کوردستان

دادگای فیدراڵی گورزێکی کەمەرشکێن لە (هەژماری من) دەدات و جێیناکاتەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ژمارەیەک میدیای هەرێمی کوردستان، هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە دەڵێت؛ چاوەڕوان دەکرێت دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی خۆی سەبارەت بە تەوتینی مووچە لەڕێگەی (هەژماری من)ەوە هەمواربکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە پارێزەرێک زۆر بە توندی لەوبارەیەوە وەڵام دەداتەوە و ئاشکرایدەکات، "هیچ مەرجێکی یاسایی بۆ جێکردنەوەی (هەژماری من) لە تەوتیندا نییە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە".

پارێزەر بەکر حەمەسدیق، پارێزەری سکاڵاکارانی داوای مووچەی فەرمانبەران لە بەردەم دادگای فیدراڵی بە دەنگی ئەمریکا دەڵێت "چ لە یاسای دادبینی شارستانی، چ لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکەشدا وشەیەکمان نیە بەناوی ڕاستکردنەوە بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق".

ئەو پارێزەرە وتیشی "جا حاڵیان ئاوایە بۆیە ڕۆژیان گەیشت بەم حاڵە جوانە کە نەزانن دوو دەستەواژەی یاسایی لێک جیابکەنەوە دەستەواژەی ڕاستکردنەوە بەکاربهێنن بۆ بڕیای دادگای فیدراڵی، لای خۆی ڕاوێژکاری یاساییان هەیە جێی خۆیەتی دەستەواژەکان بۆ حکومەتی هەرێم ڕاستبکەنەوە".
ناوبراو زیاتر روونیکردەوە "ماددەی 45 کە باسی هەموار دەکات، مەرجی داناوە، ئەویش، یەکەم، دەبێت پێویستی دەستوری هەبێت، دووەم، نابێت دەستکاری مافی بەدەستهاتوو بکات، ئەو بڕیارە دۆخێکی یاسایی هێناوەتە پێشەوە کە پێشتر نەبووە، واتە مافی فەرمانبەران کە بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەدەستهاتووە، هەروەها میکانیزمی وەرگرتن و گەیاندنی مافەکەش بە فەرمانبەر، کە هەردووکیان پێشتر نەبووە، بۆیە نابێت ئەو هەمووارە دەستکاری ئەو دوو خاڵە بکات، کە بە بۆچوونی من هەژماری من دەستکاری هەردووکییان دەکات، بۆیە ناکرێت هەموار بکرێتەوە.

بەکر حەمەسدیق ئاشکراشیکرد "من وەک پارێزەری داواکارانی ئەو سکاڵایە تەنها لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە ئەو هەواڵەم بیستووە، ڕۆژانەش وێب سایتی دادگا دەکەمەوە هیچ وادەیەکی دانیشتنی دادگا سەبارەت بە بابەتی بەوجۆرە نەدراوە، بەڵام عادەتەن دەسەڵاتی سیاسی هەرێم ناچێت لەڕووە یاساییەکەوە بکات، ڕێی تێدەچێت چوبێت قسەی لەگەڵ ئەو هێزە سیاسیانە کردبێت کەلە پشت ئەندامانی دادگاوە وەستاون، بەڵام مەرج نییە ئەنجامی هەبێت ئەو هەوڵە".

بە وتەی بەکر حەمە، هیچ مەرجێکی یاسایی بۆ جێکردنەوەی هەژماری من لەتەوتیندا نیە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، چونکە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ڕوونە کە باس لە بانکە فیدراڵییەکان دەکات، باسی هیچ بانکێکی ئەهلی تێدانیە، تەنانەت باسی هیچ بانکێکی هەرێمیشی تێدانیە، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک یەکەم کەس و لایەن کە عەیبدار دەبێت بریتییە لە خودی دادگای فیدراڵی، "چونکە هیچ میسداقیەتی نامێنێ کە بکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسی چەند لایەنێکی سیاسی و هەرێم کۆببنەوە، بڕیاری خۆی بگۆڕێت، وە بڕواناکەم دادگای فیدراڵیش بە ئاسانی ئەوە بکات، شتی وانیە دادگا بەروونکردنەوە بڕیاری خۆی بگۆڕێت، بەڵام ئەوە کفری یاساییە شتی واش نییە.

"سەبارەت بەپاشگەزبونەوەش لە بڕیارەکە کە پەیڕەوی ناوخۆ باسی کردووە، کاتێک دەبێت کە بەرژەوەندی دەستوری هەبێت، ئەرێ بەس پێم بڵێن بەرژەوەندی دەستوری لە هەژماری مندا چییە؟ نابێت شتی واناکرێت". پارێزەر بەکر حەمەسدیق وای وت

دەشڵێت "ئەوەشی بوترێت با هەژماری من و بانکەکانی حکومەتی عێراقیش هەبێ، بکرێتە ئیختیاری بۆ ئەوەی فەرمانبەری هەرێم کامیان هەڵدەبژێرێت، بەڕاستی لە هەرێمی کوردستان شت کە بووە ئیختیاری واتای ئیجباری، واتە شتێکمان نییە بڵێ ئیختیارییە لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە بۆ هاوڵاتییان".

ئ.ز
 
2024-05-02
زیاتر...