راپۆرت

پارتی و راكان جبوری لە 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەنیازی چین؟

نها نیوز - راپۆرت

‎پارتی هێشتا شۆكی دانانی پارێزگاری كەركوك بەری نەداوە و لەگەڵ راكان جبووری، لە 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەنیازی پیلان و كەتنێكن دژی كەركوكییەكان و سكاڵایەكیان تۆمار كردووە داوای دورخستنەوەی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك دەكەن.

‎دانیشتنەكە لە 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت و پارتی و راكان جبووری پێكەوە بەنیازی خیانەتێكی ترن هاوشێوەی ئەوەی لە 2017روویدا، ئەمجارە لەداواكەیان داوا دەكەن پارێزگار  لەپۆستەكەی لاببرێت.

‎لەدوای ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە پارتی بەردەوام گرفتی بۆ كەركوكییەكان دروستكردووە لەگەڕانەوەی ئەندامانی ئەنجومەن بگرە تا دانەنانی پارێزگارێكی كورد بۆشارەكە و راكان جبووری قوتكردەوە تا ئەو پۆستە نەدرێتە یەكێتی، لەولاشەوە هەمیشە ئیدیعای ئەوەی دەكرد، كەركوك داگیركراوە و پارێزگارەكەی سەپێندراوە، بۆیە ناگەڕێتەوە شارەكە.

‎كەچی دوای دانانی رێبوار تەها بەپارێزگاری شارەكە ئێستا رێگە نەماوە نەیگرێتەبەر لەگەڵ پارێزگارە سەپێندراوەكەی پێشوو تاوەكو ئەم پارێزگارە كوردە كەبووەتە ئومێدی هاوڵاتییانی شارەكە لەوپۆستە دووربخاتەوە.

‎لەنوێترین پیلانی ئەو حزبە بەپێی بەڵگەنامەیەك كە دەستی من كەوتووە، حەسەن مەجید رەشید و شۆخان حەسیب ،ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەلیستی پارتی سكاڵایەكیان بەژمارە 4828/ق/2024  لەدادگای  كارگێڕی ئیداری لەبەغدا تۆماركردووە و داوای دوورخستنەوەی پارێزگاری كەركوك دەكات.

‎لە سكاڵاكەیاندا دەڵێن، دانیشتنی رۆژی 10/8/2024ی هۆتێل رەشید كە تیایدا پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن و جێگری پارێزگا هەڵبژێردران نایاسایی بووە و پێچەوانەی ماددەی 7ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2008ی  ئەنجومەنی پارێزگاكانە.

‎هەروەها لەسكاڵاكەی ئەو ئەندامانەی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، هاتووە هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگەرەكەی بەبێ ئاگاداركردنەوەی ئەندامەكان پێچەوانەی ماددەكانی 7،26،27ی  پارێزگاكانە.

‎تەعنەكانی ماددەكانی 26و 27 تایبە مەرسومییە كۆمارییەكەی سەرۆك كۆمار و لەرێگەی ئەو سكاڵایەوە دەیانەوێت ئەو دادگایە بڕیارەكانی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا لە هۆتێل رەشید هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە ئەو ئەندامانە دەڵێن وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە دادگاكەتان دەكەین سەرلەبەری بڕیار و مەحزەرەكانی كۆبوونەوەی هۆتێل رەشید هەڵبوەشێنرێتەوە.

‎دانیشتنەكە بڕیارە 16ی ئەم مانگە كاتژمێر نۆی بەیانی ئەنجام بدرێت، و پارتی خیانەتێكی تر هاوشێوەی ئەوەی پێشوو بەسەر كەركوك دووبارە بكاتەوە لەگەڵ راكان جبووری دۆستی لەمێژینەی، بەڵام ئەمجارەش دۆڕانێكی تری ئەوحزبە لەو رۆژەدا چاوەڕێیان دەكات.

ئامادەكردنی/ ئاوات خەیروڵڵا

 
2024-10-09
زیاتر...
123