کوردستان

زانیاریى زۆر هەستیار ئاشكراده‌كرێت .. بزانه‌ بۆردومانه‌كه‌ى چه‌مچه‌ماڵ له‌ كوێوه‌ ئه‌نجامدراوه‌


نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

به‌گوێره‌ى میدیاى نزیك له‌پارتى كه‌ پشتى به‌زانیارییە سەربازیی‌و ئەمنییەکان به‌ستوه‌ باس له‌وه‌ده‌كات، کێڵگەی غازی کۆرمۆر لەناوخۆی عێراقەوە بۆمبارانکراوە، بەتایبەتی ناوچەی بۆشایی ئەمنیی نێوان هەرێم‌و عێراق لەسەڵاحەدین‌و دیالە.

باس له‌وه‌كراوه‌، ناوچەکانی بۆشایی ئەمنیی نێوان هەرێم‌و عێراق بوەتە سەرچاوەیەکی بەردەوامی سەرئێشەو گرفت بۆ هەرێم، چونکە مۆڵگەی چەندین گروپی چەکداریی جۆراوجۆره‌ کە هەریەکەیان سەر بەڕەوت‌و کەسایەتییەکی دیاریکراون.

 سەرچاوە سەربازیی‌و ئەمنییەکان پشتڕاستیدەکەنەوە، کێڵگەی غازی کۆرمۆر لەناو خاکی عێراقەوە بۆردومانکراوە، گومانەکانش بەو ئاراستەیەن ئەو گروپەی بۆمبارانەکەی کردوە، سودی لەبۆشایی ئەمنیی نێوان هەرێم‌و عێراق وەرگرتوە، بەتایبەتی پشتێنەی سەڵاحەدین بۆ دیالە؛ چونکه‌ ئەو درۆنەی 26ی ئەم مانگە کێڵگەی غازی کۆرمۆری پێ بۆمبارانکرا لەباشوری کێڵگەکەوە هاوێژراوە، واتە ناوچەی بۆشایی ئەمنی.

به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، چەند گروپێکی چەکدار کە سەر بەحەشدی شەعبین‌و موچەو چەک لەوانەوە وەردەگرن لەناوچەی بۆشایی ئەمنیی نێوان هەرێم‌و عێراق باڵادەستن، لەوانەش: کەتیبەکانی بەدر بەسەرکردایەتیی هادی عامری، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کەتیبەکانی عەسائیب ئەهل حەقی قەیس خەزعەلی، ئەوە لەگەڵ حەشدی تورکمانی کە خۆیان بەبەشێک لەحەشدی شەعبی دەزانن‌و لەناوچە تورکمانەکانی وەک ئامرلی، بەشێکی دوزو خواروی کەرکوک چالاکن، هەندێکجاریش کەتیبەکانی سەرایا سەلام دێنە خواروی کەرکوک‌و ناوچەکانی دیالە، هاوکات لەناوچەکانی چیای حەمرین‌و ناوچەکانی ڕۆژئاوای دیالە شانەکانی داعشیش هەن‌و ناو بەناو گورز دەوەشێنن.

میدیاى پارتى باسى له‌وه‌شكردوه‌، هەرچەندە لە 2017وە بڕیاری دروستکردنی لیوای 20ی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقدا درا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لەنێوان هەرێم‌و عێراقدا هەن، لەلیوای 20دا نزیکەی سێ هەزار پێشمەرگە جێگەیان کراوەتەوە، بەڵام حکومەتی عێراق تائێستا ڕێگەی نەداوە لیوای 20ی هاوبەش موچەیان بۆ ببەسترێت‌و دەستبەکاربن، تا ناوچەی بۆشایی ئەمنی کۆنترۆڵبکەن‌و کۆتایی بەو هەڕەشانە بێت لەو ناوچەیەوە لەسەر هەرێم‌و عێراقیش دروستدەکرێن.

کاتژمێر نزیكه‌ى حه‌وتى شه‌وى هه‌ینى به‌درۆی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆرو زانیارییه‌ فه‌رمیه‌كانیش ده‌ڵێن، چوار كرێكارى به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك یه‌مه‌نى گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، باس له‌وه‌ده‌كرێت، ئه‌و درۆنه‌ى هێرشه‌كه‌ى پێ ئه‌نجامدراوه‌، دروستكراوى ئێرانه‌و له‌لایه‌ن میلیشیاكانى عێراقه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێت.
2024-04-28
زیاتر...