کوردستان

وه‌زیرێكى كورد باسى حه‌ڵاڵ و حه‌رام له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كات

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

وه‌زیرێكى حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌رى هه‌رێم ڕه‌خنه‌ له‌ په‌یامێكدا بۆ به‌غدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دەبێت دادگای فیدراڵی دادپەروەرانە بێت‌ و بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی ئەو نوێنەرانەی کە کورسیی کۆتای مەسیحی‌ و ئێزدی‌ و فەیلی‌ و شەبەکیان بەدەستەوەیە لە پەرلەمانی عێراق‌ و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا.

ئانۆ جه‌وهه‌ر وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له‌ نوسینێكدا له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ فه‌یسبوك نوسیویه‌تى، "ئەگەر دادگای فیدڕاڵی بڕوای وابوو کە کورسیی كۆتاکان، بۆ مەسیحی‌ و تورکمان نادەستورییە لە پەرلەمانی کوردستان‌ و هەربۆیەش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەرکرد؟ ئەی بۆچی ئەندامێتیی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق‌ و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقتان هەڵنەوەشاندەوە کە بە گوێره‌ى سیسته‌می کۆتا لە عێراقدا هەڵبژێردران؟".

ئه‌و وه‌زیره‌ى حكومه‌تى هه‌رێم باسى له‌وه‌شكردوه‌، "کەواتە بۆ ئەوەی دادگا تۆمەتبار نەکرێت بەپەیڕەوکردنی سیاسەتی دوو فاقی، دەبێت دادگای فیدراڵی دادپەروەرانە بێت‌ و بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی ئەو نوێنەرانەی کە کورسیی کۆتای مەسیحی‌ و ئێزدی‌ و فەیلی‌ و شەبەکیان بەدەستەوەیە لە پەرلەمانی عێراق‌ و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، ماقول نییە کۆتا لە بەغدا حەڵاڵکراو بێت‌و لەهەولێریش حەرام بکرێت".

ئانۆ جه‌وهه‌ر نوسیویه‌تى:"ماقول نییە کۆتا لە په‌رله‌مانى عێراق‌ و ئەنجومەنی پارێزگاکان دەستوری بێت‌ و لە پەرلەمانی کوردستانیش نادەستوری بێت، بەوپێیەی دەستور تەنها یەکە! لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوردا هیچ بژارکردنێک نییە، دەبێت هەمومان یەکسان بین، وەک خەڵکی ئەم وڵاتە ئەگەر کۆتا لە هەولێر هەڵبوەشێندرێتەوە، دەبێت لە بەغداش هەڵبوەشێنرێتەوە، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر وەک خۆی لە بەغدا بمێنێتەوە، دەبێت له‌ هه‌ولێریش هەروەک خۆی بمێنێتەوه‌".

له‌ كۆتایی نوسینه‌كه‌یدا ئانۆ جه‌وهه‌ر جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "دادپەروەری بەهێزترین بناغەو فەزیڵەتی دەسەڵاتەو لە گەڵ دادپەروەریدا ڕەعیەتەکان چاکسازی دەکرێن‌ و نیعمەتەکان چەند هێندە دەبن، بۆیە بەدادپەروەری حوکم دەکەیت".
2024-04-28
زیاتر...