ته‌مه‌نى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیۆن درێژده‌كرێته‌وه
نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان
ئەمڕۆ په‌رله‌مانى عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری دووەم بۆ یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکات و په‌رله‌مانتارێكى كوردیش ده‌ڵێت:"به‌هه‌موو ئه‌گه‌رێك ته‌مه‌نى كۆمسیۆن بۆ شه‌ش مانگى دیكه درێژده‌كرێته‌وه".
كاروان یاروه‌یس په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له په‌رله‌مانى عێراق به نها نیوزى وت:"بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، بڕگەیەک بۆ کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆ زیادکرا، ئەمڕۆ بڕیارە خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری مادەی (7)ی یاسای کۆمیسیۆن بکرێت".
وتیشى:"بە پێی هەموارەکە و به‌هه‌موو ئه‌گه‌رێك تەمەنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران درێژدەکرێتهوه بۆ شەش مانگی تر، ئامانجیش لە هەموارەکە بۆ ئەوەیه گرەنتی یاسایی ئەوە بکرێ، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بتوانێ سەرپەرشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات".
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى یه‌كێتى ئه‌وه‌شى وت:"مەرجی سەرکردە شیعیەکان بۆ سەرۆکی هەرێم ئەوەبوو، هەڵبژاردن دوابخرێ بەو مەرجەی کۆمسیۆنی عێراق ئەنجامی بدات".
به وته‌ى كاروان یاروه‌یس، "یەکێک لە گرفتەکانی پارتی دیمو‌كراتى كوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە، کە لە جیاتی کۆمسیۆنی عێراق لەناوخۆی هەرێمەوە سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکرێت، بۆ تێپەراندنی ئەم هەموارە و پەسەندکردنی خشتەکانی بودجە و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان ئەم وەرزەی یاسادانان درێژبکاتەوە".
|