وتار

بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان کاردانەوە؟

ساڵح ژاژڵەیی


ئایا سەرھەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان کاردانەوەبوو یان بەرنامە و بڕیاری پێشوەخت؟
ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە وەڵامی سەردێڕی بابەتەکەم بدەمەوە کە بەم پرسیارە دەست پێدەکات: ئایا سەرھەڵدانی یان با بڵێین دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان کاردانەوەبوو یان بەرنامە و بڕیاری پێشوەخت؟ لە راستیدا، پێکھێنانی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن رەوانشاد نەوشیروان مستەفاوە نە بڕیار و نە بەرنامەی پێشوەخت بووە،‌ تەنھا کاردانەوە بووە و ئەوەش لە ئەنجامی سەرنەکەوتنی بەرەی ڕیفۆرمەوە کە خۆی بەرنامە داڕێژەری بوو، بزوتنەوەی گۆڕان سەریھەڵدا و دروستبوو.

 ئەگەر ڕیفۆرم سەربکەوتایە، نە کاک نەوشیروان لە یەکێتی جیا دەبووە و نە ‌بزوتنەوەی گۆڕانیش دروستدەبوو. ھەر وەکو لە بەشی یەکەمی ئەم باسەدا ئاماژەم بۆکرد، کاک نەوشیروان زۆر بێئومێدببوو لە یەکێتی بە ھۆکاری یەکەم: پێیوابوو بوونی بەڕێز مام جەلال بە سەرۆک کۆمار مانای وایە لەناو یەکێتیدا شوێنی پێ لەق دەکرێت و ھیچی بە قسە ناکەن. چونکە زۆرینەی بەرپرسەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەبنە لایەنگری مام جەلال و ئەو چی بڵێت ئەمان ئەوە ئەکەن و ئەویش پەراوێز دەکرێت.

دووەم: نەفەسکورتی و زوو تۆران و کورد واتەنی کەم چیکڵدانی بوو. واتە نەیتوانی لەناو یەکێتی بمێنیتەوە و قاچ بچەقێنێت. لە کاتێکدا بەڕێزیان ھەمیشە خاوەنی سەنگ و قورسایی خۆیان بون و پشتیوانی زۆریان ھەبوو لەناو یەکێتی و جەماوەریشدا و کاک نەوشیروان پارویەکی ئاسان نەبووە بۆ قوتدان، بەڵام پێ ئەچێت ئەم خۆی بڕوای بە خۆی نەمابێت.

سێیەم: ھەمیشە کاریزمایی کەسایەتی مام جەلال، نەوشیروانی دەخستە سێبەرەوە و نەیدەھێشت سنوری پلەبەندی حیزبی ببەزێنێ، بەڵام دوای ئەوەی کاک نەوشیروان لە یەکێتی جیابووە و لەگەڵ ھاوڕێکانی کۆمپانیای وشەی دامەزراند. بە تێپەڕبونی کات ھێواش ھێواش زەمینەی لە دایکبوونی بزوتنەوەی گۆڕان ھاتەکایەوە.

دەرئەنجام بە ھۆی دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە جارێکی تر کاک نەوشیروان لە شکستەوە بەرەو ھەستانەوە ھەنگاوی گەورەی ناو جارێکیتر بووە بە ژمارەیەکی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسی ھەرێمی کوردستاندا، ئەوەشبوو بە دەسکەوتێکی گەورەی سیاسی بۆ خودی خۆی بە تەنیا.  بە کورتی ھۆکاری سەرھەڵدان و دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ھۆکارانەی خوارەوە:
١- خودی کەسایەتی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا فاکتەرێکی گرنگبوو بۆ گەشەکردن و گەورەبوونی بزوتنەوەی گۆڕان. چونکە کاک نەوشیروان کەسایەتییەکی سیاسی بەناوبانگ و شارەزا و ناسراوی گۆڕەپانی سیاسی ھەرێمی کوردستان بوو. ڕابردوویەکی پاکی ھەبوو. ھەمیشە جێی متمانەی ھاوڕێکانی و جەماوەربوو. یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. کاک نەوشیروان بە ئەندازیاری راپەڕینەکانی ١٩٩١ دەناسرێت کە سەروەرییەکی زۆر گەورەیە بۆ ئەو. ئەمانە بوونە ھۆکاری ئەوەی زۆر بە خێرایی جەماوەرێکی زۆر لە دەوری کۆببنەوە بە ئومێدی ئەوەی گۆڕانکاری سیاسی روبدات.

