کوردستان

هێرشێكى قورس ده‌كرێته‌ سه‌ر پارتى

نها نیوز ـ هەواڵەكان

جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) هێرشێكی قورس دەكاتە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕایدەگەیەنێت: پارتیی نوقمی بەرژەوەندیی ئابووریی و ڕانت و تاڵان و بەرتیل و گەندەڵی بووە، دەشڵێت:"دەكرێت كێشە لە نێوان پارتی و پەكەكەدا هەبێت‌و دەشكرێت كێشە لە نێوان زۆربەی ڕێكخستن و لایەنەكاندا هەبێت، بەڵام دەشكرێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، نەك خیانەتكردن و پشتبەستن بە دوژمنانی كورد بەچارەسەر بزانرێت".

جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە وتارێكدا نووسیویەتی: دەكرێت كێشە لە نێوان پارتی و پەكەكەدا هەبێت‌و دەشكرێت كێشە لە نێوان زۆربەی ڕێكخستن و لایەنەكاندا هەبێت، ئەمانە شتێكی ئاسایین، بەڵام چارەسەركردنی ئەم كێشانە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە شتێكە، پشتبەستنی خیانەتكارانە بە دوژمنی كورد، بەتایبەت دوژمنێكی داگیركەری فراوانخواز و جینۆسایدكاری وەك دەوڵەتی توركیا شتێكی دیكەیە، پەكەكە هیچ كاتێك لە دژی نرخ و بەهاكانی گەلی كورد، لە دژی هیچ پارت و لایەنێكی سیاسی كورد پشتی بە هیج دەوڵەتێك نەبەستووە و شەڕ و دوژمنایەتییەكی وەهای لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نەكردووە.

ئەوەشی باسكردووە: هەموو ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی، لە سەروی هەمووشیانەوە ئاپۆ (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بە دوور لە ژیانی ماددی و زیهنییەتی دەسەڵاتخوازی، بە "تیكە نانێك و كراسێكەوە"، ژیانێكی دەروێشانە دەژین، هەموو ساتەكانی ژیانیان بۆ خزمەتی گەلەكەیان تەرخانكردووە و لە دەرەوەی ئەوەش هیچ لێگەڕین و هەوڵدانێكیان بۆ ژیانی شەخسی خۆیان نییە، بەداخەوە پارتی دیموكراتی كوردستانیش نوقمی بەرژەوەندی ئابووری و ڕانت و تاڵان و بەرتیل و گەندەڵی بووە، هەربۆیە دوژمنایەتی پەكەكە دەكات و بە هاوكاریی و پشتیوانی دەوڵەتی توركیا، هێرشی سەر پەكەكە دەكات.

دەشڵێت: دەوڵەتی ئاكەپە-مەهەپە هەرگیز دەستی لە پلانی جینۆسایدی كورد هەڵنەگرتووە، ئێستاش تووشی گرێی عوسمانیچێتی بووەتەوە، فراوانخوازە و ئەردۆغان خۆی وەكو خەلیفەی پێنجەمی عوسمانی دەبینێت. نەفەسی وایە، هەربۆیە هۆشداریدەدات كە هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا لە داهاتوودا زیاد دەبن.

وەكو جەمیل بایك نووسیویەتی: دەوڵەتی  توركیا دەیەوێت بە واژۆكردنی چەندین ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق، ئەم دەوڵەتە بكاتە هاوبەشی شەڕ لە دژی پەكەكە، بۆ ئەمەش پێویستە عێراق بەم پیلانە هەڵنەخەڵەتێت و نەكەوێتە ناو گەمەیەكی وەها چەپەڵەوە، ئەگینا دەكەوێتە خزمەت ڕەوایەتیدان بە هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی توركیاوە و شەرەف و حەیسیەتی عێراق گورزێكی گەورەی لێدەكەوێت،  پێویستە دەوڵەتی عێراق ئاگاداربێت و نەبێتە ئامرازێك بۆ پیلانەكانی دەوڵەتی توركیا.

