کوردستان

تورکیا بەتەواوی خاکی دهۆک داگیر دەکات و 190 خێزانیش ئاوارە دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

ڕێکخراوی سی پی تی (CPT) ئەمەریکایی رایدەگەیەنێت، هۆشداری دەدەن سەبارەت بە لەدەستدانی %75 خاکی پارێزگای دهۆک و ئاوەرابوونی 190 خێزانی گوندەکانی ئەو پارێزگایە بەهۆی هێرشی تورکیاوە.

کامەران عوسمان، بەرپرسی دێسکی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی CPT ئەمەریکایی لەوبارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "چاوەڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی سوپای سەربازی تورکیا لەسەر چیای گارە بێت، کە درێژی چیاکە 38.9 کیلۆمەترە و ئۆپەراسیۆنەکە بە قولایی زیاتر لە 22 کیلۆمەتر دەبێت لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، ئێمە هۆشداری دەدەین کە لەئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە نزیکەی 39 گوند لە دەوروبەری گارە بەتەواوی چۆڵ ببن، وە 190 خانەوادە کە خێزانی گوندنشین و جووتیارن لە دەوروبەری چیای گارەن بەتەواوی گوندەکانیان چۆڵ بکەن و ئاوارە ببن.

بەرپرسی ڕێکخراوی  CPT ئاشکراشی دەکات "لە ئەگەری گرتنی چیای گارە بە تەواوەتی شیلادزێ و دێرەلوک و ئامێدی بەتەواوەتی ئابلۆقە دەدرێن، وە ئەوە دەبێتەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک دەسەڵاتیان لەو ناوچانە نەمێنێت، بە تەنها لە سەدا 25ی خاکی پارێزگای دهۆک لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا دەمێنیت، ئەوەی تر دەکەوێتە ژێر ڕکێفی سوپای سەربازی تورکیا.

چیای گارا لەلای تورکیا، ناوچەیەکی ستراتیژی بە بەهایەیە، بە شوێنی جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکەدا دادەنرێت و هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

ئەو بەرپرسە نایشارێتەوە کە پلانی هێرشی بەرفراوانتری هەیە لە بەهاری ئەمساڵدا، بیانووی تورکیاش پاراستنی وڵاتەکەی و سنورەکەیەتی لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە وەک مەترسی بۆ ئاسایشی وڵاتەکەی لێیان دەڕوانێت.

سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا وەک ئامادەکاری جەنگ و هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکەی تورکیا لێکدەدرێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا شەوی رابردوو لە بەشێک لە میدیاکان وا بڵاوکرایەوە، کە نزیکەی 100 سەربازی تورکیا هاتوونەتە هەرێم و پێدەچێت تورکیا لەکاتێکی زۆر نزیکدا هێرشەکانی دەست پێبکات.

لەو بارەیەوە کامەران عوسمان رونیشیکردەوە "ئێمە هیچ زانیاریەکمان نییە کە شەوی رابردوو سەرباز هاتبێتە هەرێم، یاخود خاکڕەوی دەستی پێکردبێت، ئێمە ئاگادار نین ئەوەی هەیە پشتڕاستکراوە نییە لەلایەن ئێمەوە".

تورکیا بە فەرمی 64 بارەگای سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە دەکەونە ناوچەکانی سیدەکان لە قەزای سۆران، ئاڤاشین، زاپ و مەتینا لە بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی، حەفتانین و دەرکار حەجەم لە زاخۆ.



بەوتەی بەرپرسی رێکخراوەکە، چاوەڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنی ئەمجارە لەڕێگەی هێرشی فڕۆکە و درۆن و دابەزاندنی سەربازەوە بێت بۆ ئەو ناوچانە.

بەرپرسی ڕێکخراوی  CPT ئاماژەی بەوەشکرد "تورکیا تاکتیکی جیاواز بەکاردەهێنێت، ئەو تاکتیکەی لە مانگی 2ی 2021 دا بەکاریهێنا لە ڕێگەی فڕۆکەوە بوو چەند ڕۆژێک بۆردومانی ناوچەکەی کرد، سەربازی دابەزاند و خۆشیان لە ئاسمانەوە چاودێریان دەکرد بە درۆن، بەڵام تەنها چوار ڕۆژ مانەوە و نەیانتوانی بەردەوام بن، ئێمە چاوەڕوان دەکەین ئەمجارەش لە ئاسمانەوە بۆردومان بکەن و بەهەمان شێوەی 2021.

ناوبراو وتیشی "ئێمە پێمان وایە یەکێک دەبێت لە سەخترین ئۆپەراسیۆنەکان بۆ تورکیا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای ناوچەکەوە، وە گەریلاکانی پەکەکە زیاتر لە 30 ساڵە لەو ناوچەدا شارەزای بەرەنگاربوونەوەی چەکدارین لە ناوچەکەدا.

وێڕای مەترسیەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا، مەترسی چۆڵبوونی گوندەکان و هاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا بە یەکێکی تر لە مەترسیەکان هەژمار دەکرێت و ڕێکخراوەکەش دەڵین ڕاپۆرتی خۆیان بەرامبەر مەترسیەکانی تورکیا داوەتە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و حکومەتی عێراق و هەرێم و ڕایانگەیاند "لە دوو ڕاگەیەندراودا حکومەتی هەرێم و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشمان لەم مەترسیانە ئاگادار کردووەتەوە، ئێستا لە قۆناغی ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەوەداین، تورکیا فشار دەخاتە سەر گوندنشینان، لەڕێگەی تۆپبارانکردنی گوندەکانەوە دەیەوێت گوندنشینان گوندەکانیان بە جێبهێڵن .

تەنها لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا تورکیا 358 هێرش و بۆردومانی کردۆتە سەر هەرێم، هێرشەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی بە پلەی یەکەم، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆپباران و تەقەی ڕاستەوخۆوە بووە، لە ئەنجامی هێرشەکانیش شەش هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.

ئ.ز
 
2024-04-27
زیاتر...