٢- ناڕەزایی جەماوەری خەڵکی کوردستان لە ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لەبەرنەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی. گەندەڵی و بە ھەدەردانی سامانی نیشتمانی. نەبوونی موئەسەساتی دەوڵەتی و نەبوونی سەروەری یاسا و دەستێوەردانی حزبی لە دام و دەزگاکانی حکومەتدا، ئەمانە و زۆر شتی تریش ھۆکاری گەورە بوون بۆ گەشەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا.

٣- پشتگیریکردنی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و فەرماندە و کادر و تێکۆشەرە دێرینەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەڕێز کاک نەوشیروان خۆی و بەرنامەکەی و بزوتنەوەی گۆڕان، کە خاوەنی کەسایەتی و جەمارەر و ھێزبوون.

٤- پشتگیریکردنی میدیای ئازاد و ڕۆشنبیران و کەسانی خاوەن ھەڵوێست لە بزوتنەوەکە. لە ڕاستیدا میدیای ئازاد پێش دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان کاریگەرییەکی یەکجار گەورەی ھەبوو. ھەمیشە قسەی خۆیان ھەبوە و بێدەنگیش نەبوون لەسەر ھەڵوێستی خراپی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار.

٥- پشتگیری دەوڵەمەندە نیشتمانپەروەرەکان لە ڕوی مادییەوە کاریگەری زۆر گەورەی ھەبوو بۆ گەشەکردنی بزوتنەوەکە بەتایبەتی لە سەرەتای درووستبونیەوە.

٦- پشتیوانیکردنی ھێزە سەربازییەکان لە بزوتنەوەکە وەکو پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش لە کاتی دەنگداندا، کاریگەری زۆر ئەرێنی و بە نرخی ھەبوو وە بووە پشتیوانێکی گەورەی بزوتنەوەکە.

٧- ھەڵوێستی ئازایانە و نەترسی ھەڵسوڕاوانی گۆڕان لە دەستنیشانکردنی ھەڵە و کەموکورتییەکانی دەسەڵات و عەیب و عارەکانیان، بەڵام ئەم ھەڵوێستانەیان بوەھۆی سزادانی ھەڵسوڕاوەکان و نانبڕینیان، ھەرچەندە دواجاریش بزوتنەوەکە وەک پێویست بەدەنگیانەوە نەچوو. لێی نەپرسینەوەو پاداشتی نەدانەوە.

٨- پشتیوانی خەڵکی بازاڕ و خوێندنگا و فەرمانگە و ئەھلی مزگەوتەکان لە بۆچوون و دروشمەکانی گۆڕان، بایەخی زۆر گرنگی ھەبوو.

٩- گرنگیدان بە بزوتنەوەی گۆڕان لە لایەن سەفیر و قونسلی وڵاتانەوە و سەردانیکردنی بەردەوامیان بۆ گردی زەرگەتە بایەخ و گرینگی خۆی ھەبوو. چونکە سەردانی ئەوانە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتیوانییەکی گەورەبوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان.

لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسن ئەی بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان بەو خێراییە ئەم ھەموو دەسکەوتانەی لە دەستداو پاشەکشەی کرد؟ ئێستا کاتی ئەوە ھاتوە باسی ھۆکارەکان و شکست و پاشەکشەی بزوتنەوەی گۆڕان بکەین: 
١- کاک نەوشیروان ھەمیشە جەختی لەسەر ئەوەدەکردەوە کە نە حیزب و نە دەوڵەت ئەگەر خاوەنی موئەسەساتی باش نەبن و کاروبارەکانیان بە باشی رێکنەخەن و نەیخەنە سەرسکەی خۆی،‌ سەرکەوتن بەدەست نایەنن و دواجار ڕووبەڕووی شکستی گەورە دەبنەوە، بەڵام سەیر ئەوەبوو کاتێ بزوتنەوەی گۆڕان زۆر گەشەیکرد و بوو بە خاوەنی ٥٠٠ ھەزار دەنگدەر، نەخاوەنی ھیچ دام و دەزگایەک بوو. نە ھیچ ھەوڵێکیش ھەبوو بۆ بەدامەزراوەییکردنی  بزوتنەوەکە.
وەکو دەریشکەوت کاک نەوشیروان نەیدەویست بزوتنەوەکە بکاتە دامەزراوە. لەوە ئەچێت ھەر بەتەمای گەڕانەوە بۆ ناو یەکێتی و خوڵکی مام جەلال بووبێت و نمایشی دروستکردنی گۆڕانیشی ھەر بۆ ئەوەبووبێت. یان وای بیرکردووەتەوە بە دامەزراوەکردنی بزوتنەوەکە لە بەرژەوەندی خۆیی و دوا رۆژی نەوەکانی نەبێت، چونکە ئەگەر بزوتنەوەکە بە دامەزراوەیی بکرایە کوڕەکانی نەدەبون بە خاوەنی میراتی گۆڕان.
یەکێک لە کێشەکانی کاک نەوشیروان لەگەڵ کاک عوسمانی حاجی مەحمود و کاک قادری حاجی عەلی لەسەر ئەوەبوو. لە ڕاستیدا، ئەوان داوایان دەکرد با گۆڕان بکرێـتە حیزبێکی موئەسەساتی و ئەو جەماوەرە زۆرە ئاوا بە ھەڕەمەکی ناتوانرێت سەرپەرشتی بکرێن. 
 ئەو دوو بەڕێزە ھەر لەسەرەتاوە تێبینی زۆریان ھەبوو لەسەر ئەو دەستورەی کە کاک نەوشیروان خۆی داینابوو، بەڵام کاک نەوشیروان ئامادەنەبوو قسەی لەسەر بکات بۆ چاککردنی. وەکو دواییش دەرکەوت چەند کەموکورتی تێدایە. کاک نەوشیروان ویستی بەو شێوەیە بمێنێتەوە کە خۆی دەیەوێت و ئەوەبوو ئەو دوو بەڕێزە پاش ھەوڵێکی زۆر دواجار نائومێدبون و وازیان لە بزوتنەوەکە ھێنا و ئەمیش دەربەستییان نەبوو. 

٢- ھەموومان دەزانین کاک نەوشیروان کەسایەتییەکی سیاسی و روشنبیرێکی زۆر گەورە بوو، پیاوێکی خاوەن ستراتیج و لێزان بوو. لە کاتێکدا بزوتنەوەی گۆڕان لەوپەڕی بە ھێزیدا بوو، خاوەنی ٥٠٠ ھەزار گۆڕانخواز و دەنگدەر بوو، لایەنی رۆشنبیری و پەروەردەی حیزبی و سیاسی بە لای ئەوەوە زۆر گرنگ و پێویست بووە و لە ھەمان کاتیشدا دەیان و سەدان مامۆستای زانکۆ و کەسانی ڕۆشنبیر لە دەوری بزوتنەوەی گۆڕان کۆببونەوە و ھەمووشیان خۆبەخش بوون، بەڵام بۆچی بیری نەکردەوە بەردەوام خولی پێگەیاندن و ھۆشیارکردنەوە بکاتەوە بۆ گۆڕانخوازان بۆئەوەی بە باشی پەروەردە و ئامادەبکرێن؟
ھیچ بەھانەو پاساوێک بۆ ئەنجامنەدانی ئەمە نییە و زەمینەش زۆر لەباربووە و شوێن و رێگا و ئیمکانیەتیش لەبەردەستدابووە. دەبوو ھەنگاوی یەکەمی بەرنامەدانان بوایە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی ڕۆشنبیر بە ھزری سیاسی و نەتەوەیی و ھەر لەوڕێگایەوە ھەنگاو بنێت بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام سەیرەکە لەوەدابوو کە بە ھیچ شێوەیەک بەلای ئەمەدا نەچوو. ئەمە پرسیارە و وەڵامی دەوێت. تۆ بڵێی ئەو بەڕێزە جەماوەری بێئاگا و سیاسی قەرسیلخۆری پێ باشتربووبێت لە جەماوەر و کادری وریا و ڕۆشنبیر؟ گومانی تێدانییە کە ئیدارەدانی کەسانی بێئاگا ئاسان و بێ سەرئێشەیە.

