راپۆرت

یەكێتی و پارتی و یەكگرتوو سێ داواكراویان لە بەغداد هەیە

ئاژانسی نها: راپۆڕت

لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و هاتنی هێزەكانی حەشد بۆ ئەو ناوچانە زۆرێك لە بەرپرسە كوردەكان كەركوكیان جێهێشت و لەلایەن دادگاكانی بەغدادەوە فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچوو.

هیچ ئیرادەیەك نییە بۆ گەڕانەوەی نەجمەدین كەریم بۆ ناو یەكێتی

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بارەی گەڕانەوەی نەجمەدین كەریم بۆ ناو یەكێتی دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ ئیرادەیەک نەبووە بۆ گەڕانەوەی دکتۆر نەجمەدین کەریم بۆ ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی نە لای ئەو و نە لای یەکێتیش".

عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی بە ئاژانسی نها-ی ڕاگەیاند " تاوەکو ئێستا هیچ ئیرادەیەک نەبووە بۆ گەڕانەوەی دکتۆر نەجمەدین کەریم بۆ ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی نە لای ئەو و نە لای یەکێتیش، ئەوەش بەهۆی ئەوەی جیاوازی بیروبۆچوون هەیە لە نێوان ئەندامانی ناوخۆی یەکێتی و دکتۆر نەجمەدینیش".

وتیشی " هەرکاتێک ئیردایەک هەبێت و دکتۆر نەجمەدین بیەوێت دەکرێت بە گفتوگۆکردن بگەڕێتەوە ناو یەکێتی، بەرهەم ساڵح حزبیشی دامەزراند و بەڵام دواتر گەڕایەوە ناو یەکێتی، ئەو ڕووداوانە لە ناو یەکێتی یەکەمجار نیە و دەکرێت دکتۆر نەجمەدینیش بگەڕێتەوە". 

سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش عەدنان موفتی ئاماژەی بەوەدا " ئەو پرسەش پێویستی بە ڕێکەوتن و گفتوگۆکردنە، بەڵام ڕەتیکردەوە پرسێکی قورس بێت".


ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر نەجمەدین كەریم لە پشكی یەكێتی پارێزگاری كەركوك بوو.

 یەكگرتوو پشتی رێبوار تاڵەبانی بەرنەداوە



سەركردایەتیەكی یەكگرتوو باس لەوە دەكات، هەر لە سەرەتای پرسی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڕێبوار تاڵەبانی بەیاننامەمان دەرکرد بۆ پاڵپشتی لە ڕێبوار تاڵەبانی و ئەو کەیسە بە هەموو شێوەیەک بە کەیسێکی سیاسی دەزانین و خۆشیان هەڵوێستی یەکگرتوویان بەرز نرخاندووە".

یەحیا ڕیشاوی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی بە ئاژانسی نها-ی ڕاگەیاند " هەر لە سەرەتای پرسی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڕێبوار تاڵەبانی بەیاننامەمان دەرکرد بۆ پاڵپشتی لە ڕێبوار تاڵەبانی و ئەو کەیسە بە هەموو شێوەیەک بە کەیسێکی سیاسی دەزانین و خۆشیان هەڵوێستی یەکگرتوویان بەرز نرخاندووە".


سەبارەت بە دوورخستنەوەی ڕێبوار تاڵەبانی و دانانی یەکێکی دیکە لە شوێنەکەی ئاماژەی بەوەدا " ئیمە وەک یەکگرتوو بەشداریمان لە هەردوو کۆبوونەوەی ڕابردووی حزبە کوردستانیەکان کرد لە کەرکوک و لە هەولێریش واتە هەڵوێستی ئێمە هەمووی بەو ئاڕاستەیە کە لایەنە کوردیەکاجۆرێک لە ڕێکەوتنیان هەبێت و ئەوەی لە کەرکوکدا هەیە تەنها بەوە چارەسەر دەبێت لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و ڕێکبکەون لەسەر ئەوەی چی لە بەرژەوەندی خەڵکی کەرکوکە بڕیار لەوە بدەن، بەڵام هیچ شتیک ناڵێین تاوەکو لایەنە سیاسیەکان کۆنەبنەوە، هەرکات کۆبوونەوە کرا ئەوکات هەڵوێستی خۆمان دەڵێن سەبارەت بە دورخستنەوەی ڕێبوار تاڵەبانی یاخود نا".


