راپۆرت

مفەوەز شەماڵ، ملازم موحسینەکەی کورد کێبوو؟


شەماڵ عەباس عەلی، یان شەماڵی سەید عەباس، ناسراو بە مفەوەز شەماڵ، گەنجێکی شاری سلێمانی بوو، لە هەڕەتی لاویدا، فیتەرێکی کارامەبوو لە دوکانی براکانیدا، پاشان کە تەمەنی نزیک دەبێتەوە بۆ سەربازی، بۆ ئەوەی خۆی قوتار بکات، دەبێتە پۆلیس، دواتر بەهۆی بڕوانامەکەیەوە، پلەکەی بەرز دەبێتەوە بۆ مفەوەز، ئیدی لێرەوە، بەماوەیەکی کەم، دەبێتە ناوێکی تۆقێنەر بۆ گەنجانی سلێمانی و لە گوێی تێکڕای خەڵکی شاردا، دەزرنگێتەوە.


شەماڵ، لەدایک بووی ساڵی 1963ی شاری سلێمانییە و کۆتا و حەوتەم منداڵی خانەوادەکەی بووە، ئامادەیی پیشەسازی تەواوکردووە و بەوتەی خانەوادەکەی، سەرەتا چووەتە شاخ تا ببێتە پێشمەرگە، بەڵام وەرنەگیراوە و گەڕاوەتەوە. لێرەوە دەبێتە ئەو مفەوەز شەماڵەی کە هەندێ لەو کەسانەی لەشاری سلێمانیدا ئازاریان بە دەستییەوە چەشتووە، بە ملازم موحسینی کوردی ناوی دەبەن.


ناوێک پڕ لە سەرکێشی و چیرۆکێک پڕ لە دڵڕەقی، سەرەتایەکی نەرم و کۆتاییەکی خوێناوی، مفەوەز شەماڵ، ئەو کەسەی کە خۆی لە سەربازی هەڵدێ و کەچی دواتر، هەموو گەنجی شار لە دەستی ئەم هەڵدێ، تا ئێستا خانەوادەکەی، خۆیانی لێ بێبەری دەکەن و نایانەوێت کەسایەتی بنەماڵەکەیان لە چیرۆکەکانی شەماڵەوە بگلێت.


وەفاداری ئەم گەنجە بۆ حیزبی بەعس و ڕژێمەکەی، دەگاتە ئاستێک، کە سروشتێکی تایبەتی بۆ دروستدەکات، بەڕادەیەک دڵڕەقییەکەی هەڵدەکشێ، کە زۆربەی ئەوانەی دەستگیریان دەکات، دۆست و هاورێ و ناسراوەکانی خۆیەتی. تەنانەت سڵی لەبراکەی خۆیشی نەکردووەتەوە، گوڵاڵەی براژنی تا دواساتیش قسەی لەگەڵیدا نەبوو، چونکە مێردەکەی گوڵاڵە بە گرتن دەدات کە برای خودی مفەوەز شەماڵ بوو.


مفەوەز، چەند پلەیەک خوار ئەفسەرە و لەسیستمی سەربازیدا دەسەڵاتێکی هێندە گەورە نییە، بەڵام چیرۆکی دەسەڵات و پێگەکەی، چەند قات لە پلە سەربازییەکەی گەورەتبوو، نهێنی ئەمەش تا ئەو ڕۆژە مایەوە کە خەڵکی باشووری کوردستان دژ بەدام و دەزگاکانی بەعس ڕاپەڕینیان کرد، کاتێک بەڵگەکانی ئەمن و ئیستخبارات، کەوتنە دەست دەزگا ئەمنییە کوردییەکان، هاوپێچ لەگەڵ وێنەیەکی خۆی و صەدام حسێن، لەپاڵ ناوی مفەوەز شەماڵدا نوسراوە (احد من اصدقاء سید رئیس) واتە یەکێک لە هاورێکانی سەرۆک.


تا ڕۆژی ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان، مفەوەز شەماڵ بەوەفاداری مایەوە بۆ بەعس و ڕژێمەکەی، 7/3/1991 یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی، لەتەمەنی 28ساڵێدا، کەوتە دەست خەڵکی ڕاپەڕیوی شارەکە و لەبەردەرکی سەرای سلێمانی هەڵواسرا، تا ڕۆژی دواتر تەرمەکەی لەو مەیدانەدا بە هەڵواسراوی مایەوە.


شەماڵ، دوو ژن و دوو منداڵ و تەمەنێکی کورت و چیرۆکێکی درێژی لەپاش خۆی بەجێهێشت.
2024-03-12
زیاتر...
123