راپۆرت

وادەی هەڵگیرسانی جەنگ لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێت

نها نیوز – راپۆرت

لەدوای کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە، وردە وردە ئەگەری فراوانبوونی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشبینی دەکرێت، بەگوێرەی بەدواداچونەکانی نها نیوز بە پشتبەست بەوتەی شارەزایانی ئەم راپۆرتە. ئەگەر هەیە دوای لوبنان جەنگەکە بگاتە عێراق و بەهۆی دروستبوونی شەڕیش لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا یاخود تاران لەگەڵ ئەمریکادا، بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ و لە ساڵی 2025 هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لە جەنگەکە.

جەنگی ئیسرائیل چۆن دروستبوو؟

رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردەسەر شاری عەسقەلانی ئیسرائیل بە ئامانجی ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانیکراوی بزووتنەوەکە لەو وڵاتە، بەڵام بەهۆی هەڵەیەکی خۆیان هێرشەکەیان شکستیهێنا و لەبری ئامانجە سەرەکییەکە، ئاراستەیان بۆسەر کۆمەڵگەیەکی جوونشینی نزیک شوێنەکە گۆڕی.

رۆژی 1ی نیسانی 2024، ئیسرائیل لەهێرشە بەردەوامەکانیدا لەرێگای فڕۆکەوە بەشێکی کونسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بۆردومانکرد و تەختی زەویکرد. بەگوێرەی ئامارێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەو هێرشەدا 16 کەس کوژران و لەو ژمارەیەش هەشت فەرماندەی پاسدارانی تێدابوو کە دیاریترینیان "محەمەد رەزا زاهیدی، سەرکردە لە فەیلەقی قودس" بوو.

ئێران لەبەرامبەر ئەو هێرشەی ئیسرائیلدا، کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی شەممە لەسەر بەرواری 13ی نیسانی 2024، بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر بە 330 درۆن و مووشەک هێرشیکردەسەر تەلئەبیب، بەڵام ئەوان لە%99ی درۆن و مووشەکەکانی تێکشکاند.

جێی سەرنجە، کاتێک بەرەبەیانی رۆژی 31ی تەمموزی 2024 ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا، بەگوێرەی سەرچاوەکانی میدیای رۆژئاوا؛ ئێران پاشەکشەی کرد لەهێرشکردنەسەر ئیسرائیل لە کاردانەوەی کوشتنی ناوبراو لە تاران بەهۆی ترسی لە کاردانەوەی توندی ئەمریکا.

بەڵام ئەوەی ئێرانی دووبارە توڕەکردەوە، هێرشە لەناکاوەکەی رۆژی دووشەممەی بەرواری 23ـی ئەیلولی 2024 بوو کە ئیسرائیل بەچڕی هێرشیکردە سەر لوبنان کە بەدیاریکراوی 200 هێرشبوو. دواتر ئێوارەی رۆژی هەینی بەرواری 27ی ئەیلولی 2024، لە هێرشێکی دیکەیدا کۆبوونەوەیەکی حزبوڵڵای لوبنانی بەسەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵڵا کردە ئامانج.

هاوکات رۆژی شەممە 28ی ئەیلولی 2024، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداریی گشتیی حزبوڵڵای لوبنان و چەندین فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو حزبەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی رۆژی هەینی بەرواری 27ی هەمان مانگ، بۆسەر باشووری بەیروت راگەیاند.

لە وەڵامدا ئێران رۆژی هەینی 1ی تشرینی یەکەمی 2024، بە دەیان مووشەکی جۆری بالیستی هێرشیکردەسەر ئیسرائیل، لە ئەنجامی ئەو هێرشەش سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، کە دەیان مووشەكیان گرتووەتە ئیسرائیل و ئەوەش لە تۆڵەی خوێنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی پێشووی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس كەلە خاكی ئێراندا كوژرا و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان و عەباس نیلفوروشانی، جێگرى فەرماندەى ئۆپراسیۆنەکانى سوپاى پاسداران كە لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا كوژرا.

نەخشەکەی دەستی ناتەنیاهۆ بە واتای چی هات؟

لەوبارەیەوە د. مەهدی ئەبوبەکر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوز دەڵێت "ئەو نەخشەیەی بەدەست ناتەنیاهۆوە بوو ئەوە دیاریکردنی شوێنی ئەو گروپانە بوو کە لایەنگری ئێران بوون، واتە شوێنکەوتەی سیاسەتەکانی ئێرانن یاخود خۆیان بە بەرەی بەرەنگاری (میحور المقاومة) دەناسێنن لە یەمەن و لوبنان و سوریا لەگەڵ عێراق، ئەو نەخشەیە واتە دوژمنانی ئیسرائیل تیایدا خۆیان حەشارداوە".

نیازی ئیسرائیل لە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە؟

لایخۆیەوە ئەحمەد میرە، مامۆستای زانکۆ بە نها نیوز رادەگەیەنێت "بێگومان ئەو شەڕە سەربازییە گەورەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگیرساوە، دەتوانین بڵێین جەنگێکە لەنێوان ئیسرائیل و هیلالی شیعی، واتە لەکوێ شیعە مەزهەبەکان باڵادەست بن ئەم جەنگە بەئاشکرا دەیگرێتەوە و دەکەوێتە نێوان نەخشەی سەربازی و ئەجندای سەربازی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی".

