وتار

هه‌یاسیش نازانێت له‌ په‌رله‌مان چ باسه‌

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
شاڵا بمانتوانیایێ بپرسین "هه‌یاسه‌ له‌ په‌رله‌مان چ باسه‌“؟ به‌س به‌زاتی‌ خوا، هه‌یاس خۆشی نازانێت ئه‌و مه‌هزه‌له‌یه‌ی‌ دوێنێی په‌رله‌مان چ باس‌و خواسێك هه‌ڵده‌گرێت..! ئاخر له‌ كوێی دنیا فۆڕم‌و سیسته‌می‌ په‌رله‌مانی‌ به‌و جۆره‌ گاڵته‌جارییه‌ هه‌یه‌ .. كه‌ی و چۆن و له‌ په‌رله‌مانی كام وڵاتی سه‌ر رووی ئه‌م زه‌مینه‌ ده‌نگ به‌ گه‌رانه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می هۆلاكۆ دراوه‌.. باشه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌یه‌ك بۆ به‌ده‌ست هێنانی پله‌ پێویستی به‌ شه‌هاده‌ ده‌بێت و سه‌رۆك بڕِوانامه‌ی‌ ناوێت..!!

ئاخر جۆن پاش ئه‌و هه‌موو زه‌برو زۆره‌ی كه‌ به‌درێژایی مێژو به‌ده‌ست خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ ڕه‌هاكانه‌وه‌ چێشتوومانه‌، ده‌سه‌لاتێك ده‌درێته‌ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌مان كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سوڵتان‌و شاهه‌نشا‌و ئیمپراتۆره‌كان زیاتر بێت، خۆ قه‌یسه‌رو هیتله‌ریش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان بۆ چووبووه‌ سه‌ر..!!

به‌ڵام حه‌یفه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ په‌رله‌مان وه‌ك به‌رنامه‌ی‌ تیڤیه‌كانی‌ لێهاتووه‌، ئه‌ندامه‌كانی‌ وه‌ك میوانی‌ به‌رنامه‌ ته‌رفیهییه‌كان هه‌ر خه‌ریكی‌ چه‌پڵه‌و ده‌ست به‌رزكردنه‌وه‌ن..!!

خه‌مه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ له ‌وڵاتێكدا كه‌ مردووه‌كان ناچار بكرێن، دژ به‌ خواستی‌ خۆیان ده‌نگ به‌كاندیدی زیندووه‌كان بده‌ن‌و له‌دوا ساته‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ ده‌ره‌نجامی براوه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنیشدا جێگۆڕكێ به‌ ناوه‌كانه‌وه‌ بكرێت..!! له‌ مه‌مله‌كه‌تێكدا له‌سازان‌و دانوستاندا به‌رژه‌وه‌ندی‌و ده‌ستكه‌وتی‌ تاك ببێته‌ ته‌نیا پرۆژه‌ی‌ هاوبه‌شی حزب و لایه‌نه‌كان، له‌ قۆناغێكدا كه‌ په‌یڕه‌وی حزبێك بووبێته‌ شه‌قشه‌قه‌ی‌ ده‌ستی‌ نه‌وه‌یه‌ك‌و حزب له‌ دیموكراسی خاڵی بووبێته‌وه‌، سه‌ركردایه‌تی حزبێكی سۆشیاڵ دیموكرات به‌ هلیۆكۆپته‌ر خۆی بگه‌ێنێتنه‌ ژێر ره‌شماڵه‌كان بۆ زیندو كردنه‌وه‌ی دیارده‌ی خێل خێڵان و عه‌شره‌تگه‌ری ..!! ئیتر چاوه‌ڕِێی چی له‌ په‌رله‌مان‌و دامه‌زراوه‌كانی‌ ده‌كرێ..؟

نه‌گبه‌ت خۆمان، ئه‌و ئه‌زموونه‌ی‌ ده‌یانویست بۆ عێراقی بگوازنه‌وه‌، ئێستا بۆ كوردیش بۆته‌ شوره‌یی، ئاخر چۆن ده‌بێت له‌ سیسته‌می‌ په‌رله‌مانیدا كه‌ عورف وایه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆك ته‌شریفی بێت، ئه‌وه‌ی كوردستان له‌ ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌گدۆنی‌ و جه‌نگیزخان زیاتر ده‌سه‌ڵاتی‌ پێبدرێت..؟ 

ئاخر چۆن ده‌بێت سیسته‌می‌ په‌رله‌مانی‌ بێ‌و په‌رله‌مان نه‌توانێ‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی خۆی بكات..؟

خۆ له‌هه‌مووشی عه‌نتیكه‌تر شه‌هاده‌شی نه‌بێت. ئاخر چۆن هه‌یاسیش سه‌ری له‌و باسه‌ ده‌رده‌چێت…؟؟

ژمارەی خوێنەر   ‌ 1009‌
5/9/2019 9:56:52 PM
زیاتر...