راپۆرت

یەکێتی و پارتی پێشبینیی خۆیان بۆ کورسییەکانیان دەخەنە روو

راپۆرت

بڕیارە رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بۆ وردبوونەوە لە پێشهاتەکانی دوای ئەنجامدانی پڕۆسەکە و کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکان، نها نیوز رای سەرکردایەتیی یەکێتی و پارتی و شارەزایان وەردەگرێت، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانیش، پێشهاتی مەترسیدار لەلایەک و مژدانەی حزبەکان لەلایەکی دیکەوە چاوساغی داهاتووی کوردستان دەبن، هاوکات ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراقیش نهێنی دەدرکێنێت و دەڵێت، پەرلەمانی دوای هەڵبژاردن "ئیفلیجتر" دەبێت.

دوای پێنج مەرسوم لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە رۆژی هەڵبژاردن دیاریکرا
 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشتر چوارجار مەرسومی هەرێمی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەركردووە و کۆتا مەرسوومیش پێنجەمە و رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بڕیارە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، هەرچەندە دیاریکردنی کۆتا مەرسوم گرژی دروستکرد تا بەجۆرێک كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نوسراوێکدا داوایکرد رۆژی 5ـی ئەیلولی 2024 هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

رۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان واژۆكرد و لە مەرسومی پێنجەم بڕیاریدا کە هەڵبژاردنەکە رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، ئەمەش لەکاتێکدابوو کە پێشتر چوارجار هەڵبژاردنەکە دواخرابوو.
   
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێنج جار مه‌رسومی هه‌رێمی بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ركردووه‌ و له‌رۆژنامه‌ی وه‌قایعدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ بریتین له‌....

1. مه‌رسومی رۆژی 24ی شوباتی 2022 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 1ی تشرینی یه‌كه‌می 2022.

2. مه‌رسومی رۆژی 26ی مانگی ئازاری 2023، بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 18ی تشرینی دووه‌می 2023.

3. مه‌رسومی رۆژی 3ی مانگی ئابی 2023 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 25ی شوباتی 2024.

4. مه‌رسومی رۆژی 3ی ئازاری 2024 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 10ی حوزه‌یرانی 2024.

5. مەرسومی پێنجەم لە رۆژی 26ی حوزەیرانی 2024 بۆ سازدانی هەڵبژاردن لە رۆژی 20ی تشیرینی یەکەمی 2024. 

دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان ئێستا بووەتە بابەتێکی باو و لای هاوڵاتییان نامۆ نییە، بەڵام حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی پێیانوایە، مەرسومی ئەمجارە کە لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە بۆ کۆمسیۆن نێردراوە، بەتەواوی جێبەجێدەکرێت و لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن دەکرێت.

ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن بۆ جارێکیتر، تا چەند ئەگەرێکی بەهێزە؟
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، لە لێدوانێکیدا بۆ نها نیوز، لەبارەی ئەگەری دووبارە دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، دڵنیاییدا کە هەڵبژاردن دواناخرێت و وتی "بێگومان هەڵبژاردن دەکرێت، چۆن ناکرێت؟".

لەلایەکی دیکەشەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لەوە دەکات، هەر لە زووەوە ئامادەبوون بۆ هەڵبژاردن و هەرگیز لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نەبوون.

لەوبارەیەوە لوقمان وەردی ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی رانیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەختی لە قسەی حزبەکەی کردەوە و رایگەیاند "ئێمە ساز و ئامادەین و ئامادەکاریی تەواومان کردووە، هیچ هۆکارێک، پاساوێک، بیانویەک و بەهانەیەک نابینینەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن".

ناوبراو لە وتەکانیدا رووی قسەکانی کردە ئەو حزبانەی ویستی دواخستنی هەڵبژاردنیان هەبووە و وتی "ئەگەر هێزێکی سیاسیی دیاریکراویش بیەوێت ماستاو و بەهانە بهێنێتەوە، نابێت رێگەی پێبدرێت لەژێر هیچ پاساوێک هەڵبژاردن دوابخرێت، هەڵبژاردن لای یەکێتی لەو وادەیە دەکرێت. هیچ ئەگەرێک لای ئێمە نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن".