٣- ھەر لەسەرەتای دروستبوونی کۆمپانیای وشەوە کێشە و قسە و باس لەسەر خاوەندارێـتی کۆمپانی وشە ھەبوو. ھەندێک لە برادەران وایان بە چاک دەزانی کە کۆمپانیای وشە بەناوی کەسێکەوە نەبێت و سیغەیەکی وای بۆ بدۆزرێتەوە کە دوای نەمانی کاک نەوشیروان کێشە دروست نەبێت، بەڵام کاک نەوشیروان ئەوەی قبوڵ نەبوو. کۆمپانیای وشە ھەر بە ناوی خۆیەوە مایەوە و دواجار بوو بە موڵکی مناڵەکانی و ھەر ئەوەشبوو بە ھۆکاری بێئومێدبونی جەماوەر لە بزوتنەوەکە. چونکە قسە و کردار پێچەوانەبونەوە و چاوەڕوانکراوە.
ئەمە لە کاتێکدابوو کە کاک نەوشیروان لە زۆربەی لێدوانەکانیدا، چ لە ڕابردوو چ لە کاتی دروستبوونی بزوتنەوەکەدا، جەختی لەسەر ئەوەدەکردەوە دەبێ دژی بە بنەماڵەکردنی حیزب بوەستینەوە و دەبێ ھەمیشە دژی گەندەڵی بین، بەڵام دواجار ئەمە پێچەوانە دەرچوو.
لە ساڵی ٢٠٠٣ کە دەسەڵاتی سەدام نەما و حکومەتی تازە دروستبوو، مام جەلال یەکەم کەس ئاوەڵزاواکەی خۆی کرد بە وەزیر. کاک نەوشیروانیش یەکەم کەس زاواکەی خۆی کرد بە وەزیر. لە کاتێکدا دەیان کەسیتر لەوانە بە تواناتر و شایستەتربوون بکرێنە وەزیر. لە کاتێکدا لە گردی زەرگەتە زۆری پەیوەندییە دبلۆماسیەکان درووستکرا یەکەم کەس کاک حەمە تۆفیق کرا بە بەرپرسی ئەو ژوورە. ھەموو گۆرانخوازان ئەزانن کە خراپترین ئەدای ھەبووە و نەیتوانیوە ئەو پەیوەندییانە بە جۆرێک بەکاربھێنیت کە گۆڕان سودی لێ ببینێت، وەکو دەرکەوت خۆی کەسێکی شایستە نەبوو بۆ ئەو بوارە و بواریشی نەدا کەسانیتر ئەو کارە بکەن.
 بۆ نمونە کاک شوان قلیاسانی و سەرکۆ عوسمان کە دوو کوری شارەزا و لێھاتوو و زمان زانبوون نەک نەیھێشت ھیچ رۆڵێک ببینن، ھەر لە ژوورەکەش دووری خستنەوە.

