ڕۆژنامەیەکی عێراقیی پلانی حزبە شیعەکان بۆ دورخستنەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشکرادەکات و دەڵێت، شیعەکان ترسیان لە محەمەد شیاع سودانی هەیە و هەوڵی گۆڕینی دەدەن.
ڕۆژنامەی جیروزالیم پۆست-ی ئیسرائیلی ئاشکرایدەکات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق تاکە بەرپرسی عێراقییە نیوە زیاتری عێراقییەکان متمانەیان پێی هەیە، هەربۆیە شیعەکان هەوڵی دورخستنەوەی دەدەن.
پلانی دورخستنەوەی سودانی چۆن دەبێت؟
پلانەکە بەوشێوەیەیە هەوڵدەدرێت هێرشی میدیایی بکرێتەسەر سەرۆك وەزیران و لە دەستکەوتەکانی کەمبکرێتەوە و خەڵکی بڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای دورخستنەوەی سەرۆك وەزیران بکەن.
پاشان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، بەوەش هاوشێوەی عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی، سودانی چانسی وەرگرتنەوەی پۆستەکەی نابێت.
شیعەکان نیگەرانن لەهەنگاوەکانی محەمەد شیاع سودانی بۆ کۆنترۆڵکردنی سپیکردنەوە و بردنەدەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران و وڵاتانی دیکە، بەوەش بۆچونیان وایە سودانی بە تەواوی کەوتوەتە ژێر هەژموونی ئەمریکاوە.
بەگوێرەی داتاکان، سودانی سەرکەوتوو بووە لە کەمکردنەوەی بێکاریی لە عێراق، جگە لەوەش یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیی بۆ کرێکاران لە کەرتی تایبەت دەرچواندووە، ئەوە جگە لە پلانی دروستکردنی هەزار قوتابخانە و زیاتر لە یەك ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون.
کەرار ساحب، بەڕێوەبەری ڕوانگەی میدیای عێراقیی دەڵێت، سودانی لە میدیاکانەوە بەردەوام ڕوبەڕوی ڕەخنە دەبێتەوە، هەندێک لە میدیاکان سەر بە حزبە ئاینییە شیعەکانن و زیاتر هێرشدەکەنەسەر سودانی و هەوڵی نیشاندانی لایەنە نەرێنییەکانی بڕیارەکانی دەدەن.
کەرار ساحب نمونەی ئەوەش دەهێنێتەوە، هەندێک لە میدیاکان یەک زمانی ڕەخنەگرتنیان هەیە دژی سودانی، ئەوەش دەریدەخات بابەتەکان یەک کەس و لایەن نوسیویەتی.
بەوتەی بەڕێوەبەری ڕوانگەی میدیای عێراقیی، ئێستا عێراق چوەتە قۆناغێکی گەشەسەندنەوە، کە پێشتر نمونەی نەبووە.
شیبان گەیلانی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بۆچونی وایە، ناکۆکییەکان پەیوەستن بە هەوڵی لایەنە شیعەکان بۆ دەستگەیشتنیان بە دەسەڵات، هەموو ململانێکانیان لەسەر پارچە کێکی دەسەڵاتە، نەك ترس لە جەماوەریبوونی محەمەد شیاع سودانی.
بەگوێرەی ڕاپرسییەک کە ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی حکومیی ئەنجامیداوە، سودانی توانیویەتی متمانەی 78%ی متمانەی خەڵک بەدەست بهێنێت.
حکومەتی عێراق لە ئێستادا دەیەوێت هەنگاوێکی نوێ بنێت و ئەمجارە دڵی خەڵکی عێراق بەوە خۆشبکات، بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بگەیەنێت بە 132 هەزار دینار، بەوەش متمانەی سودانی لەنێو خەڵکدا زیاتر دەبێت.
عەباس موسەوی، ڕاوێژکاری پێشووی نوری مالکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بۆچونی وایە "دەستکەوتەکانی سودانی بۆ هەمووانن" موسەوی جەخت لەوەشدەکاتەوە "سودانی جارێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵنابژێردرێتەوە.
ڕ.ج