راپۆرت

ئەو 100 هەزار مینحەیەی خانەنشینان تاکەی بەردەوام دەبێت؟

نها نیوز – راپۆرت

رۆژی 2ی ئەیلولی 2024، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینانی هەرێمی بە هاوتاکراویی دابەشکرد کە 100 هەزار ''مینحە''شی لەگەڵدا بوو ئەو زیادەیە پێی دەوترێت "باشترکردنی گوزەرانی خانەنشینان"، بەڵام نها نیوز بەدواداچوون بۆ ئەو دەنگۆیانە دەکات کە گوایە ئەو زیادەیە چەند مانگێک بەردەوام دەبێت، لەوبارەیەوە پەرلەمانتارانی عێراق و شارەزایانی بواری ئابووری زانیاری گرنگ و نەبیستراو لەم راپۆرتەدا ئاشکرا دەکەن.

هاوتاکردنی خانەنشینی بەپێی ئەم هاوکێشەیەیە؛ مووچەی خانەنشینی + دەرماڵەی خزمەت + دەرماڵەی دەوڵەت + 100 هەزار دینار (مینحە)

بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق بە ژمارە 9ی ساڵی 2014 کە لە ساڵی 2019 بەیاسای ژمارە 26 هەموار کراوەتەوە، پێویستە سەرجەم خانەنشینانی عێراق مووچەکانیان هاوتا بکرێت بەشێوەیەک هیچ خانەنشینێک لە 500 هەزار دینار کەمتر وەرنەگرێت، هاوکات هەر بەپێی یاساکە 100 هەزار دیناریش وەک "باشترکردنی گوزەران" بۆیان تەرخان بکرێت.

هاوکات، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی 22 تشرینی دووەمی 2022، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانی بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی پابەندکرد.

هەر لەوبارەیەوە، لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 3ی تەمموزی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانی دا بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

سەبارەت بە ساڵ و خزمەتی فەرمانبەر بۆ خانەنشینی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق پێویستە خانەنشین کراو، تەمەنی لە سەروو 60 ساڵەوە بێت، یاخود لیژنەی پزیشکی بڕیار لە خانەنشینبوونی بدات، ئەگەر فەرمانبەرێکیش بەویستی خۆی داوای خانەنشینی بکات پێویستە 15 ساڵ خزمەتی راستەقینە و تەمەنی لە سەروو 45 ساڵانەوە بێت.

بەپێی راپۆرتی وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم لە کوردستاندا 277 هەزار و 541 کەس مووچەی خانەنشینیان هەیە بەجۆرێک نزیکەی 160 هەزار خانەنشینیان مەدەنین و 70 هەزاریشیان سەربازین کە، کەمترین مووچەیان 220 هەزار دینارە، لە عێراقیش 500 هەزار دینار. بودجەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان، 54 ملیار و 208 ملیۆن دینارە و ساڵی خزمەت و بڕوانامەش هەژمار دەکرێت.

سیستەمی مووچەكە بەپێی ئەم هاوكێشەیە دەکرێت، مووچەی خانەنشینی + دەرماڵەی خزمەت + دەرماڵەی دەوڵەت + 100 هەزار دینار.

هەروەها ئەوانەیشی پێش ساڵی 2014 خانەنشین بوونە، كەمترین مووچەیان دەبێت بە 500 هەزار دینار و بڕی 100 هەزار دیناری دەرماڵەشیان بۆ خەرج دەکرێت.

واتا ئەوانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین بوونە، بەپێی ئەو هاوكێشەیە دەبێت مووچە 500 هەزار دینار + 100 هەزار دینار زیادە، دەكاتە 600 هەزار دینار.

جێی ئاماژەشە، ئەوانەی لەدوای 1ی کانونی دووەمی 2014، خانەنشین كراون، بڕوانامەشیان بۆ هەژمار كراوە، ئەوانەی بڕوانامەی دیبلۆمیان هەیە، 5%ی مووچەكەیان بۆ زیاد دەبێت، ئەوانەیشی بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان هەیە 10% زیاد دەبێت و بۆ ماستەر و دكتۆرا بڕەكە زیاتر دەبێت.

