کوردستان

هەرێم لەسەر بودجە سکاڵا لە دژی سەرۆکی دادگای فیدراڵیی تۆمار دەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

پارێزەرێکی کورد سکاڵا لە لە دژی دادوەر جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی داگای باڵای فیدراڵی عێراق تۆمار کرد و رایگەیاند "هۆکاری سکاڵاکە بەهۆی "نادەستووریبوون"ی دوو مادە لە پەیڕەوی نێوخۆی دادگەی باڵای فیدراڵی، یەکێک لە مادەکان پەیوەندیی بە یاسای بودجەوە هەیە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە پارێزەر ئازاد دۆسکی لە دژی"نادەستووریبوون"ـی دوو ماددە لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای فیدراڵی، سکاڵای لەسەر دادوەر جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگاکە تۆمارکرد، سکاڵاکە لەو ماددانە کراوە کە پەیوەندییان بە یاسای بودجە و شیکردنەوەی دەستوورەوە هەیە.
 
ناوبراو ئاشکراشی دەکات "سکاڵاکەم وەرگیراوە، ژمارە 122ـی فیدراڵیی هەیە، دەبێت پێڕاگەیاندن بۆ لایەنەکانی سکاڵاکە بڕوات و دواتر رۆژی دادبینییەکە دیاری دەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو پارێزەرە، سکاڵاکە لەسەر مادەکانی 22 و 24ـی پەیڕەوی ناوخۆی دادگەکە تۆمارکراوە و دەڵێت "داوام کرد هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق مافی ئەوەیان هەبێت تانە لە دەقەکانی یاسای بودجە بدەن، یان داوای شیکردنەوەی دەقەکانی دەستوور بکەن، کە ئەم دوو مافە ئێستا بۆ چەند دەسەڵاتێک قەتیسکراوە، لەکاتێکدا هاوڵاتی خۆی یاساداڕێژەرە و مافی ئەوەی هەیە ئەو کارانە بکات".
 
بەپێی مادەی 22ـی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی ئەو لایەنانەی دەتوانن تانە لە دەستوور نەبوونی یاسای بودجە یان هەر دەقێکی بدەن، سنووردارکراوە بەسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان و سەرۆکایەتی وەزیرانی هەرێم و لایەنە ناپەیوەستەکان بە وەزارەت و پارێزگارەکان.
 
هەرچی مادەی 24ـی پەیڕەوەکەیە باسی داواکردنی شیکردنەوەی دەقەکانی دەستوور لە دادگا دەکات و لەو لایەنانە سنووردارکراوە کە لەسەرەوەدا ئاماژەیان بۆکراوە.
 
ئ.ز 
 
2024-04-28
زیاتر...