وتار

بەڕێز سەرۆك..! نا هەقیت كرد

ئه‌رسه‌لان بایز

هەموو كەس یان حزبێك بۆی هەیە هەرچی چاكەو دەسكەوت‌و سەركەوتنەكانە بۆ خۆی تۆمار بكات‌و بنووسێتەوە یان بگێڕێتەوە، كەس‌و حزب‌و لایەنەكانی تر نادیدەبگرێت‌و فەرامۆشیان بكات، بەڵام مێژوونووسێكی بێلایەن، سەرۆكی نەتەوە یان وڵاتێك هەموو لایەن‌و كەس‌و چاك‌و خراپەكان، سەركەوتن‌و شكستەكان وەكو خۆی بەدیدەكات‌و ناهەقی ناكات. دەیان شەقام‌و گۆڕەپان‌و پاركی گەورە گەورەی دنیا، بەناوی سەركردەی سیاسی‌و عەسكەری‌و ئەدیب‌و هونەرمەندە ناودارە هەمەڕەنگ‌و هەمەدەنگەكانە. بەڵام بەداخەوە بەپێچەوانەی ئەو نەریتە زانستییە، بەڕێز سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان، جیا لەحزبەكەی خۆی، قوربانی‌و ماندووبوونی هەموو لایەن‌و پێكهاتەكانی تری كوردستانی فەرامۆش كردو هێمای بەهیچ كامێكیان نەدا.

كە ئێمەومانانێك هەرگیز چاوەڕوانی ئەو ئەنجامەمان نەدەكرد. بەڕێزت…! دەست بخەرەسەر ویژدانت… بەگۆڕی رەحمەتیی (باوكت) ئایا ئارامیی ئەو 15 ساڵەی رابردووی كوردستان، یەكڕیزیی‌و تەبایی لەبەرامبەر سیاسەتەكانی عیراق‌و دەوروبەر…ئارامی‌و ئاوەدانیی كوردستان… بەبێ هاوكاری‌و هەماهەنگی (ی.ن.ك)‌و دەستپێشخەریی راستەوخۆی (مام جەلال) دەبوو…؟؟ ئەی هەر برایانی پارتی، تەنانەت بەڕێزت نەبووی دەتانووت: (مام جەلال) چەند لەیەكێتی چووە… هێندەش لەپارتی… عیراقییەكانیش دەیانوت: (مام جەلال) لەهەموو عیراق چووە. ئەی كەواتە سەرۆك… بۆچی بێمروەتیت لەئاستی ئەو پیاوە گەورەیە كرد….؟ ئایا ئاڵۆزی‌و كێشەكانی ئەمڕۆی نێوان هەردوو حزب هیچ پەیوەندییەكی بە (مام جەلال)ەوە هەیە… ئایا ئەگەر (مام جەلال) لەژیاندا بمایە هەموو دەنگە سەوزەكان بۆ ئێوە نەدەچوو…؟؟ ئەی كەواتە ناهەقیی نییە (مام جەلال) بخرێتە نێو كێشەو ئاڵۆزییەكانی ئەمڕۆی كوردستان‌و… لەبەرنامەی كاری چوار ساڵەی ئایندەدا ستایشێكی نەكەی…؟

ناوهێنان یان نەهێنانی ئەو مرۆڤە گەورەیە، هیچ لەپلەو پایەی؛ زیادو كەمناكاتەوە… بەڵام بۆ خۆت گەورەیی بوو… وەفایەك بوو بۆ ئەو پیاوەی كە رێزو خۆشەویستیی تایبەتی بۆ ئێوە هەبوو ‌و لەدەیان كۆڕو كۆبوونەوەو دانیشتندا هەمیشە مەدح‌و سەنای دەكردی… من لەوە دەگەم كە بەشێكی هۆكاری ئەو فەرامۆش كردنە بۆ رازیكردنی بەشێك لەكادیرو لایەنگرانی حزبەكەتە… بەڵام لەبەرامبەر ئەوەشدا ستایشی (مام جەلال) بۆ ئێمە فێنكاییەكی دەروونی‌و… كردنەوەی بەشێكی تری دەرگا نیوە كراوەكەو راكێشانی سۆزی چەند سەد هەزار ئەندام‌و لایەنگرانی (ی.ن.ك) بوو، كە دەركەوت بەلای ئێوەوە هەر (بەناو) شەریكی پانزە ساڵەی پارتی بووە.

هەموو لایەك باش دەزانن (مام جەلال)ێك ئەگەر لەژیاندا بمایە… بە تەلفۆنێك… بە نامەیەك… دەستپێشخەرییەك، كێشە سەخت‌و ئاڵۆزەكانی ئێستای هەردوو حزبی چارەسەر دەكرد.

هەق بوو وەكو سەرۆكی نوێی هەموو حزب‌و لایەنەكانی كوردستان، دڵت گەورەتر بووایەو پێت لەهەندێ گلەیی‌و رەخنە بخشاندایە‌و لەوتاری دەستبەكاربوونەكەت ڕەنگی نەدایەوە. ئاخر هەقە سەرۆكی میللەت پزیشك‌و دەرماننووسی چارەسەری نەخۆشەكان بێت.

سەرۆك… بەهیوام بەشێك لەوتارەكەت راگوزەرانە بێت‌و بەرنامەی كاری چوار ساڵەت نەبێت…بەڕێز سەرۆك… بێمروەتیت كرد… ناهەقیت كرد (پێش هەموو كەس دەرهەق بە خۆت) ئینجا دەربارەی (مام جەلال)… گلەیی بێ لێت.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 206‌
6/17/2019 4:10:53 PM
زیاتر...