کوردستان

بافڵ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە

نها نیوز- هەواڵەکان

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مۆسکە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکی یەکێتی، لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکران و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و رووسیا کرایەوە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا.

سەبارەت بە هێرشەکەی هەفتەی رابردووی مۆسکۆ کە خەڵکی مەدەنیی کردە قوربانی، بافڵ تاڵەبانی پرسە و هاوخەمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە گەل و وڵاتی رووسیا و جەختی لە پتەوکردنی هەوڵە جیهانییەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی، هەماهەنگیی نێوان وڵاتان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و لەناوبردنی پاشماوەکانی تیرۆر کە تاوەکو ئێستاش هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات.

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی هەڵوەستەی لەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان کرد و ستراتیژیی یەکێتی خستەڕوو، هەروەها جەختی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان کردەوە بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و وتی، پێویستە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و وڵاتەکەمان نەبێتە جێگەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان.

لەبەرامبەردا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا پابەندبوونی رووسیای بە ئاشتیی درێژخایەن لە ناوچەکە دووپاتکردەوە لە رێگەی سیاسەتی دەستوەرنەدان لە کاروبار و سەروەرییەکانی عیراق، هاوکات هەردوولا پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ئاشتییان لە عیراق و ناوچەکە دووپاتکردەوە.


2024-03-28
زیاتر...