بەپێی بەدواداچوونەکانی نها نیوز، ئەو خانەنشینانەی لە ژیاندا نەماون و کۆچی دواییان کردووە و میراتگر (وارس)یان هەیە، مووچەیان بەم شێوەیە دەبێت:

- خانەنشینی کۆچکردوو (یەك وارس)ی هەبێت 320 هەزار دینار وەردەگرێت لەگەڵ 100 هەزار دیناری دەرماڵە.
- خانەنشینی کۆچکردوو (دوو وارس)ی هەبێت، 360 دینار وەردەگرێت لەگەڵ 100 هەزار دیناری دەرماڵە.
- خانەنشینی کۆچکردوو (سێ وارس)ی هەبێت 500 هەزار دینار وەردەگرێت لەگەڵ 100 هەزار دیناری دەرماڵە.

رۆژی دووشەممە 2ی ئەیلولی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێکی فەرمییدا ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر بڕیاری وەزیری دارایی هەرێم، مووچەی مانگی تەمموزی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو و بە هاوتاکراویی هاوشێوەی عێراق، دابەش دەکرێت.

100 هەزار (مینحەیە)کەی عێراق بە خانەنشینان تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت؟

نها نیوز لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە دەوترێت ئەو 100 هەزار دینار (مینحەیە)ی کە عێراق بە خانەنشینانی هەرێمی دەدات کاتییە و بۆ چەند مانگێکە، لەوبارەیەوە گوڵاڵە سدیق، شارەزای دادوەری بۆ کاروباری دارایی و بانکی بۆ نها دەدوێت و دەڵێت "هیچ بنەمایەکی نییە، ئەمە هاوتاکردنی مینحە نییە، بەڵکو هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانە بە بەغدا، مەگەر حکومەتی هەرێم غەدریان لێبکەن، چونکە بڕیارەکە تەواو چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە پاشگەزبوونەوەی نییە".

وتیشی "ئەو 100 هەزارە حکومەتی عێراقی دەزانێت، پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە نییە، چونکە سندوقی خانەنشینی لەدەستی ئەوانە، ئەو داهاتەیە هەموو ساڵێک وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت و دەیدەن بە قەرزی ناوخۆیی".

لای خۆشیەوە، سروە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی هەر لەسەر ئەو پرسە تایبەت بە نها نیوز رادەگەیەنێت "ئەو پرسەیە حکومەت لەگەڵ حکومەت بڕیار دەدات، پێی دەوترێت بەرنامەی (وەزاری) کە ئەو حکومەتەی پێ پێکدەهێنرێت، ئەو وەزارەتەش پێی دەوترێت حکومەتی محمەد شیاع سودانی، ناوبراو کاتێک بابەتی خۆی هێنایە پەرلەمان وتی؛ یەک دوو سێ چوار... ئەمانە دەکەم لەم چوار ساڵەدا، یەکێک لەو خاڵانە وتی؛ وەکو مینحە 100 هەزار پارە دەخەمەسەر مووچەی خانەنشینان چونکە ژیانیان ناخۆشە، ئەم 100 هەزارە تاوەکو حکومەتەکەی محمەد شیاع سودانییە، حکومەتەکەی سودانی تاوەکو 2025 واتە نزیکەی ساڵێک و سێ مانگی ماوە ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە نەکرێت".

سروە محەمەد زیاتری روونکردەوە "لەدوای حکومەتی سودانی حکومەتێکی دیکە دێتەسەر خەت واتە لە خولی شەشەمی پەرلەمان، ئەوکاتە لەسەر بەرنامەی ئەو حکومەتە دروست دەبێت، پێموانییە حکومەتی نوێش پێکبهێنرێت دژی زیادکردنی پارەی خانەنشینان بێت، چونکە لە عێراق مووچەیان زۆر کەمە".

سەرچاوەیەکیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ نها نیوز وتی "نازانین و دیار نییە ئەو 100 هەزار مینحەیە بەردەوام دەبێت یاخود نا".

