جیهان

ئەمریکا ناردنی هاوکاریی سەربازیی بۆ ئیسرائیل ڕاگرت


ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشکردنە سەر شاری رەفەح دەکات. بەو هۆیەوە بەشێک لە ئاوارەکان شوێنەکانیان چۆڵ دەکەن. ئەمریکا دەڵێت، بەهۆی هەڕەشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح، ناردنی بارێک هاوکاریی سەربازی راگرتووە.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا وتی: "ئەندامان وەکو دەزانن لە سەرەتاوە زۆر روون بووین کە نابێت ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی رەفەح بکات بەبێ لەبەرچاوگرتنی هاووڵاتییانی سڤیل و پاراستنیان. دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بڕیارماندا بە راگرتنی بارێکی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل."
 
راگرتنی ئەو هاوکارییە سەربازییە لەکاتێکدایە، لە 7ـی تشرینی یەکەمی رابردووەوە ئەمریکا زیاتر لە 100 بار هاوکاریی سەربازی بۆ سوپای ئیسرائیل ناردووە. 
 
لەبارەی ئەو هەنگاوەی ئەمریکاوە، دانیێل هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لەگەڵ واشنتن ناکۆکییەکانیان لە ژوورە تاریکەکاندا چارەسەر دەکەن. 
 
واشنتن لە ئەگەری پێشڕەویی زیاتری سوپای ئیسرائیل و قوربانیی سڤیلی زۆر، بیری لە هەنگاوی دیکەش کردووەتەوە. 
2024-05-09
زیاتر...