راپۆرت

چی چاوەڕێی موچەخۆران و هەرێمی کوردستان دەکات؟

نهانیوز- ڕاپۆرت

تا دێت چارەنووسی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران بەرەو تونێلێکی تاریك دەڕوات، هەمووان هیوایان بە وەزیری دارایی هەرێم بوو قسەیەک لەبارەی دابەشکردنی موچە بکات، بەڵام ئەویش خەڵکی بێهیوا کرد.

لەنوێترین چاوپێکەوتنیدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "بۆ دابەشکردنی مووچە، چاوەڕوانین بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە بنێرێت". بەوەش هێندەی دیکە موچەخۆران بێهوا بوون، چونکە دیار نییە کەی بەغدا پارە بۆ هەرێم دەنێرێت.

پاساوی دابەشنەکردنی موچە بەوتەی ئاوات شێخ جەناب بۆ ئەوەیە، جیاوازیی لەنێوان موچەخۆران و کۆمەڵگەدا دروست نەبێت، بەڵام هەر ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێم گەورەترین جیاکارییە لەنێوان فەرمانبەراندا و ئێستا ئەوانەی موچەخۆری وەزارەتە مەدەنیەکانن، بوونەتە قوربانیی وەزارەتە سەربازییەکان.


کاردانەوەکان توندتر دەبن

تا دێت کاردانەوەکان دژی دابەشنەکردنی موچە فراوانتر دەبن، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "بە بارمتەگرتنی خەڵک و خاک و ژیان و کارو بژێویی و موچەو بوجەی خەڵکی کوردستان، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناوەندو بە کەمتەرخەمیی و سەرکەشیی و بێباکیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بە دەستتوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی، تەواوکردنی جینۆسایدی خەڵکی کوردستانە".

ژین عه‌بدوڵا، ئەندامی کارگێڕی ئەنجومەنی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران رایدەگەیەنێت، داوا ده‌كه‌ن كه‌ وه‌زیری دارایی و ئابوری مانگانه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ بەڵێندەران خه‌رجبكات كه‌ له‌ "پێنج ملیار دینار كه‌متر نه‌بێت"، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن كاره‌كان ده‌ستپێبكه‌ن. "ئه‌گه‌رنا داوای لێده‌كه‌ین ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌".

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق نهێنییەکی نوێی ئاشکراکردووە و دەڵێت، "هەرێمی کوردستان زانیاریی پێچەوانەی دەربارەی موچەخۆرانداوە بەبەغداو لەلیستەکەدا 67 هەزار ناو هەیە کە گومانیان لەسەرە، ئەمە جگەلەوەی داهاتی 20 مەرز بۆ لیژنەی دیوانی چاودێری دارایی ئاشکرانەکراوە".


بایکۆت بەرفراوانتر دەبێت

بەھۆی دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی مانگی شوباتەوە، تادێت بازنەی مانگرتن فراوانتر دەبێت، ئێستا زۆرێک لەو فەرمانگانەی ڕۆژانە داهات بۆ حکومەتی هەرێم پەیدا دەکەن بایکۆتیان ڕاگەیاندووە، وەك هاتووچۆی سلێمانی و باجی خانووبەرە.

مەروان ئەحمەد سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من" لەنوسینگەی مه‌سرور بارزانى سەرۆک وەزیرانی هەرێم به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە،وه‌فدێكى پڕِۆژەی "هەژماری من" بچێتە بەغداو سبەینێ دوشەممە، لەگەڵ وه‌فدێكى حکومەتی عێراق‌و بەرپرسانی بانکی ناوەندیی کۆببێتەوە".

وتیشى:"مەبەست لەچونی وه‌فده‌كه‌ بۆ بەغدا "بۆ تاووتوێکردن‌و خستنەڕوی وردەکاریی پڕۆژەی "هەژماری من"ی حکومەتی هەرێمه‌ بۆ حکومەت‌و بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق".

یەکێتی نیگەرانە

میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاگەیەنراوێک نیگەرانیی خۆی لە دابەشنەکردنی موچە ڕاگەیاند و وتی "نزیكه‌ی 15 رۆژه‌ وه‌زاره‌تی دارایی عیراق بڕ‌ی(608)ملیار دیناری وه‌ك مووچه‌ بۆ هه‌رێم ناردووه‌، به‌ڵام تیمی پارتی له‌حكومه‌ت ده‌ستیبه‌سه‌رداگرتووه‌و ئاماده‌نییه‌ دابه‌شی بكات".

شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت و موچە دابەش نەکرێت، ئەوا ڕۆژانی داهاتوو دۆخێکی خراپ و سەخت ڕوبەڕووی هەرێم دەبێتەوە و دوور نییە دەست بە ناڕەزایەتیی گەورەی جەماوەریی بکرێت و دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت.

2024-03-24
زیاتر...
123