کوردستان

هۆشدارییەک لە حکومەتی هەرێمەوە بۆ بەغدا ئەگەر هەژماری من قبووڵ نەکات


وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆژەی "هەژماری من" لە پرسی موچەدا "ئەولەویاتی" حکومەتی هەرێمی کوردستانەو هەر چارەسەرێک لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر حسابی پڕۆژەی هەژماری من ڕەتدەکەنەوە.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەژماری من یەکێکە لە ئەولەویاتەکانی حکومەتی هەرێم و بەلایەوە گرنگە، گەر هەژماری من قەبوڵ نەکرێت جۆرێکە لە بیانوگرتن و گێچەڵ کردن، چونکە ئەوەی لەناو هەژماری مندا هەیە زۆر زیاترە لەوەی لە عێراق کراوەو پێیدەوترێت تەوتین."

چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی داهاتودا وەفدێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق. چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر هەژماری من و پرسی بە بانكیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم یەکێک دەبێت لەتەوەرەکانی گفتوگۆی نێوانیان.

پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاند، "تەوتین تەنها کارتێکی موچەوەرگرتنە نەک هەژماری بانکی و بەشێک لەو بانکانەش نیشانەی پرسیاریان لەسەرە، بۆیە بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێین و چارەسەرەکەش لەسەر حسابی دەستبەرداربون نییە لەهەژماری من. فەرمانبەری عێراق سەرپشک کراوە لە بانکی ئەهلی یان حکومی تەوتین بکات، بۆچی بۆ فەرمانبەری هەرێم ئەمە سنوردار کراوە؟"

هەژماری من کە حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەیەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات، تا ئێستا 6 بانک چونەتە نێویەوە کە بریتین لە بانکەکانی ئارتی بانک، جیهان، بیبلۆس، بانکی ئیسلامی عێراقی، بانکی ئەهلی عێراقی و بانکی بەغدا.

بەگوێرەی پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا، حکومەتی عێراق تا ئێستا پێداگری دەکات لەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە دابینبکرێت.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی بانکەکانی تی بی ئای و رەشید و رافیدەین موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەوتین بکات، حکومەتی هەرێمیش گەر ڕازی نەبێت چارەسەری تری نییە."

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی"هەرێم شەڕەکەی بۆ ئەوەیە خۆی پارەکە وەربگرێت و تەمویلی بانکەکانی ناو هەژماری من بکات، عێراق ناچار نییە ئەمە بکات و پارە بداتە دەست هەرێم، بۆیە دەیەوێت خۆی پارەکە تەمویل بکات، بۆیە دەبێت هەژماری من بچێتە ناو تەوتینەوە."

جەختیشیکردەوە، "گەر موچە تەوتین بکرێت لیست و پلە بەرزکردنەوەو هەندێک ڕێوشوێن لای هەرێم دەمێنێت، ئەگینا عێراق لە ڕێگەی رەشید و رافیدەینەوە پارە دەدات، لەکاتێکدا هەرێم سورە لەسەر ئەوەی پارەکە لە عێراق وەربگرێت بۆ وەزارەتی دارایی و لە ڕێگەی هەژماری منەوە دابەشی بکات."

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێم کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێدەچێت بەم نزیکانە هەرێم و بەغدا لەسەر هەژماری من گفتوگۆ بکەن، ئەوەی بوەتە هۆی گرفت ئەو بڕگەیەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە بۆ دابەشکردنی موچە لە ڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە، ئەگینا لەڕوی تەکنیکییەوە تەوتین و هەژماری من یەک پرۆسەن."

هەروەها وتیشی، "گەر دادگای فیدراڵی ڕونکردنەوە بدات و مەسەلەکە بخاتە لای بانکی فیدراڵی عێراق کە پسپۆڕی خۆیەتی، کێشەکە چارەسەر دەبێت. پێشموانییە هەرێم دەستبەرداری هەژماری من ببێت."
2024-04-25
زیاتر...