وتار

جەنابی مام ئەم كاتەت باش

بنار هیدایەت

دەزانم ئێستاشی لەگەڵ دابێت زۆر ماندوو بوویت بەدروستكردنی حزبێكی سیاسییەوە كە دوای خۆت بەشێك لەسەركردەكانی بوونە گورگ و بەربوونەتە گیانی ئەم مەملەكەتە. جانی جانان دەزانی چی دەگوزەرێت!، نەكەس ئاگای لەكەسە و نەكەس هیچی بەدەستە. ئەوەی هەیە تەنیا بۆ گیرفانپڕكردنی زیاتر لەگەڵ حزبەكەتدا ماوەتەوە. درۆ ئەكەن باوەڕیان پێمەكە كاتێك دێنە سەر مەزارەكەت و چاوی زەقیان پڕ ئاو دەكەن. ئەوانە هەموو درۆی زل زلن و فرمێسك گەلێكی تیمساحین.

جەنابی مام ئەم كاتەت باش

تۆ دەزانی لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان چەند بەرپرسێكی هیچ لەبارا نەبوو گرێبەستیان لەگەڵ چەندین كوڕ و كچی شەهیدان كرد تا لەقومارخانە و باڕەكان ئیشییان پێ بكەن. ئەمە وەفایانە بۆ شەهیدانی هاوڕێی تۆ و خۆیان. ئیتر چ وەفایەكیان بۆ خۆت و حزبەكەت دەبێت. ئەمانە چەقەڵن جەنابی مام. ئای بۆ گۆچانەكەت جانی جانان.

جەنابی مام ئەم كاتەت باش

مام ئێستا مۆدێلێكی بازرگانی لەناو چەند سەركردەیەك هاتۆتە ئاراوە، ئەوانە گروپ و دەستە و مافیایان هەیە و دەست بۆ نامووس و كەرامەتی كوڕ و كچەكانی نیشتیمان دەبەن. ئەمانە قاسەی دڵ و ناوگەڵیان پڕ نابێت. رۆژ نیە دووان نەكوژن. رۆژ نیە كەرامەتی مرۆڤ نەخەنە ژێر پێ. مام نەكەس خاوەنی هیچە و نەكەس خۆی بە مرۆڤ دەزانێت. جەنابی مام وڵات وێرانە ئەمما وێران. دز دەكەن بە سەرۆكی لیژنە تا دزە بچووكەكان بگرن، یاسای جەنگەڵ بەڕێوە دەبەن، ئەمان لەمرۆییەتی وەدەرنراون

جەنابی مام ئەم كاتەت باش

لەسەر پۆستێك شەڕ دەقەوێت، هەروەك چۆن لەكاتی نەخۆشكەوتنەكەت وەیانزانی ئیدی نایەیتەوە و داوای بەشە پارەی خۆیان دەكرد، ئێستا لەمپەر و دیوارن لەبەردەم گەشەبوونی حزبەكەتدا، ئەمانە بۆ گەیشتن بە مەرامی خۆیان ئامادەن یەكێتی نەك پارچە پارچە بكەن بەڵكوو هەرزان فرۆشی بكەن، ئەمانە بوونەتە پەڵەیەكی شەرمەزاری جەنابی مام. ئێستا هەولێر لە سلێمانی جیایە، سلێمانی لەدهۆك، كوردستان چ كوردستان بۆتە دە پارچەی یەكسان جەنابی مام. ئەمانە زەروون خوێنی رۆڵەكانت و یەكێتییەكەت دەمژن. جانی جانان زەرووون ئەمما زەروو. ئەمانە قەڵەم كوژن و شەرەفی رۆژنامەنووس دەشكێنن، پارێزەر تیرۆر دەكەن، دكتۆر دەدەنە بەر رێژنەی گولە، ئەمانە كچ ئەتك دەكەن و كوڕ دەكەنە كۆیلە. ئەمانە چین ئیلاهی جەنابی مام.

جەنابی مام ئەم كاتەت باش

ئێستا یەكێتی بۆتەوە بە حزبی دووهەم، خەڵكانێك چاویان لەبەهێزی یەكێتییە بۆ كوردستانێكی سەوز و ئارام، چاویان لەبەهێزی كەسانێك هەیە هەلی كار بۆ گەنجان، ئارامی بۆ وڵات فەراهەم بكەن، خۆشگوزەرانی بۆ كوردستان بێننە ئاراوە، جانی جانان پێنج ساڵە وڵات لە ڕەزالەتدا دەژی، نایەڵن جانانی جانان نایەڵن، رۆژێك ئەم و رۆژێك ئەو قووت دەبنەوە و قارچك ئاسا هەڵدەتۆقێن، لەگەڵ ئەمانەشدا هەزاران هاوڵاتی چاویان لە بازوو و بەهێز و باوەڕی كەسانێك هەیە لەناو حزبەكەتدا كە لەمپەرەكان بشكێنن، جەنابی مام سوێند بەگۆچانەكەت و بەعەینەكەكەت ئەمانە هەموویان ئاون و دەڕۆن و ئەوەی دەمێنێتەوە زیخەكەیە جەنابی مام.
ببورە جەنابی مام، لەوكاتەوەی وڵاتت بەجێهێشتووە ئارامی نەماوە، ئەزانی بۆ ! چونكە ترسیان نەماوە گۆچانەكەت لەپشتیاندا بشكێت, بەڵام جەنابی مام ئیرادەی كوڕەكانت، نەوەكانت، رۆڵەكانت لەپیلانە نەگریسەكانیان گەورەترە، ئاسودەبە ئەمانە بەردی سەرە رێگەن و رۆژێك بەقاچی یەكێتییە رەسەنەكان لەسەر لوتكەی سەفیینەوە توڕ دەدرێنە خوارەوە، ئەدی خۆت نەتفەرموو "سەفین لەبن بێت یەكێتی لەبن نایەت".
ژمارەی خوێنەر   ‌ 248‌
7/22/2019 2:38:57 PM
زیاتر...