هەواڵ

شوێنی كوێخا دێرین عوزێری ئاشكراكرا

نهانیوز- هه‌واڵه‌كان
كوێخا دێرین عوزێری لەڕێی فڕۆكەخانەی بەداوە خۆی گەیاندوەتە بەریتانیاو بەتۆمەتی هاوكاریكردنیشی چەند كەسێك دەستگیركراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی (كەناڵ 8) بڵاویكردوەتەوە " دەزگا ئەمنییەكان لە شاری كەركوك كەسێكیان بەتۆمەتی هاوكاریكردنی دێرین ئەحمەد ناسراو بەكوێخا دێرین عوزێری دەستگیركردوەو دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی بەوەدا ناوە هاوكاری دێرین ئەحمەدی كردووەو سەرەتا بەپیكابێك دێرین ئەحمەدی گەیاندووەتە شاری كەركوك لەوێشەوە بۆ بەغداد".
ئەو كەسەی لە كەركوك دەستگیركراوە بە ماددەی 273 لە یاسای سزادانی عێراقی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت، كە تایبەتە بە داڵدەدانی تۆمەتباران.
ئەوەشی خستوەتەڕوو "دێرین ئەحمەد لەفڕۆكەخانەی نێودەڵەتی بەغدادەوە بەهێڵی ئاسمانی شاهانەی ئەردەنی خۆی گەیاندووەتە وڵاتی بەریتانیا".
بەگوێرەی زانیارییەكان لەپاش هەڵاتنی دێرین ئەحمەد، دەسەڵاتی فڕۆكەوانی سەربازی عێراق دەستیان بەلێكۆڵینەوە كردووە لەو كەسانەی رێگەیان بەگەشتی ئەو تۆمەبارەداوە، لەكاتێكدا داواكراو بووە لەلایەن دادگاوە، فەرمانی دەستگیركردنەكەشی گەشتووە فڕۆكەخانەكە.
لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ ژمارەیەك فەرمانبەر لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادو ئوردن دەستیپێكردوەو چەند كەسێكیش لە فڕۆكەخانە دەستگیركراون.
رۆژی 12ی ئەم مانگە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دەستگیركردنی دێرین ئەحمەد ناسراو بە كوێخا دێرین راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژە بەوەكرابوو، "بەفەرمانی دێرین ئەحمەد ناسراو بەكوێخا دێرین تەقە لە سەرمایەدار ئەحمەد كامیل فەقێ كراوە".
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە،لەپاش دەستگیركردنی تۆمەتباری رووداوەكە دانی بە تاوانەكەی ناوە و ئاماژەی بە هاوبەشێكی دیكەی تاوانەكە كردووە، لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە هەردوو تۆمەتبار پێشمەرگەن لەلای دێرین ئەحمەد و دانیان بەوەدا ناوە، بەفەرمانی ئەو تاوانەكەیان ئەنجامداوە".
شەوی  29 لەسەر 30ی 1ی 2024، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم  یانەی كۆمەڵایەتی سلێمانی، تەقە لە هاوڵاتی ئەحمەد كامیل فەقێ سەرمایەدار كراو بەهۆیەوە برینداركرا، پاش رەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوە بەدواداچوون بۆ رووداوەكە كرا، هەمان رۆژ بەگوێرەی مادەی  405/31ـی یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباری سەرەكی و تەقەكەر ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی دەستگیركرا.
پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیركراوەكە، دانی بەتاوانەكەیدا ناوە و دەركەوت، تۆمەتبارێكی دیكە  بە ناوی  ئومێد كەمال هاوكاری كردووە كە هاوپیشەیەتی و هەردووكیان پێشمەرگەن لەلای دێرین  ئەحمەد و بە بڕیاری ناوبراو تاوانەكەیان ئەنجامداوە.

2024-02-15
زیاتر...