بەم بۆنەیەشەوە ئەمەتان بۆ دەگێرمەوە: کاک عادل موراد یادی بەخێر ئەوکات کە سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بوو بە ھاوەڵی چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەند سەردانی بارەگای جڤاتی گشتی کرد. دوای دەمەتەقێ و قسەکردن، کاک عادل وتی برایان پرسیارێکم لێتان ھەیە و حەز دەکەم راستگۆیانە وەڵامم بدەنەوە، ئێمەش وتمان فەرمو، وتی ئەرێ بەراست ئەمەریکا ئیشی بە ئێوەیە یان ئێوە ئیشتان بە ئەمەریکایە؟ ئێمەش وتمان گومانی تێدا نییە دەبێ ئێمە ئیشمان بە ئەمەریکا بیت. وتی ئەی کەوایە جارێک لە جاران بۆچی ئێوە دەعوەتێک بۆ وەفدی ئەو سەفارەت و قونسڵخانانە ناکەن کە سەرتان لێئەدەن یان جارێک لە جاران لە کاتی دەستبەکاربوونی سەفیر و قونسڵی تازە یان تەواو بوونی کارەکانیان سەردانیان ناکەن و دەسکە گوڵێکیان بۆ نابەن و خوڵقێکیان ناکەن.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی، من لە بواری دیبلوماسیدا کارم کردوە و سەفیربووم ئەوەی لەسەر مێزی نانخواردن و لە کاتی قاوەخواردنەوە باس دەکرێت لەکاتی کۆبوونەوەی رەسمی باسناکرێت. ئێمەش وتمان ئەوە کاری ئێمە نییە و ژووری پەیوەندییە دیبلوماسیەکان بەرپرسی خۆی ھەیە و ئەوە کاری ئەوە. دیارە زانیبوی ھەمووجارێک کە ئەو وەفدانە دێن بۆ سلێمانی، لای یەکێتی نان ئەخۆن بەراستی پرسیارەکەی سەرنجراکێشبوو. جارێکی تریش برادەرێکی ئێمە بە قونسلێکی وتبوو بۆچی سەردانێکمان ناکەن، لە وەڵامدا وتبوی بۆچی جارێک لە جاران خوڵقتان کردووین ھەتا ئێمەش رەتی بکەینەوە؟
لە راستیدا سەردانی ئەو وەفدانە بەبەردەوامی بۆ لای گۆڕان گرنکی زۆری ھەبوو ئەگەر بمانزانیایە چۆن و بە چ شێوەیەک ھەڵسوکەوت ئەکەین. سەردانی ئەم ھەموو وەفدانە بۆلای گۆران بە ناراستەوخۆ پشتیوانی بوو لە گۆران و لە لایەکی تریشەوە یەکێتی و پارتیشی نیگەران کردبوو، بەڵام بەداخەوە ئێمە پێمان وابوو ئەوان ئیشیان بە ئێمەیە وەکو کاک عادل وتی.

لەجیاتی ئەوەی خومان ھەوڵ بدەین پەیوەندی لەگەڵ ئەملا و ئەولادا درووستبکەین، ئەملا و ئەولا خۆیان دەھاتن بۆلامان، بەڵام بەداخەوە ئێمە نە کەسی شیاو و شارەزا و نە گیرفان و نە سفرەمان ھەبوو. ئەم حەقیقەتانە کاک نەوشیروان خۆشی باشی ئەزانی و ئێمەش پێمان وتبوو، بەڵام کاکە حەمە ھەر لە شوێنی خۆی بوو. کێی بویستایە ئەیھێنایە ژورەکە و کێشی نەویستیایە دەریدەکرد.‌ ئەمە نیشانەی بە بنەماڵەکردن نییە؟ ئەی کەواتە کاک نەوشیروان بە چ مەبەستێک لە لێدوانەکانیدا دژی بە بنەماڵەکردن بوو؟ یان ھەر قسەبوو بۆ وەزنی شیعر. 
یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆر گەشەی کردوە و لە بنەماڵەیەکەوە بووەتە زیاتر لە ١٠ بنەماڵە، ‌بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان بووەتە بنەماڵەی تاقانە. کاتی خۆی برادەرێک کە ئێستا لە ژیاندا ماوە، لە لەندەن، سەردانی کاک نەشیروانی کردبوو. لە میانەی قسەکاندا باسی خاوەندارێتی کۆمپانیای وشە کرابوو. وتبوی ئەوە قسە لەسەر کردنی ناوێت و ھەر ئەوەیە و موڵکی خۆم و کوڕەکانمە.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 205‌
12/12/2019 10:14:35 AM
زیاتر...