هەواڵ

وەزیرێکی پێشووی حکومەتی ھەرێم لەسەر تۆمەتبارکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئێن ئاڕتیدا ڕوونکردەوە دەدات

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

وەزیرێکی پێشووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تۆمەتبارکردنی لەلایەن رۆژنامەنوسێکەوە لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئێن ئاڕتیدا بەبێ بەڵگە و ناڕاست لە قەڵەمدەدات.

لە روونکردنەوەیەکدا، محەمەد ھاودیانی وەزیری پێشووی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر پشکی یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژەی بەوەکردووە "شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی، رۆژنامەنووسێک بەبێ بەڵگە تۆمەتێکی ئاڕاستەی وەزیری پێشووی وەزارەتی کار کردووە، گوایە بەبێ مۆڵەت فەرمانبەر دەستی بە خوێندن کردووە، ئێمە سەرلەبەری ئەو زانیاریە رەتدەکەینەوە".

دەشڵێت "ھەر فەرمانبەرێک بۆ خوێندن یان بۆ کاری تایبەتی خۆی، داوای مۆڵەتی کردبێت، ئەوا بەپێی رێنماییە کارپێکراوەکانی ئەنجومەنی وەزیران مامەڵەی لەگەڵ کراوە و ھیچ فەرمانبەرێک بۆی نەبووە کە بەبێ مۆڵەت دەست بە خوێندن بکات".

وەزیری پێشووی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان جەختیشیکردووەتەوە "ھیوادارین رۆژنامەنووسان بۆ بازاڕگەرمکردنی خۆیان روو لە دروستکردنی تۆمەت نەکەن".

2019-03-20
زیاتر...