سوپای پاسداران بۆ تۆڵەی خوێنی هەنییە هەڕەشەی شۆکهێنەر دەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، تۆڵەی خوێنی هەنییە شۆک و چاوەڕواننەکراو دەبێت.
ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"ـى ئێران لە زاری حوجەتولئیسلام تەیب، راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئۆپراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئیسماعیل هەنییە، شۆک و چاوەڕواننەکراو دەبێت بۆ ئیسرائیل.
حوجەتولئیسلام ئاماژەی بەوەشکرد "بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئیسرائیل پشێوە، چونکە نازانن سیناریۆی ئێران چییە و لەو وڵاتە سەرمایەگوزاری ئابووری وەستاوە و بازرگانەکان وڵاتەکە بەجێدەهێڵن.
ناوبراو وتیشی "بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت شکستی خۆی لە دژی حەماس بگۆڕێت بۆ جەنگێکی هەرێمی و ئەمریکاش بخاتە ناو جەنگەکەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، سەردەمی هەژموونی ئەمریکا تێپەڕیوە و سیاسەتەکانیان کاریگەریی نەماوە.
لە مانگی تەممووزی ساڵی رابردوودا، رۆژنامەی "مەعارف"ـى ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی غەززەوە، 46 هەزار کۆمپانیای ئیسرائیلی مایەپووچ بوون، پێشبینیش دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەکە بۆ 60 هەزار کۆمپانیا بەرزبێتەوە.
|