وەکو ئەحمەد میرە دەڵێت، پێگەی حزبی حزبوڵڵا و پێگەی سەربازی حەماس لە ئوردون ئامانجی لەپێشینەی ئیسرائیل دەبێت، دوای ئەوانیش دیمەشق و بەغدا سەرەی دێت، ئەو پێشیوایە هەر کاتێک ئیسرائیل "تەسفیەی حسابی" خۆی لەگەڵ وڵاتان دراوسێی کرد، یەکێک لەو شوێنانەی کە ئامانجی سەربازیان دەبێت پێش هەموو شوێنێک بەغدا دەبێت، چونکە "نەخشەی هیلالی شیعە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن لەگەڵ ئێران و بەشێک لە وڵاتی وەکو بەحرەین خۆی دەبینێتەوە".

میرە وتیشی "دوای ئەو وڵاتانە ئامانجەکە بەتایبەتی هێزە چەکدارەکانی بەناو مقاوەمەیە لە عێراقدا، بەتایبەتی ئەوانەی لەبەرگری بەرەی ئێرانەوە نزیکن و بەشدارییان کردووە لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، وە بارەگای سەرەکی ئەمانەش لە عێراقدا بەهێز بووە، بۆیە بە ئامانجگرتنیان شتێکی حەتمیە و بەهیچ جۆرێکیش ناتوانین خۆمان لەم جەنگە گەورەدا بگرین بەتایبەت سیاسییە شیعەکانی عێراق لە ئاستێکی لاوازدان و لە ئاستێکی هەڵەشەییدان، وە هیچ بەرنامەیەکیان نییە تەنها بەو ئاماژانە دەجوڵێن کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە ئاراستە دەکرێت".

بەڵام د، مەهدی ئەبوبەکر رایەکی جیاوازتری هەیە و رونیکردەوە "ئەگەر باسلەوە بکەین ئەم جەنگە عێراق دەگرێتەوە؟ کەواتە پێش ئەوە دەبێت باسلەوە بکەین کە ئایا رووبەڕووبونەوەی راستەقینەی سەربازی لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا روودەدات؟ ئەگەر وەڵامەکەمان بەڵێ بێت کەواتە دەبێت پرسیارەکەمان بەشێوەیەکی دیکە دابڕێژینەوە و بڵێین ئایا شەڕ لەنێوان ئێران و ئەمریکادا روودەدات؟ چونکە ناکرێت شەڕێک لەنێوان ئیسرائیل و ئێران رووبدات و ئەمریکا تیایدا بینەر بێت".

"ئێران دەیەوێت تاران لە جەنگەکە نەگلێنێت و کارەکە بە عێراق بکات"

بەپێی وتەی ئەحمەد میرە بێت، ئێران دەیەوێت خەڵکەکەی و تاران لە جەنگەکەوە نەگلێنێت، بەڵام ئەو جەنگەی کە هەر خۆی بەرپایکردووە، بەوتەی میرە "لەرێگەی ئەو هێزانەوە جێبەجێی دەکات کەبە وەکالەت شەڕی بۆ دەکات لەوانە عێراقە".

لەلایەکی دیکەشەوە د. سەگڤان سلێمان، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق قوڵی مەترسیەکەی زیاتر ئاشکراکرد و لە لێدوانێکیدا بە نها نیوزی راگەیاند "بەدڵنیاییەوە مەترسی ئەو جەنگە زۆرە، چونکە ئەو شەڕەیە بەوجۆرەیە بمێنێت زیاد دەکات و وڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە، هەوڵدەدرێت ئەو شەڕەیە بوەستێنرێت بەتایبەتی لوبنان".

گۆمەکە شڵەقاوە و کەی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە عێراق و هەرێم؟


لەوبارەیەوە سەگڤان سلێمان ئاشکرای دەکات "ئەگەر شەڕەکە بەو جۆرەیە بەردەوام بێت، بەڵێ جەنگ بۆ عێراق نزیکە، بەڵام ئەم جەنگەیە کوردستان ناگرێتەوە و تەنیا کاریگەری خۆی دەبێت".

بەڵام ئەحمەد میرە وادەی تێوەگلانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئەگەر بێتو جەنگەکە لەئاستی نێودەوڵەتیدا نەوەستێرێت، پێش سەری ساڵ عێراق دەبێت بە یەکێک لە ئامانجەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل بەتایبەت بەغدا و ئەو ناوچانەی مقاوەمەی نزیک لە ئێرانەوە تیایدا بەهێزە".

