وتار

کەلتووری جنێودان بەژن..

شیلان دەرگەڵەیی

رەسول هەمزەتۆڤ لە بەرگێکی (داغستانی من)دا ئەڵێ: بەنیازبووم جنێوە میللیەکانی دەڤەری ئاڤارستان لە دووتوێی کتێبێکدا کۆبکەمەوە, برادەرێک پێیگوتم کە بچمە فلانە گوند, ژنێکی بەساڵاچووی لێیە هەر هەندێک جنێوی پێ بدەم بەشی کتێبێک جنێوم ئەداتێ. سەردانی ژنەکەم کرد, هەر سەلامم کرد و بەشی دوو کتێب جنێوی پێدام و هاتمەوە.

لە زۆربەی کۆمەڵگاکان بەتایبەتی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی زیاتر ژن ئامانجە بۆ وەرگرتن یا پێدانی جنێو.
لە دام و دەزگا فەرمیەکانەوە بگرە تا سەرجادە هەمووی بە جنێودان بە دایک, خوشک, کچ, هاوسەر زۆرجار تێدەپەڕێ بۆ داپیری حەوت پشتیش, دەماری یەکتری پێئەگرن و زۆرجار رووبەرووش جنێو بە ژنەکە خۆشی ئەدەن.

جنێودان و دەمپیسی هیچ پێوەر و جیاکاریەکی نیە, زۆرجار لە کەسی خاوەن پلە و پایەی بەرزی کۆمەڵایەتیی و حزبی و ئیداریی, بڕوانامەی بەرز, دینداری عەیار 24 و تەمەندار و خزم و برادەر و بەڕێوەبه‌ر و هاوکار و هتد جنێو ئەبیستین.

ئەوەی کە جێی سەرسوڕمانە ژنیش زۆرجار هەر بە جنێودان دەماری ژنی تر ئەگرن و سووکایەتیی بەیەکتر ئەکەن و لەوکاتەدا ئەبنە پیاوێکی دەنگبەرزی نێرتر لە پیاو بە بەکارهێنانی دەستەواژەی نەشیاو بە گوتن و بە زمانی جەستە لەکاتی دەربڕین لە لایڤ و ڤیدیۆکانیان دەرئەکەون, بەتایبەتی لەو چەند ساڵەی دوایی ئەو دیاردەیە بە زەقی دەرکەوتووە.

زۆرکەس جنێو بۆ خاڵیکردنەوەی ناخ و زۆریش بە مەبەستی سووکایەتیکردن و بەشێکیش بۆ ورووژاندنی بەرانبەرەکەی و هەندێکیش بۆ خۆدەرخستن و راکێشانی سەرنجی دەوروبەر, زۆربەشی لە بێ دەسەڵاتیەوە بەکاردێنێ و وەک دەربڕینی ڕا و ئازادی ڕا ئەیناسێنن.

رۆژانە ڤیدیۆی بەناو رۆشنبیران ئەبینم ڕاوی ژن ئەنێن و بە وشەی زبری قێزەوەن ژن ئەکەنە کەرەسەی خۆدەرخستنیان کە ئەکرێ بەشێوازێکی مۆدێرنتر ئەو ژنە و رەفتارەکانی بە دەوروبەری بناسێنن نەک خزاندنەوەی ژن لە کونجی ماڵ و هۆیهاکردن لە ژن لە جادە.

مەبەستی من لێرە پاکانەکردن نیە بۆ هیچ ژنێکی خیانەتکار لە نەتەوە و نیشتمان و دەمهەڵاشی و دز و شڕەخۆر بەڵکو stop کردنێک بۆ ئەوانە؛ بە ژن و پیاوە و هەڵدانەوەی پەردە لەسەر تاوانەکانیان ئەرکی هەموومانە, بەڵام بەو شێوە بازاڕیەی ناو بازاڕ نا وەک ئێستا لەسەر جادە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەیبینین!

ژمارەی خوێنەر   ‌ 1666‌
10/22/2018 11:18:10 AM
زیاتر...