نها نیوز بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەمبارەیەوە، پەیوەندیی بە د. سەعید کاکەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیاران و هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە کرد. ناوبراو دڵنیایی تەواوی نەدا کە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا دەکرێت و وتی "بەپێی پێداویستییە تەکنیکی، هونەری و لۆجیستییەکانی کۆمسیۆن، جارێکی دیکە ئەو وادەیە دووبارە نابێتەوە، واتە لەکاتی خۆیدا دەکرێت، بەڵام ئێمە لە ناوچەیەکداین، بوارە سیاسی، ئەمنی و سەربازییەکە لە گۆڕانکاریدایە، ئەم بارودۆخە ئەگەری هەیە ببێتە هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردنەکە، بەڵام ئەگەرەکە لاوازە".

یەکێتی ناڕازییە و پارتی ئومێدی بە کابینەی دەیەم هەیە

لوقمان وەردی ئەوەی ئاشکراکرد، حزبەکەی لەو شێوازە حوکمڕانییەی ئێستای هەرێمی کوردستان هەیە ناڕازییە و لە ئاستی خواست و داواکاریی ئەوان نییە، ئەوەشی نەشاردەوە "ئێمە پێمان وایە لە ساڵانی رابردوودا حکومڕانییەکی تەندروست لە کوردستان بەڕێوەنەچووە، بۆیە تاکە دەرچە بۆ رزگاربوونمان لەم دۆخە و هێنانەکایەی هەلومەرجی باشتر و ژیانی شایستەتر بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ڕێگەی هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدانە".

هاوکات سووربوونی حزبەکەشی لەسەر گۆڕینی نەخشەی سیاسیی هەرێم دووپاتکردەوە و وتی "رێڕەوی حکومڕانی بە ئاراستەیەک راستبکرێتەوە، کە چیتر سەرکێشی بە ماف و داوا و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان نەکرێت و دامودەزگا حکومییەکان هی خەڵکی بن نەک حزب، وە پایتەختی سیاسی هەرێم کە هەولێرە دەبێت پایتەختی هەموو کوردستان و حزبە سیاسیەکان بێت".

لەلایەکی دیکەشەوە، ئاری هەرسین ئومێدی بە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم هەیە و بە نهای وت "وەکو چۆن کابینەی نۆیەم کابینەی چاکسازی بووە، ئەو چاکسازییە لە کابینەی دەیەمیشدا هەر وادەبێت".

حزبە کوردییەکان چی دەڵێن لەسەر ئاکامی هەڵبژاردن؟

ئەوەی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەمیشە جێی تێبینی و هەڵوێستە لەسەرکردن بووە، خودی هەڵبژاردنەکە نەبووە، بەڵکو ئاکام و گۆڕانکارییەکانی پاش هەڵبژاردن بووە.

یەکێتی بە ئاکامەکانی هەڵبژاردن گەشبینە؛ لوقمان وەردی دەڵێت "ئێمە پێمان وایە بەم هەڵبژاردنە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی متمانە بەخشینیان بە یەکێتی؛ کە تاکە هێزین ئومێدی خەڵک بین، پێمان وایە لە داهاتوودا پشتیوان بەخودا لە ئاست داوا و داخوازیی خەڵکی کوردستان ببێت".

ئەو دڵنیاییشی دا کە "ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکات و حکومڕانییەکی تەندروست بونیات دەنێین".

لەلایەکی دیکەشەوە، ئاری هەرسین باس لەوە دەکات، تا هەڵبژاردن نەکرێت، نازانن ئاکامەکەی چی دەبێت. ئەو بە نها نیوزی وت "دۆخی دوای هەڵبژاردن لە هەموو پرۆسێسێکی هەڵبژاردن لە هەموو جیهان، هەڵبژاردنەکە دەیزانێت، ئێستا بۆ نمونە بۆچی کەس ناتوانێت لەپێش هەڵبژاردن من حکومەتێک دروستدەکەم لەگەڵ فڵان لایەن، چونکە تۆ نازانیت دەرئەنجامەکە چی دەبێت".

راشیگەیاند "ئەو قسانە کاتێک دەکرێت کە هەڵبژاردنەکە کرابێت، دەرئەنجامەکە لەلایەن کۆمسیۆنەوە تەسدیق کرابێت، راگەیەندابێت، ئیتر ئەوکاتەیە هاوپەیمانی دروستدەبێت، حکومەت تەشکیل دەبێت، هەمیشە بەو شێوەیە".

