راپۆرت

دوای گەڕانەوەی شاندەكەی بەغدا لەهەولێر چی رودەدات؟

  نها نیوز- هەواڵەکان

لەدوای ئەوەی شەوی رابردوو، هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد، شاندێكی دیوانی چاودێری بۆ وردبینی لەداهات و خەرجییەكان گەیشتنە هەولێر.

لەئێستادا شاندەكە لەهەرێمی كوردستانن و دەستیان بە وردبینی كردووە، ئەوەش بەپێی رێككەوتنی هەردوو حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و بریارەكەی دادگای فیدراڵی و یاسای بودجەیە كە دەبێت هەر شەش مانگ جارێك بكرێت.  

بەپێی سەرچاوەكان شاندەكە داوای كردووە، لیستی فەرمانبەرانی هەرێم بەتەواوی زانیارییەكانەوە ئامادەبكرێت بەتایبەت فەرمانبەرە جێگیرەكان، بۆ ئەوەی لە قۆناغی یەكەمدا لەرێگەی هەژماری بانكییەوە موچەكانیان دابەشبكرێت، هەروەها بانكی رەشید و رافیدەین و چەند بانكێكی دیكەش زیاددەكرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان سیستمی دارایی هەرێم هاوتا دەكرێت لەگەڵ سیستمی دارایی عێراق، بۆ رێكخستنی داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجییەكان، لەیەك قۆناغیشدا، سەرجەم خاڵە سنورییەكان بە سیستمی خاڵە سنورییەكانی بەغداوە دەبەسترێنەوە.

حەیدەر سۆفی رێگەپێدراوی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە، بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە، لەدوای تەسلیمكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی هەلاێم و پێشكەشكردنی زانیارییەكانی فەرمانبەران و خانەنشینان، حكومەتی عێراقی لەسەریەتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات.

هاوكات، سەلاح بوشی راوێژكاری سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئامۆژگاری حكومەتی هەرێم دەكەن ئەو چارەسەرانە تاقی بكاتەوە كە دادگا بریاری بۆ دەركردووە چونگە لەرێگەیەوە مافە دارایی و شایستەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پارێزراو دەبن.

لەو بارەیەشەوە، غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە نهانیوزی راگەیاند، بریاری دادگا مولزەمەو هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا ناچارن بە كارئاسانیكردن.
 
ئەوەش ئاشكرادەكات، سەردانی شاندەكە لەدوای بریارەكەی دادگای فیدراڵیە كە دەیانەوێت سەرجەم لێكتێنەگەیشتنەكان لەماوەیەكی كەمدا چارەسەر بكرێن

دەشڵێت، بریارەكە رێگەخۆشكەرە بۆ ئەوەی لەوادەی ئاسایی خۆیدا موچە بدرێتە فەرمانبەرانی هەرێم

لەنوێترین پێشهاتیشدا، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، پشگیری خۆیان بۆ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق دوپاتكردەوەو رایانگەیاند، بڕیاری دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بانكە حكومییەكانی عێراقەوە، ڕێوشوێنێكی ئابووری كاریگەرە كە كۆتایی بە زۆر ئاڵۆزی دەهێنێت 

بەپێی بەدواداچونەكانی نهانیوز، شاندەكە لە وردبینیكردنیان لەهەرێم زۆریان پێناچێت و دەگەڕێنەوە بەغدا و دوای گەڕانەوەشیان راپۆرتێك پێشكەشی وەزارەتی دارایی عێراقی دەكەن كە ئەو راپۆرتە دەكرێتە بنەمایەك بۆ كەم و زیادكردنی پارەكەی هەرێم كە مانگانە بۆ دابینكردنی موچە لەبەغداوە دەنێردرێت.

ئەم هەنگاوەی عێراق دوای کۆبوونەوەکەی هەفتەی ڕابردووی دادگای فیدڕاڵی عێراقە، کە بڕیاریدا دابەشنەكردن و دواخستنی موچە پێشێلكارییە بەرامبەر بە مافی فەرمانبەران و دەبێت هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم بگەنە چارەسەرێك بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان. 

ش.ح

2024-02-25
زیاتر...
123