سەبارەت بە نەجمەدین کەریم و عەمید سەرحەد قادر کە دوو بەرپرسی دیکەن و لە کەرکوکدا نەماون وتی " ئێمە بە گشتی قسە لەسەر بابەتەکان دەکەین کەرکوک ئەوە هەلناگرێ کە ئەم لایەنە سیاسیانە ئەم شەڕ و ململانێ سیاسیەی لەسەر دەکەن کەرکوک پێویستی بەسەرکردنەوەی زیاتر هەیە پێویستە لایەنە سیاسیەکان پێکەوە دانیشن و ئەو کێشانەی بەرۆکی هەموو کەرکوکیەکانی گرتووە و پرسی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا و بەرپرسە ئەمنیەکانیش چارەسەر بکەن چونکە کێشەکە لەسەر یەک کەسایەتی نیە و باسی یەک کەس نیە تاوەکو کۆی کێشەکە بکرێتە قوربانی کەسێکی دیاریکراو".


 عەمید سەرحەد كەسێكی دڵسۆزبووە بۆ كەركوكیەكان و كەس نەیتوانیووە مەلەفێكی بۆ دروستبكات

سەركردایەتیەكی پارتی باس لەوە دەكات، تاوەکو ئێستا هیج کەس نەیتوانیوە مەلەفیش بۆ عەمید سەرحەد دروستبکات و ئەو ئێستا لەسەر کارەکەی نەماوە وەک هەموو ئەندامانی پارتی و کورد لە کەرکوک".


نوری حەمە عەلی ئەندامی سەکردایەتی پارتی بە ئاژانسی نها-ی ڕاگەیاند " فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو بەرپرسانەی پێشتر لە کەرکوکدا بوون تەنها بۆ دژایەتیکردنی کورد و ئەو کەسایەتیانەیەو هەڵبەستراوە، چەند ساڵێك پێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر چەند بەرپرسێکی وەک ( نەجمەدین کەریم و ڕێبوار تاڵەبانی و عەمید سەرحەد قادر) لە کەرکوکدا بوون و خزمەتیان کردووە بێ ئەوەی هیچ کەس باسی گەندەڵی ئەم کەسانە بکات، کەواتە ئێستا خێرە لە پاش ساڵێک نەمانیان لەو شارە مەلەفی گەندەلی بۆ ئەم کەسانە دروستدەکرێت و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەچێت".

سەبارەت بە باس نەکردی عەمید سەرحەد قادر لە لایەن پارتیەوە ئاماژەی بەوەدا " تاوەکو ئێستا هیج کەس نەیتوانیوە مەلەفیش بۆ عەمید سەرحەد دروستبکات و ئەو ئێستا لەسەر کارەکەی نەماوە وەک هەموو ئەندامانی پارتی و کورد لە کەرکوک".

جەختیشیکردەوە " ئەو سێ کەسە کەسی دڵسۆز و ئیشکەرن و قوربانیان داوە و هەمووکات دەور و کاریگەری نەجمەدین کەریم دیاربووە لە کەرکوکدا، هەروەها ڕێبوار تاڵەبانی بێ جیاوازی لە نێوان لایەنەکاندا خزمەتی کردووە، هەروەها عەمید سەرحەد قادر بە شەو و بە ڕۆژ خزمەتیکردووە و ڕاکە ڕاکی کردووە و بە دوای تیرۆرستان و دوژمنان هەموو هاوڵاتیاندا لەو پێناوەدا برای شەهید بووە و خۆی بریندار بووە، ئەوکات بۆ عەمید سەرحەد پیاویکی دڵسۆز و قارەمان بوو بەڵام ئێستا بووە بە کەسێکی گەندەڵ".

سەبارەت بە گەڕانەوەی عەمید سەرحەدیش بۆ پۆستەکەی لە داهاتوودا وتی " بەرپرسیاریەتی و پۆست تاسەر بۆ هیچ کەسێک نامێنێت، ئەوکات قۆناغی گەڕانەوە بۆ کەرکوک دەیزانێت کە دەگەڕێتەوە بۆ پۆستەکەی یاخود نا".


2019-01-08
زیاتر...
123
Copyright © All rights reserved.