ویستمان زیاتر لەبارەی ئاکام و دۆخی دوای هەڵبژاردن، کەسانی شارەزا بدوێنین، بۆیە هەمان پرسیارمان لە د. سەعید کاکەیی کرد و ئەویش پێی راگەیاندین "لەو بڕوایەدا نییم ئاکاری هەڵبژاردنەکان ببێتە هۆکار بۆ گۆڕانکاریی ناوچە دابڕێندراوەکان، وە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەیوەست و پابەندە بە هەرێمی کوردستانەوە، هەڵبژاردنەکە گۆڕانکاری دەبێت، ئەم گۆڕانکارییەش لە بەرژەوەندیی هەندێک لایەنی تەقلیدی، فراوانخواز و پاوانخواز".

حزبەکان ئومێدیان هەیە کە رێژەی کورسییەکانیان بەرزببێتەوە

د. سەعید کاکەیی لەو بارەیەوە پێشبینیی کەمبوونەوەی کورسییەکانی پارتی دەکات و پێی وایە، ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاری روودەدات و بە وتەی ناوبراو، "ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە مایەی ئەوەی کە رازی نەبن بە ئاکامەکان ببرێتە دۆخێکەوە کە لایەنی کەم سێ تا چوار مانگ ئاکامەکان یەکلا نەبێتەوە، واتە پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی دێنێت، لە سەرەتاوە پێش ئەوەی هەڵبژاردن رابگەیەندرێت، بەو لاف و گەزاسە بە حوکمی ئەوەی 15 کورسیی کۆتاکان هەبوو، توانیی ئەو کورسییانە زامن بکات، بەڵام ئێستاکە من لەو باوەڕەدا نیم لە 35 کورسی زیاتر بهێنێت لە باشترین حاڵەتدا".

وتیشی "ئەمەش خۆی لەخۆیدا بیانوو دەداتە دەست پارتی، کە رازی نەبێت بە ئاکامەکان، کورسییەکانی کەم دەبێتەوە، دوو لەبەر ئەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران داوەرێکی بەڕێزە و کاتی خۆی لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کاندید کراوە، بەڵام لە هەموو ئاکامەکاندا گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندیی گشتیدایە".

"خۆی موعادەلەیەک هەیە بەردەوام لە کلتوری سیاسەتی کوردیدا باوە، وەکو جەماوەریش وەکو دەنگدەر وابەستەی ئەم موعادەلەیەن، موعادەلەکەش بریتییە لە (کێ؟ چیی پێدەکرێت؟ کەی؟ چۆن؟ بۆ؟)، کێ واتە چ لایەنێک چی پێدەکرێت وەکو هێز و پارە چۆن دەتوانن دەنگدەر بکڕن چۆن دەتوانن فشار بخەنەسەر دەنگدەر بۆ ئەوەی دەنگیان پێبدات، ئەو دوو لایەنەی کە دەتوانن ئەمە بکەن یەکێتی و پارتییە، بەحوکمی ئەو هێزەی کە هەیانە، ئەو پارە سیاسییەی کە لە بەردەستیانە، دەتوانن کاریگەری بخەنەسەر شێوازی دەنگدان، بەڵام لەولاشەوە ئەوانەی لەناو حکومەتدا بوونە و لەئێستاشدا لەناو حکومەتدا هەن، ئەمانە دەیانەوێت خۆیان دووبارە بکەنەوە، وەکو مەنتقی سیاسی رەوایە خۆیان دووبارە بکەنەوە، بەڵام ئایا گەل ئەوەی خزمەتگوزاریی پێناگات، ئازاری چەشتووە، ئەوەی کە ستەمی لێکراوە، دەنگ بەمانە دەدەن؟". د. سەعید کاکەیی وای وت.

بەڵام، ئاری هەرسین پێچەوانەی ئەم قسەیەی بۆ نها کرد و متمانەی بە حزبەکەی خۆیەتی. ئەو دەڵێت "ئەگەر ئێمە زیاتر لەوەی ئێستا هەمانە نەیهێنین، بەقەد ئێستای خۆمان دەهێنین، هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین زیاتر بهێنین".

لەلایەکی دیکەوە، یەکێتیش بڕوای تەواوی بە خۆیەتی و لەوبارەیەوە لوقمان وەردی ئاشکرایکرد "بەپێی پێشبینیی ئێمە، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ژمارەی کورسییەکانی زیاد دەکات، بەو ئاراستەیەی کە نەخشەی سیاسی و رێڕەوی حکومڕانی راست بکرێتەوە و نەخشەی سیاسیی هەرێمیش بگۆڕدرێت".

