وتار

دیوێکی تری سەعاتەکەی سەماوە

هونەر تۆفیق

کاتێک جێگری کونسوڵی تورکیا لە هەولێر کوژرا، سەرۆکی هەرێم بەپەلە کۆتایی بە سەفەرەکەی هێنا لە فەرەنسا و گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.

ئەحمەد مەنفی پارێزگاری موسەنا، شەوێکی درەنگ هەواڵی دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵیان لە دووری سەماوە بە ١٦٠ کلم پێگەیاند. هەر ئەو شەوە ئەو پیاوە ١٦٠ کلم بیابانی بڕی بۆ ئەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکە بەسەربکاتەوە. وەک خۆی دەڵێت پەیوەندی بە دەستەڵاتدارانی هەرێمەوە کردووە کە گۆڕێکی بەکۆمەڵی کوردە ئەنفالکراوەکان دۆزراوەتەوە . لیژنەی تایبەت بەهەڵدانەوەی لێ ئاگادارکردۆتەوە، بەوپەڕی ڕێزەوە ئێسک و پروسکەکان لێکدی جیادەکەنەوە . 

رۆژی دواتر سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ وەفدێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی گۆڕەکە دەکات . گۆڕەکە بۆ جیهان ئاشکرادەکەن، ئەوەی مایەی سەرسامیە، نە سەرۆکی هەرێم ، نە سەرۆکی حکومەت ، نەسەرۆکی پارلەمان ، وەک ئەوەی ئەو گۆرە بەکۆمەڵە ڕوفاتی قەومێکی تربێت ، ئەوەندە خۆیان نەڕەنجاند بچن لەکاتی هەڵدانەوەیدا ڕێز لە قوربانیەکانیان بگرن. 

سەرۆکی هەرێم لەپێناو کوشتنی جێگری کونسوڵی تورکیادا لەماوەی چەند سەعاتێکدا لە پاریسەوە گەڕایەوە هەولێر، بەڵام لەپێناو دەیان ژن و منداڵی کوژراوی وڵاتەکەی خۆیدا چەند سەعاتێک ڕێگا ، خۆی ماندوونەکرد.

ئەو سەعاتەی لە گۆڕەکەدا دۆزراوەتەوە، حەقە بکرێتە سەعاتی خەمساردی سەرۆکایەتی و حکومەت و پارلەمانی کوردستان، کە نەیانتوانی بچن دوو مۆم لەسەر روفاتی ناو ئەو گۆرە دابگیرسێنن و تاجە گوڵینەیەکی لەسەر دابنێن .
ژمارەی خوێنەر   ‌ 380‌
7/24/2019 1:46:01 PM
زیاتر...