەیی سەربازی و پۆلیسی سەرا و ئازادیان کرد، ڕۆژی داوای ئەوە 8ی ئازار بەڕێوبەری ئەمنە سوورەکەی سلێمانی و سەربازگەی سەلام و سەنگەرەکانی سەرچیای ئەزمەڕیان کۆنتڕۆڵکرد، بەھەزاران سەرباز خۆیاندا بەدەستەوە.

دواتر چەمچەماڵ، ھەڵەبجە، عەربەت، زەڕایەن، ڕزگاری، نەسڕ، باریکە، پیرەمەگروون و ئەلڵایی ئازادکران.

لەی 8ی ئازاری 1991 ڕاپەڕین لە چەمچەماڵ، ھەڵەبجە، عەربەت، ئۆردوگاکانی زەڕایەن، ڕزگاری (سمود)، نەسڕ، باریەکە، پیرەمەگروون و ئەلڵایی دەستی پێکرد و سەرجەم ئەو ناوچانە و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی و کەرکووک کۆنتڕۆڵکران.

ھەر ئەو ڕۆژەش سەرجەم ڕەبییەکانی پشتاوی سەر مامەندە و قەڵادزێ دابەزینە خوارەوە و بێ کوشتار خۆیان ڕادەستی گەل کرد، قەڵای سووسێی ڕژێم گیرا و بەرەو دوکان چوون و لەلای دۆڵی خەلەکانیش جەماوەر بەرەو بەنداوی دوکان دەھاتن بۆیە بۆ ئێوارە ئەم ناوچەیەش بەتەواوی کۆنتڕۆل کرا.

لە 9ی ئازاری 1991 جەماوەری شەقڵاوە و کۆیەش ڕاپەڕین، ئەگەرچی سوپایەکی زۆر لە ھەیبەت سووڵتان ھەبوو و لە ٨ی ئازاردا چەند لیوایەکی زرێپۆشی زیادی ھێنایە ئەوێ بەڵام سەرئەنجام ئەو ناوچانە ئازادکران.

لە 11ی ئازاری 1991دا جەماوەری شاری ھەولێر لەگەڕەکەکانی شۆڕش، مەلایان و برایەتی ببەرەو بارەگاکانی ڕژێم چوون، لەکاتژمێر 9ی بەیانی جەماوەر ڕژانە سەرشەقام و کوچە و کۆڵانەکان و چوونە سەر بارەگا و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێم، لەوانە دائیرەی ئەمن و جەیشی شەعبی و ئەمنی تەواری و مەنزومەی شیمالی و بنکەکانی پۆلیس.

لە 12ی ئازاری 1991دا جەماوەری جەلەولا ڕاپەرین تا ئێوارە ناو شاری جەلەولا و دەوروبەریان ئازاد کرد

لە 13ی ئازاری 1991دا جەماوەری زاخۆ و دەروبەری ڕاپەڕین، سەرەنجام ناو شاری زاخۆ و کۆمەڵگای ھیزاوە و دەرکارعەجەم ئازادکران و راپەرین گەیشتە دەشتی سلێڤان و چیای بێخێر و ژوێ ئازادکران.

لە 14ی ئازاری 1991دا جەماوەری دھۆک لەگەڕەکی بەرۆشکێی لای سەرەوە سەریانھەڵدا و بەتێکڕا دەوری دەزگاکانی ڕژێمیاندا و ھێرشیان کردە سەر، تا نیوەڕۆ ھەموویان گیران.

ئەو هێرشە سەرکوتکارانەی ڕژێم زیاتر لە چوارملیۆن کوردی ناچاری کۆڕەو بۆ ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان کرد، کەچەندین کەسی مەدەنی ژن و منداڵ لەناویاندا، بەهۆی سەختی ڕیگاوە شەهیدبوون.

زۆری نەخایاند گەلی کورد جارێکی تر گەڕایەوە سەرزێدی خۆی و لەناوەڕاستی تەموزی 1991 جارێکی تر ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ڕژێمی بەعس کردەوە و شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک یان ڕزگارکردوە.

ڕ.ج

2024-03-05
زیاتر...
123