بنار هیدایەت
ئەوەی لەم چەند رۆژەی رابردوو سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كردی، نە چاوەڕوان نەكراو بوو نە سوپڕایز بوو. چونكە دەبوو یەكێتی تەسفیە حساباتی خۆی لەگەڵ ئەوانەی بوونەتە دەستكەلای حزب و پارتەكانی تر بكردایە.
جارێك بە محەمەدی حاجی مەحمودم وت دەبوو چەند ساڵێك پێش ئێستا بڕیاری دەركردنی عەبدوڵای برات بدایە بۆ ئەوەی ئەو هەموو خەڵكە باشەت لێ نەتۆرایە، وتی ئەو كات وام بكردایە كەس باوەڕی نەبوو من لەسەر حەق بم.
ئێستا بافڵ تاڵەبانی یارییەكی جوانی كردووە بەو واتایەی پێویستە مشەخۆرەكانی یەكێتی بچنە دەرەوە، چونكە دەیان هەڵبژاردنە كادر و هاوڵاتیان یەكێتی سزادەدەن لەسەر ئەم دەمووچاوانە، فیرعەون ئاسا لەسەر حسابی یەكێتی دەژیان، ئێستا ئەگەر یەكێتی پێیان بڵێت بەسە ئیتر دنیا وێران دەبێت.
بینای بارەگای چاودێر موڵكی یەكێتییە، كەس نەهاتووە چاودێر دابخات بەڵكو بینای وەرگرتووەتەوە، كاك بەختیار دەتوانێت بینا بكڕێت یا بەكرێی یا تەكلیفێك لەوانە بكات كە سپۆنسەری گەلاوێژیان بۆ دەكرد بینایەكی بۆ وەربگرن، چونكە لەوەتەی هەیە لەسەر ماڵی ئیف بوون ئێستا پێیان عەیبەیە موڵكەكانی یەكێتی رادەستی یەكێتی بكەنەوە.
من دەیان جار ووتومە هەندێك سەركردە لەشاخ چەند فیشەكی تەقاندووە ئەوەندە ملیۆن دۆلار لەسەر یەكێتی كەوتووە. دەبێت وەستان لەسەر ئەو پرسە بكرێت ئێستا تۆ یەكێتیت بۆ لە ژێرەوە كار بۆ دوژمنەكانی یەكێتی دەكەیت، كێ ئەمەی قبوڵە با قبوڵی بێت بافڵ قبوڵی نیە و دەستیشی خۆش بێت.
ئافەرین بافڵ تاڵەبانی، ئەوەی لەدوای كۆچی تاڵەبانی باوكەوە كەس نەیتوانی بیكات تۆ كردت، تەسفیە حساباتەكانی دیكەشت بیر نەچێت بۆ ئەوەی باڵانسی هێز بگەڕێنیتەوە بۆ سەر گۆڕەپانە سیاسییەكە وەك خۆت وت "11 بەهیچ و پارێزگاری كەركووك و كورسی كۆتاكانت" بردووەتەوە، ئەوەی ماوە ئەم هەڵبژاردن چارەنووسسازەیە بە دەركردنی هەندێك دەمووچاو ئەو باڵانسەش رێك دەبێتەوە. مەوەستە و بەردەوام بە تاوەكوو كات لەمە زیاتر درەنگتر نەبووە.