کوردستان

مەترسییەکی گەورە لەسەر عێراق ئاشکرا بوو؛ پێگەی کوردستانیش دەشکێنێت

نها نیوز - هەواڵەکان

عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەبارەی عێراقەوە مەترسییەکی گەورە ئاشکرا دەکات کە دەدات لە پێگەی هەرێم و لاوازی دەکات و دەڵێت "چەند ئامادەبوونی ئەمەریکا کاڵ ببێتەوە لە عێراقدا، ئەوەندە پێگەی هەرێمی کوردستان لاوازتر دەبێت لە عێراق".

 عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەبارەی عێراق و هەرێم لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند "چەند ئامادەبوونی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا کاڵ ببێتەوە لە عێراقدا، ئەوەندە پێگەی هەرێمی کوردستان لاوازتر دەبێت لە عێراق و، ئامادەییان زیاتر بێت لە عێراق ئەوا پێگەی هەرێمی کوردستان لە وڵاتەکە بەهێزتر دەبێت.

عادل باخەوان ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر ئەمەریکا کەمترین ئامادەیی هەبێت ئەوا حکومی میلیشیاکان لە عێراق بەهێزتر دەبێت، ئەگەریش زۆرترین ئامادەیی هەبێت حکوم و دەسەڵاتی میلیشیاکان لاواز دەبن.

باخەوانی وتیشی "پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە، بۆیە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانیشدایە کە سەردانەکەی سوودانی سەرکەوتوو بێت.

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە راشیگەیاند "یەکەم ئامانجی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا ئەوەیە کە دەیەوێت پاڵپشتی ئەمەریکای هەبێت بۆ ئەوەی لە چوار ساڵی داهاتوو دووبارە ببێتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمەریکاش دەیەوێت رێککەوتنێکی دوو قۆڵی لەگەڵ سوودانی واژۆ بکات، رێککەوتنەکە گشتگیرە و هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، بەتایبەت دەبێت رێککەوتنەکە گرێنتی بەردەوامی هەژموونی ئەمەریکا لە عێراق بکات.

ناوبراو ئەوەشی خستە روو، هیچ کەسێک بەبێ رەزامەندی ئەمەریکا و ئێران ناتوانێت ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، باخەوانی دەڵێت "سوودانی خزمەتی ستراتیژییەتی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، لە هەمان کاتدا ئەمەریکاش دەیەوێت بەکارت بهێنێت بۆ ئەوەی خزمەتی خۆێ پێبکات.

ئ.ز
 
2024-04-15
زیاتر...