جیهان

كلاسیكۆى بایدن و تره‌مپ ده‌ستپێده‌كات

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان:

كلاسیكۆى بایدن و تره‌مپ كاندیده‌كانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ ده‌ستپێده‌كات و بۆ ماوەی 90 خولەک لە لایەن کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکییەوە پەخشدەکرێت، ئەمریکییەکانیش خۆیان بۆ سەیرکردنی ئه‌و كلاسیكۆ سیاسییه‌ ئاماده‌كردووه‌.

ئەمە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەو دوو کاندیده‌ نییە، بەوپێیەی پێشتریش ئه‌وان له‌ 2020دا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوەو بەمشێوەیەش پێش دیبەیتی داهاتوو، پرسیار لەسەر خاڵە جیاوازەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ دەوروژێنرێت.

لە کاتێکدا دوو کاندیدای بەتەمەنی وەک بایدنی 81 ساڵان و ترەمپی 78 ساڵان، هەریەک لەو دوو کەسایەتییە شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا، ترەمپ بەردەوامە لە گرتنەبەری قسە پۆپۆلیستییەکەی، وەک ئەوەی لە میانی گردبوونەوەیەکی جەماوەری هەڵبژاردندا لە فیلادلفیا گاڵتەی بە بایدن دەکرد، کە دەیگوت:"ئەو هەمیشە نووستووە، چونکە ئەوان دەیانەوێت لە باشترین بارودۆخدا بێت"، کە مەبەستی بایدن بوو، لە لایەکی دیکەوە، هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدن وەڵامی ترەمپی دایەوە بەوەی کە هەوڵ دەدات "سەرنجمان لەسەر دیبەیتی ئێوارەی پێنجشەممە لەبەردەم خەڵکدا ئاڵۆز بکات".

عەمار موسا وتەبێژی کەمپەینەکەی بایدن دەڵێت، "ترەمپ ناچار دەبێت وەڵامی سەندنەوەی ئازادیی ئەمریکییەکان بداتەوە، بەڵێنی کەمکردنەوەی باج بە خێرخوازە ملیاردێرەکان دەدات لەسەر حیسابی چینی ناوەڕاست، هەروەها هەڕەشە لە خودی دیموکراسیمان دەکات بە بەڵێنەکانی کە ئەگەر "سەرکەوت وەک دیکتاتۆرێک فەرمانڕەوایی دەکات و ئەگەریش دۆڕا توندوتیژی دەکات".

دیبەیتی نێوان بایدن و ترەمپ ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 27ی حوزەیران بۆ ماوەی 90 خولەک، کە لە لایەن کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکییەوە پەخشدەکرێت، هەریەکەیان بەخاڵە بەهێزەکانی خۆیان دێنە ناو دیبەیتەکە و گفتوگۆ دەکەن، باسی لاوازییەکانی یەکتر دەکەن، هەروەها بایدن بەڵێندەدات بۆ ڕزگارکردنی دیموکراسی بە ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارەکەی ڕایگەیاندووە کە بەنیازە "بۆ ڕۆژێک" دیکتاتۆر بێت.

هەروەها بایدن خۆی وەک گەرەنتی مافی یافرەتان بۆ لەباربردنی منداڵ و هاوپەیمانی چینی مامناوەند نیشان دەدات، هەروەها دژی ڕژێمەکانی وەک ڕووسیا و چین وەستاوە.

لە لایەکی دیکەوە ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەیەوێت ئەو کشانەوەی ئەمەریکا کە تووشی بووە بوەستێنێت و بەڵێنی ئەوە دەدات بە کەمکردنەوەی باج و باجی گومرگی توند و پڕۆژەی گەڕان بەدوای نەوت و دەرکردنی بەکۆمەڵی کۆچبەران ئەو کارە بکات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی "سی ئێن ئێن" ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە ئابووری پرسی سەرەکییە بۆ ئەمەریکییەکان و بایدن ئەم کەتەگۆرییە بە بەرامبەرەکەی لەدەست دەدات، چونکە ئەمەریکییەکان زیاتر متمانەیان بە ترەمپ هەیە بە بەراورد بە بایدن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئابووری و هەڵاوسان".

هاوکات بەپێی ڕاپرسییەکی "فۆکس نیوز" کە چوارشەممەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، 47%ی دەنگدەران لەباربردنی منداڵ "زۆر بە گرنگ" دەزانن بۆ بڕیارەکانیان لە هەڵبژاردنی یەکێک لەو دوو کاندیدانە، بەڵام هەندێک بابەتی دیکە وەک کۆچبەری و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم کاتەدا خۆیان لەو کاتەدا بەگرنگ دەزانرێت، کە ئەمڕۆ لە دیبەیتی بایدن و ترەمپدا باسی لێوەدەکرێت.

2024-06-27
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.