"ئەگەری هەیە عێراق ئەو 100 هەزار مینحەیە زیاتر بکات"

بەوتەی گوڵاڵە سدیق، شارەزای دادوەری بۆ کاروباری دارایی و بانکی "حکومەتی عێراقی بە حکومی ئەوەی خەڵک متمانەی بە بانکەکان نییە زۆربەی زۆری ئەو پارەیەی چاپیکردووە لە ماڵەکاندایە، حکومەتی عێراقی مانگانە بۆ مووچە پێویستی بە نزیکەی هەشت ترلیۆن دینار هەیە، پێویستە دیناری دەستبکەوێ هەندێکجار ئەو دینارەی لەبەردەست نییە، کاتێک ئەو پارەیە لەناوخۆدا قەرزی دەکات پەنا دەباتەبەر بانکەکان بۆ سندوقی خانەنشینی، ئەگەر هاتوو ئەو بڕە پارەیەی کەلە کۆتایی ساڵدا بۆی دەگەڕێتەوە بەشی ئەوە بکات 100 هەزار زیاد بکات زیادی دەکات، ئەگەر بەشی ئەوە بکات زیاتر زیاد بکات؛ زیاتر زیاد دەکات".

نها نیوز زیادکردنی بڕی ئەو 100 هەزار (مینحە)یە لە گوڵاڵە سدیق جەختدەکاتەوە کە، واتە عێراق ئەگەری هەیە ئەو بڕەیە زیاتر بکات؟ ناوبراو ئاشکرای دەکات "بەڵێ بەڵێ، چونکە سندوقی خانەنشینی پارەی مووچەخۆرە لەخۆیان بڕدراوە، مانگەکانی پێشوتر لەسەدا حەوت بڕدراوە، بەڵام ئەم مانگەیە بەداخەوە بە لەسەدا 10 لێبڕینەکەمان هاوتای بەغدا کرا".

لەبەرامبەردا سروە محمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "لەئێستادا لەو 100 هەزارە زیاتر ناکرێت و مەگەر لە خولێکی دیکە بۆ بانگەشە زیادبکرێت، چونکە ئەمە مینحەی چاککردنی گوزەرانی خانەنشینانە یان پاداشتە نەک مووچە".

تاوەکو ئێستا یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق جێگیرنەکراوە

بەگوێرەی وتەی سەرچاوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە قسەی بۆ نها کردووە "ئەوەی حکومەتی هەرێم کردوویەتی لە بەغدا هێشتا بڕیاری تەواو نەدراوە لەسەر یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، ئەوەی کە هەیە هەرێم لەسەر بەشە بودجەی خۆی کردوویەتی بەداهاتی نانەوتی یاخود هەر شتێکی دیکەیە، تەسور دەکرێت گرفت دروست بکات، گرنگ ئەوەیە لە بەغداوە تایبەتمەندی پارەکەی بۆ بکرێت ئەوە چارەسەری ریشەیی بابەتەکەیە، چونکە ئەگەر وانەبێت ئەوە چارەسەرەکان کاتی دەبن ئەگەری هەیە حکومەت پاشگەز ببنەوە".

لەوبارەیەوە سروە محەمەدیش دەڵێت "راستە کە تاوەکو ئێستا ئەو یاسایە جێگیرنەکراوە، بەڵام هاتنی تەیف سامی و شاندەکەی بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم یەکێک لەوانە جێبەجێکردنی یاسای هەموارەکە بووە". 

دەشڵێت "هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە هەموارکراوی مووچەی مانگی تەمموزی خانەنشینەکانی بدات، ئەو پارەیەی داویەتی لەداهاتی ناوخۆ بووە بەس ناتوانین بڵێن کام داهاتەیان، وە لەبەر ئەوەی پارەکەش بە گشتگیری هاتووە".

پەیوەست بەوەی ئایا حکومەتی کاربەڕێکەر لەداهاتی ناوخۆ مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینانی بە هاوتاکراویی دابەشکردووە؟ بۆ ئەو مەبەستە دارا سێکانیانی، ئەندامی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بە نها نیوزی وت "حکومەتی فیدراڵی پارەی ناردووە هەرێمیش داهاتی ناوخۆی هەبووە، واتە بەغدا بەچەند گوژمەیەک پارەی نارد و خستیە سەرهەژماری حکومەتی هەرێم، تا بەغدا پارەی نەنارد هەرێم ئامادە نەبوو لە داهاتی ناوخۆ مووچە بدات".

ئامادەکردنی/ ئیمان زەندی

 
2024-09-14
زیاتر...
123