هەواڵ

وتەبێژی پارتی: سەرۆکایەتی ھەرێم بە ھەمان دەسەڵاتەکانی ڕابردووی کارا دەکرێتەوە

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، لە ئێستادا دەیانەوێت سەرۆکی ھەرێم ھەڵبژێردرێت، دواتر لە کاتی نووسینەوەی دەستووردا لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا گفتوگۆ لە بارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٤/٣/٢٠١٩ مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندووە، "ئەوەی لە ئێستادا دەیانەوێت کاری لەسەر بکەن کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و دیاریکردنی سەرۆکی ھەرێم و ناوھێنان و راسپاردنی سەرۆکی کابینەی نۆیەمە، تا حکومەت پێکبھێنێت".

ڕاشیگەیاندووە، "سەرۆکایەتیی ھەرێم کارا دەکرێتەوە و دواتر لە کاتی نووسینەوەی دەستووردا لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا گفتوگۆ لە بارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم دەکەن".

ئەمە لە کاتێکدایە لە پێشووتردا بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە مەرجێکی ڕێکەوتنیان لەگەڵ پارتی ھەموار کردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێمە، بەشێوەیەک دەسەڵاتەکانی سەرۆک تەشریفاتی بێت، بەڵام بەپێی وتەکانی مەحمود محەمەد، سەرۆکایەتی ھەرێم بە ھەمان دەسەڵاتەکانی پێشووییەوە کارا دەکرێتەوە.

لە بارەی دواین کۆبونەوەشیان لەگەڵ یەکێتی، وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕاشکاوانە قسەیان کردووە و یەکێتیش پێویستی بەوە بووە، کە بڕۆنەوە و لەسەر ئەو پێشنیاز و بۆچوونانەی لە نێوان ھەردولا ھەبووە لە ناوخۆی خۆیاندا کۆببنەوە.

جێی ئاماژەیە، رۆژی سێشەممە ١٢/٣/٢٠١٩ پارتی و یەکێتی سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێم لە ھەولیر کۆبوونەوە، بەڵام کۆبونەوەکە بەبێ ھیچ ئەنجام و ڕێککەوتنێکی نێوانیان کۆتایی ھات. 

2019-03-14
زیاتر...