هەواڵ

قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە پێکھێنانی حکومەت ڕوونکردنەوە دەدات

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

قوباد تاڵەبانی روونکردنەوە لەبارەی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی ھەرێم دەدات و رایدەگەیەنێت، "لەقۆناغی کۆتایی پێکھێنانی حکومەتداین"، ھاوکات جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەسەر دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانیش ھاتەدەنگ.
 
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، لەمیانی ئامادەبوونی لە مەراسیمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری شەھید کارزان و ھاوڕێکانی لەسلێمانی، راگەیاند، پڕۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە دەچێت و لە قۆناغی کۆتایی پێکھێنانی حکومەتداین.

وتیشی:" پێموایە کە حکومەتی داھاتووی ھەرێم پێکھات، دەتوانێت درێژەپێدەری کارەکانی کابینەکانی پێشووتر بێت".

لەبارەی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، رێککەوتن لەنێوان یەکێتی و پارتی و گۆڕاندا ھەیەو پێموایە ھەموو لایەک دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی.

ھەروەھا سەبارەت بە پرسی دواکەوتنی دابەشکردنی موچی فەرمانبەران و ناردنی پارەی موچە لە بەغداوە، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەکرد، ھیچ شتێکیان نەبیستووە لە بەغداوە لەسەر ئەوەی کە کێشە ھەبێت لە ناردنی پارەی موچەی فەرمانبەران.

ھاوکات سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ھەردوو وەزارەتی پیشمەرگەو بەرگری عیراقیش، قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد "ھەردوو وەزارەتەکە لە پەیوەندیدان و چەند لیژنەیەک لەنێوانیاندا پێکھێنراوە بۆ ئەوەی ھەماھەنگی ئەمنی ھەبێت و لێتێگەیشتنی باشیش ھەیە".


2019-04-17
زیاتر...