د. مەهدی ئەبوبەکر، مامۆستای زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی سلێمانی باس لەسیاستەکانی ناتەنیاهۆ دەکات کە دەیەوێت هێندە جەنگەکە فراوان بکاتەوە شەڕ لەنێوان ئێران و ئەمریکادا دروست بکات، سەبارەت بە عێراق و هەرێمی کوردستانیش وتی "ئەگەر شەڕ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل دروستبوو بەدڵنیاییەوە عێراقیش دەگلێنێتە ئەو شەڕەوە و کوردستانیشی لێبێبەش نابێت و بەشێکی دەکەوێتە ناو ئاگر و ئاسنی ئەو شەڕەوە، وە رەنگە هەموو کوردستانیش بگرێتەوە".

ئەو شارەزایی سیاسیە هیوایەک دەخاتە روو، و دەڵێت "ئایا ئەو نیازەی ناتەنیاهۆ دێتە دی لەکاتێکدا ئەمریکا لە وەرزی هەڵبژاردنەدایە و دەچێتە نێو ئەو شەڕەوە؟ دەبێت چاوەڕێ بکەین، بەڕای من لە ئێستادا قورسە بڵێین شەڕەکە عێراق دەگرێتەوە، رەنگە هەندێک بارەگای سەربازی حەشدی شەعبی بکرێنە ئامانج، بەڵام وەکو ئەو شەڕە بەرفراوانەی باشوری بەیروت هەیە، ئەگەری هەیە بەئاسانی روونەدات!".

ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت، شەڕ دەگاتە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر

ئەحمەد میرە لە درێژەی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ پەیامنێری نها نیوز و لە پێناسەی هێزی سەربازی و ئەمنی کوردستاندا ئاماژە بەوە دەکات کە قەوارەی هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی دامەزراوی سەربازی بەهێز و ئەمنی نییە، ئەو وتیشی "پڕچەککردنی پێشمەرگەش لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بەتایبەتی لەرووی چەک و پێداویستییە سەربازییەکانەوە، سوننەکانی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و ئیدارەی دەوڵەتی لە ناوەند نیگەران کردووە".

ناوبراو زیاتری خستە روو، و وتی "واتە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران وەکو عێراق خۆی بۆ جەنگێکی پێشبینیکراوی مەترسیدار ئامادە دەکات، ئەوە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئەوەی دواجار هەرێمی کوردستان راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەرێگای درۆن و تۆپی دوور هاوێژ و چالاکی ئەمنی لەنێو جەنگەکەدایە".

"بۆیە قسەکردن لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لەم جەنگەدا دوور دەبێت، تێگەیشتنێکی ناعەقڵانەی نا سەربازی و نا ئەمنیانەیە. چونکە دواجار ئەمە جەنگ نییە لەنێوان دوو وڵاتدا، بەڵکو جەنگە لەنێوان دوو بەرەدا، کەواتە هەریەک لەم بەرانە هێزی سیاسی دەوڵەتی گەورە قەوارەی سیاسییان لەگەڵدایە، بەداخەوە هەرێمی کوردستان بەسەر هەردوو جەمسەرەکەدا دابەشبووە، ئەم دابەشبوونەش کاریگەری گەورەی لەسەر ئایندەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەبێت" ئەحمەد میرە وای وت 

راشیگەیاند "دەتوانم ئەو پەیامە بڵێم رەنگە مەترسی ئیسرائیل بۆسەر هەرێم کەمتر بێت لە مەترسی ئێران بۆسەر هەرێم، واتە ئێران دەیەوێت شەڕ بە هەرێمی کوردستان بگێڕێت بەتایبەتی بەبیانووی دامەزراوە و بوونی هێزی ئیسرائیلی، واتە مەترسی هەرێم لەرووی سەربازی و ئەمنییەوە زۆرتر لە ئێرانەوە نزیکە، بەڵام هیوادارم ئەو رێککەوتنە زارەکییەی نێوان سەرۆکی نوێی ئێران (مەسعود پزیشکیان) و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ببێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی هەرێم".

سەبارەت بەوەی ئایا ئەگەری هەیە جەنگ بگاتە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر؟ ئەحمەد میرە ئاشکرایکرد "پرسیارێکی ئاڵۆزە، بەپێی ئەجندای ئەمنی و سەربازی دەوڵەتەکان دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەی، بەبۆچوونی من هیچ ناوچەیەک پارێزراو نابێت، رەنگە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک بەر هەڕەشەی سوپای ئیسرائیل بکەوێت وە بەپێچەوانەوە بەر هەڕەشەی سوپای ئێران بکەوێت".

ناوبراو وتیشی "لەم بابەتەدا خاکی کوردستان زەرمەند دەبێت و خەڵکەکەی و هێزەکان و ئایندەی سیاسیمان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، هیوادارین ئەو جەنگەیە روونەدات، وەک دەوترێت لەهەموو بارودۆخێکدا لەئانی سەرکەوتنی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەشێک لە کوردستان زەرەرمەند دەبێت وە لەئانی سەرکەوتنی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی بەشێکیتر لە هەرێمی کوردستان زەرەرمەند دەبێت، وە دواجار کورد وەکو نەتەوە کوردستان وەکو خاک قەوارەی دەستوری هەرێم زیانی گەورەی بەردەکەوێت".

ئامادەکردنی/ ئیمان زەندی




2024-10-08
زیاتر...
123