جەمیل بایك ڕایدەگەیەنێت كە " پەكەكە هیچ كاتێك زەرەری لە بەرژەوەندییەكانی عێراق نەداوە، بەردەوام سیاسەتی دۆستایەتی و بەرژەوەندی هاوبەشی بە بنەما وەرگرتووە، بەڵام،  وا دیاردەبێت كە هەندێك لە چاوپێكەوتنەكانی دەوڵەتی جینۆسایدكاری توركیا لە گەڵ دەوڵەتی عێراق ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پەكەكەوە هەیە، بە تایبەت، ئەگەر ئەو بڕیارەی كە وابانگەشە دەكرێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەبارەت بە پەكەكە گرتوویەتی ڕاست بێت، ئەوا ئەو بڕیارە چەندە زەرەر لە پەكەكە دەدات، ئەوەندەش زەرەر لە بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتی عێراق دەدات”.

جەمیل بایك هێرشدەكاتەوەسەر پارتی و جەختدەكاتەوە: هەموو گەلی كورد ئیدی ئەو ڕاستییە دەزانن كە پارتی وەك هاوبەشێكی دەوڵەتی داگیركەر و جینۆسایدكاری توركیا، ڕێگەیەكی زۆر خراپ و نەگریسی گرتۆتەبەر، پێویستە پارتی هەرچی زووترە لەم ڕێگەیە بگەڕێتەوە و  پاشگەزبێتەوە، پێویستە پارتی بە شێوازێكی گێرەشێوێنانە بیرۆكراسی و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی دەوڵەتی عێراق بۆ دژایەتی پەكەكە بەكار نەهێنێت و هەوڵ بۆ ئەوەنەدات كە لەسەر ناوی عێراق بڕیار لە دژی پەكەكە وەربگیرێت.

بەبۆچوونی بایك، پارتی وەها هەڵسوكەوت دەكات وەك بڵێی لەم بوارەدا ئەرك و بەرپرسیارێتییەكی تایبەتی گرتبێتە ئەستۆ، هێشتاش بەشێوەیەكی زۆر بەدشووم و نەگریسانە بیرۆكە و پێشنیار پێشكەشی دەوڵەتی توركیا دەكات كە ئەم دەوڵەتە چۆن بتوانێت داواكارییەكانی بە سەر دەوڵەتی عێراقدا بسەپێنێت و وای لێبكات كە لە دژی پەكەكە هەڵوێست وەربگرێت و شەڕ بكات.

سەبارەت بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ڕۆڵی ئەو حزبە، بەرپرسە باڵاكەی قەندیل نوسیوویەتی: پارتی ئەو ڕاوێژ و بیرۆكەیە دەدات بە توركیا كە ئەگەر یەكێتی بەشدارنەبێت، شەڕ لە دژی پەكەكە ئەنجامێكی ئەووتۆی نابێت و بەمشێوەیە دەوڵەتی توركیا هاندەدات لە زەخت و گوشار بخاتەسەر یەكێتی، ئەمە سەرباری ئەوەی پارتی بووەتە پێشقەراوڵ و كەواسووری پێش سوپای توركیا و هەموو جۆرە زانیارییەكی هەواڵگری و ئیمكانیاتی لۆجیستیكی پێشكەشدەكات، وەكو ئاسانكارییەك بۆ توركیا لە دژی گەریلا، ئێستا پارتی خەریكە ڕێگەو سەربازگە بۆ سوپای توركیا دروستدەكات، لە هەر شوێنێك كە بزانێت ڕێگەی هاتوچۆی گەریلایە بۆسە دادەنێت و بەمجۆرە هەوڵدەدات ئاستەنگی دروستبكات بۆ ئەوەی كە گەریلا نەتوانێت پێویستی لۆجیستیكی و چەك و جەبەخانە بۆ خۆی دابین بكات.

زانیاریەكی مەترسیداری ئاشكراكردووە و ڕایدەگەیەنێت: پارتی لە پێناو پاراستنی بنكە و بارەگا و سەربازەكانی توركیا، هەركاتێك پێویست بكات جلی پێشمەرگە دەكاتە بەر سەربازی توركیا و هەركاتێكیش پێویستی كرد جلی سوپا دەكاتە بەر پێشمەرگە، واتە، پارتی بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشداریی ئەم شەڕەیە، ئەوەی كە پارتی لە دژی شەڕ دەكات، كەسێك نییە جگە لە گەریلا، جگە لە هەپەگە و یەژەئا ستار (YJA-Star)، واتە كچ و كوڕی لاوی كورد كە بۆ پاراستنی نیشتمان دەجەنگن.

ن.هـ
2024-04-15
زیاتر...