کوردستان

ئەمریکا لە بارەی هەژماری من هۆشداریی دەداتە حکومەتی هەرێم


وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تیمی پڕۆژەی "هەژماری من"یان وتووە، "ئەگەر دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی بانکە حکومییە عێراقییەکانەوە بێت، ناتوانن چیدی پارەی هاوکاریی مانگانەی پێشمەرگە بنێرن."
 
ئەمریکا مانگانە 15 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاری و بۆ مووچەی پێشمەرگە دەنێرێت، پێشتر ئەو بڕە مانگانە 25 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەمریکا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەم ساڵەوە بڕی هاوکارییەکانی کەمکردەوە.
 
تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هۆکاری ئەوەی ئەمریکا لەڕێگەی ئەو بانکانەوە هاوکاریی پێشمەرگە ناکات، ئەوەیە کە چەند بانکێکی عێراقی لە لیستی رەشی ئەمریکان، دۆلاریان پێنادرێت و پێویستیان بەوەیە چوار بۆ پێنج ساڵ کار بکەن تاوەکو بتوانن لە لیستی رەشی ئەمریکا بێنە دەرەوە و دۆلاریان پێبدرێت."
 
وەک تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" دەڵێت "هەر مووچەخۆرێکیش لەڕێگەی ئەو بانکانەوە هەژماری بانکی بکاتەوە، دواتر ناتوانێت لە دەرەوەی وڵات دۆلار لە هەژمارەکەی رابکێشێت و ناشتوانێت دۆلار حەواڵە بکات."
2024-04-29
زیاتر...