د. سەعید کاکەیییش پێیوایە، یەکێتی کورسییەکانی ئەگەر زیاد نەکات، کەم ناکات، نها نیوز پرسیاری هۆکارەکەی کرد، ئەویش پێی وتین "چونکە گۆڕانکاری لەناو یەکێتی بووە و گۆڕانکارییەکان بەرچاو و مەلموسن، کۆمەڵێک پڕۆپارتی لەناو یەکێتیدا هەبوو ئەمڕۆ لەناو یەکێتیدا نین، کۆمەڵێک دزو جەردە لەناو یەکێتیدا بوون، ئەمڕۆ لەناویدا نین، کۆمەڵێک هەلپەرست لەناو گۆڕاندا بوون ئەمڕۆ لەناویدا نین، پێم وانییە گۆڕان کورسییەکانی بەرز بکاتەوە، لێرەدا بێژنگێک دروست بووە".

ئەو وتیشی "ئەوەی لە ئێرانەوە ماددەی هۆشبەری بە هەرێمی کوردستان دەناردە شوێنەکانی تر، ئەمڕۆ لەناو یەکێتیدا نەماوە، ئەوەی ئاڵتوونی تاڵان دەکرد، ئەمڕۆکە لەناو یەکێتیدا نەماوە، ئەوەی هەڵبژاردنەکانی 2018 و دوای ئەوەشی تەزویر دەکرد، ئەمڕۆ لەناو یەکێتیدا نەماوە"، راشیگەیاند "ئەوەی دژایەتیی رۆژئاوای دەکرد، ئەمڕۆ لەناو پارتیدا ماوە، ئەوەی چاوساغیی داگیرکاریی تورکیا دەکات، ئەمڕۆ لەناو پارتیدا ماوە، ئەوەی گۆڕانی تەسلیمی پارتی کرد، لەناو گۆڕاندا ماوە، دەبێت ئەم خوێندنەوانە بوونی هەبێت لای دەنگدەر".

کورسییەکانی نەوەی نوێ، ئیسلامییەکان و حزبە نوێیەکان چۆن دەبن؟

د. سەعید کاکەیی، ئەندامەکەی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیاران و هەڵبژاردنەکانی عێراق پێیوایە "ئەگەر ئێستا کورسییەکانیان بپارێزن شتێکی باش دەبێت، بەڵام دڵنیام لەوەی کە ناتوانن کورسییەکانی خۆیان بپارێزن، چونکە من شەقامی سیاسیی هەرێمم دابەشکردووەتە سەر سێ گروپ، گروپی خراپەکاری، گروپی خراپتر لە خراپەکاری و گروپی سامناک، تۆ لەوە بترسە دەسەڵاتی بەدەستەوە نییە و لەئێستاوە سزای ناڕازییەکان دەدات و دەرگای میدیاکانی داخستووە بەرووی ناڕازییەکان، کە نەوەی نوێیە".

لەبارەی حزبە نوێیەکانەوە دەڵێت "من ئومێدم بە کاندیدە سەربەخۆکان بەستووە، لەسەر نیوەی کاندیدەکانی هەڵوێست بەستووە و لەسەر نیوەی کاندیدەکانی گۆڕان بەستووە، ئەوانەی دیکە بەلامەوە تەقلیدین و دەموچاوی دووبارەن".

د. سەعید کاکەیی ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە دەنگدەر بتوانێت بە پێنج پێوەر خەڵکە باشەکانی حزبەکان دەستنیشان بکات، لێی بپرسێت چی لەبارەی دەستور و وردەکارییەکانی دەستور و چی لەبارەی هەڵبژاردن یاساکانی هەڵبژاردن و ژیانی پەرلەمانتاری دەزانیت، یاخود تەوەری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی".

خولی شەشەمی هەڵبژاردن پەرلەمانەکەی "ئیفلیجتر" دەبێت لە خولەکانی دیکە

هاوڵاتییانی هەرێم بەگشتی گلەیی ئەوەیان هەیە، کە کارەکانی پێنج خولەکەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، وەکو پێویست نەبوون و لەئاست خواست و داواکارییەکانیان نەبوون و داواکارییە حزبییەکان، زیاتر کۆنترۆڵی پەرلەمانتارەکانیان کردووە وەک لە داواکاری و پێویستییەکانی هاوڵاتییان.

