کوردستان

ئەمریکا سیستمە بەرگرییە موشەکییە مەترسیدارەکەی لە هەرێمی کوردستان جێگیرکرد


گۆڤاری فۆربسی ئەمریکى بڵاویکردەوە، ئەمریکا سیستمی بەرگریی مووشەکی MIM-104 پاتریۆتی لە هەرێمى کوردستان جێگیرکردووە و لەکاتى هێرشەکانى ئێران بۆسەر ئیسرائیل خسستوویەتیە کار.

گۆڤاری فۆربسی ئەمریکى ئاماژەى بەوەشکردووە، لە کۆی 120 مووشەکی بالیستیکی کە تاران ئاراستەی کردووە، يەکێک لە موشەکەکان لە هەرێمی کوردستان و لە ئیدارەى سەربەخۆى سۆران کەوتووەتەخوارەوە.

فۆربس باسی لەوەشکردووە، لە شەوی هێرشەکەدا دەنگی چەندين تەقينەوە لە هەولێر بيستراوە، بێگومان نە فڕۆکەى جەنگی و نە سیستمی سیرام، کە بۆ بەرپەچدانەوەی مووشەکی بچووک و کورتمەودا بەکاردێت و چەند ساڵێکە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەولێر جێگیراوە، ناتوانن بەرپەرچی ئەو مووشەکانە بدەنەوە.

گۆڤارە ئەمريکييەکە نوسیویشیەتى، کوردستانی عێراق ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە بەرگریی ئاسمانی هەیە. لەکاتێکدا لە ساڵی 2020 میلیشیا عێراقییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشدەکەنە سەر ناوچەکە.

باسى لەوەشکردووە، روون نییە کەی ئەمریکا سیستمی پاتریۆتی لە هەولێر جێگیرکردووە، ئەوە پێشهاتێکە کوردەکان پێشوازیی لێدەکەن، تاوەکو ئەوکاتەی دۆخی ناوچەکە ئاسایی دەبێتەوە، سيستمەکە لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.

فۆڕبس دەشڵێت، بوونی سیستمی پاتریۆت لە هەولێر سوودی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەمریکاش هەیە، سەربازە ئەمریکییەکان لە هێرشی دیکەی مووشەکی بالیستیکی دەپارێزێت، هەروەها بۆشاييەکی کەمتر دەهێڵێتەوە بۆ تێپەڕبوونی موشەک بە ئاسمانی ناوچەکەدا.
 
2024-04-18
زیاتر...