ههڕهشهیهكى توند له ئهمریكاوه
نها نیوز ـ ههواڵهكان
بهگوێرهى زانیارییەکان، ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لەهەردوو پارتی کۆماریو دیموکراتهكان، هۆشدارییانداوەتە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان بەوەی واشنتۆن تۆڵە لەدادگاکە دەکاتەوە ئەگەربێتو فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی ئیسرائیل دەربکات.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس ڕایگەیاندوە، بەکرداری خەریکی دەرکردنی یاسایەکن لەئەمریکا سەبارەت بەپرسی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی ئیسرائیلو ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران مایکل مەککۆل کە کۆماریخوازەو خەڵکی ویلایەتی تەکساسە، پێشبینیدەکات، پڕۆژەیاسایەک بۆ سزادانی بەرپرسانی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان دەربچێت.
لەزاری مەککۆلەوە هاتوە، “هیوادارین نەگاتە ئەم ئاستە”.
هەروەک، مایک جۆنسۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕەخنەی لەنیازی گوماناوی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان گرتوە بۆ دەرکردنی"فەرمانی دەستگیرکردن دژی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانو یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگریو هێرزی هالیڤی سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل، بەتاوانى ئەنجامدانی تاوانی جەنگو تاوانی دژی مرۆڤایەتی".
جۆنسۆن لەوبارەیەوە وتویەتی:"ئەمجۆرە کارە نایاساییە لەلایەن دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکانەوە ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا تێکدەدات. هەروەک وتی: “ئەگەر ئیدارەی بایدن تەحەدای نەکات، دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان دەتوانێت دەسەڵاتێکی بێوێنە دروستبکاتو وەریبگرێت بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن دژی سەرکردە سیاسییەکانی ئەمریکاو دیپلۆماتکارانی ئەمریکیو کارمەندانی سەربازی ئەمریکی، بەمەش دەسەڵاتی سەروەری وڵاتەکەمان دەخاتە مەترسییەوە".
هەروەها ڕیچی تۆرێس نوێنەری دیموکرات، دیموکراتێکی سەرسەختی لایەنگری ئیسرائیل، ڕەخنەی لەفەرمانی دەستگیرکردنی گریمانکراوگرتو داوای "دەرئەنجامە توندەکانی هەردوو کۆنگرێسو سەرۆک"ی کردوە.
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی بلومبێرگ ڕۆژی دوشەممە لەزاری کەسانی ئاگادار لەو بابەتە کە ناویان نەهاتوە، ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمریکاو وڵاتانی هاوپەیمان ترسیان هەیە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادگاوە ببێتە هۆی داڕمانی ڕێککەوتنی بارمتە بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیلو بزوتنەوەی حەماس کە بۆ ماوەی 40ڕۆژ شەڕ ڕادەگیرێتو ئەگەری ئازادکردنی هەزاران زیندانی فەڵەستینی هەیە لەبەرامبەر 33 کەسی ڕفێندراودا کە لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە لەغەززە دەستبەسەرکراون.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، وڵاتانی جی 7 هەڵمەتێکی پشت پەردەیان دەستپێکردوە بۆ ئەوەی دادگاکە لەدەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بێهیوا بکات، بەبێئەوەی دیاریکردنی ئەو وڵاتانەی بەشدارن لەو هەوڵانەدا.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بەڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی ڕاگەیاندوە، ئەگەر دادگا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرکردەکانی ئیسرائیل دەربکات، ئەوە دەبێتە هۆی "شەپۆلێکی دژە جولەکەبون لەسەرتاسەری جیهاندا".
هاوکات پێنج بەرپرسی ئیسرائیلیو بیانی، بەڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندوە، پێیانوایە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان بیر لەدەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرکردەکانی حەماسیش دەکاتەوە.
ئەکسیۆس باسی لەوەکردوە، تیمێکی ئیسرائیلی ماوەی چەند هەفتەیەکە کاردەکەن بۆهەوڵدان بۆ ئەوەی دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی نەتوانێت فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی ئیسرائیل دەربکات.
بەرپرسێکی تیمەکە ڕۆژی شەممە ڕاگەیاند، نیگەرانیی هەیە کە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان فەرمانی دەستگیرکردن بەنهێنی دەربکات، هەروەها بەرپرسان تەنها کاتێک گەشت بۆ وڵاتێکی تر دەکەن ئەوکات دەزانن کە لەلایەن دادگاوە داواکراون.
|