لەمبارەیەوە د. سەعید کاکەیی وتی "لە هەموو جیهاندا بەو جۆرەیە وا پیادە دەکرێت، سەرکردەی پلە یەک و پلە دوو هەیە کاتێک بەشداری نەکەن لە هەڵبژاردنێکدا، هەر کاندیدێکی تر لە پلەکانی خوارەوە بێت، خۆی کاندید بکاتەوە، هەڵبەتە گوێڕایەڵی پلە یەک و پلە دوو دەبێت، کەواتە ئەم گوێڕایەڵکارییە خۆی لەخۆیدا پێمان دەڵێت دۆخی پەلەرمانی داهاتوو پەرلەمانێکی وابەستەی حزبی دەبێت".

"پەرلەمانێک کادرەکانی لە ئاستی پێداویستیی یاساداناندا نابن، بەڵکو گوێڕایەڵی بەرپرسە حزبییەکانی کادری یەک و دوو دەبن بەتایبەت کادری یەکەم، بۆیە من هیوایەکی وا هەڵناچنم بەوەی پەرلەمانی داهاتوو لە پەرلەمانی پێشووتر باشتر بێت، یاخود لە خولی پەرلەمانەکانی دیکە باشتر بێت، ئەمانە وابەستەی دەسەڵات دەبن". د. سەعید کاکەیی وای وت.

ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیاران و هەڵبژاردنەکانی عێراق باس لەوەش دەکات "ئەگەر بڕوانیتە هەر هەموو حزبەکان و هاوپەیمانەکان و ئەوانەی سەرۆکی حزبەکانن، دەبینیت زۆربەیان خۆیان کاندید نەکردووە، کەواتە ئەم کادرە بڕیار بەدەستی یەکەمن، دوای ئەمانەش کادری پلە دوو دێت کە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حزبەکانی یەکێتی و پارتییە، گۆڕانە، نەوەی نوێیە و بەرەی گەلە، ئەمانە خۆیان کاندید نەکردبێت، ئەمانە دەسەڵاتی حکومەتی قوڵ دروست دەکەن لە دەرەوەی پەرلەمان".

ئەو مەترسییەک لەسەر پەرلەمانی نوێ و کارەکانی ئاشکرا دەکات و پێوایە "ئەم پەرلەمانە پەرلەمانێکی ئیفلیج دەبێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە هانی دەنگدەران دەدەین بەشداری هەڵبژاردن نەکەن".

نها نیوز، ئەم پرسیارەی ئاراستەی ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی-یش کرد، وەڵامەکەی بەم جۆرە بوو "ئەوەش ناتوانین قسەی لەسەر بکەین، چونکە کوالێتیی کاندیدە دەرچووەکانە، نازانین کێ دەردەچێت، ئەوە بڕیار دەدات لەسەر ئەوەی ئایا ئەو پەرلەمانە بەهێزە یاخود نا".
د. سەعید کاکەیی دەڵێت "خاڵێکی گرنگ هەیە ئەمە بگاتە دەنگدەر، ئێمە سێ جۆر دەسەڵاتمان هەیە، یەکەم دەسەڵاتی تەشریعی کە پەرلەمانە، دووەم دەسەڵاتی تەنفیزی ئەو حکومەتەیە کە دروست دەکرێت، سێیەم دەسەڵاتی دادوەری، ئێمە نابێت تەنیا لۆمەی ئەو کەسانە بکەین کە لەناو حکومەتدا بوونیان هەیە واتە حزبەکان، دەبێت لۆمەی ئەو کەسانە بکەین کە لەناو پەرلەماندا بوونیان هەبوو کە هیچیان پێنەکرا لەناو پەرلەماندا، واتە نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵ ئەوانەی کە نوێنەرایەتییان لەناو پەرلەماندا هەبوو کە پەرلەمانیان ئفلیج و بێنرخکرد".

بۆچی حزبەکان کارێک ناکەن خەڵک ئاشتبکەنەوە و خزمەگوزارییەکانیان بۆ دابینبکەن؟

سەعید کاکەیی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا وتی "پرسیارەکەی منیش ئا لێرەدایە، ئایا کام لەم حزبانە خەمی نیشتیمان و خاکیانە، هەرە باشترینەکانیان وابەستەی وڵاتانی ئیقلیمییە، چ یەکێتی بێت چ پارتی، تەنانەت لایەنەکانی تریش بێت، بەپێی پێداویستی و مەرجەکانی سیاسیەتی وڵاتانی ئیقلیمی ئەمانە هەڵسوکەوت دەکەن، کەواتە ئەمانە پڕۆکسین، واتە وابەستەی دەسەڵاتی هەرێمین لە ناوچەکە دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەن کە هەژمونیان لە ناوچەکەدا هەیە".

ئامادەکردنی/ بەڵێن عەلی
 
2024-08-08
زیاتر...
123