هەواڵ

یەکێتی ھۆشداری بە پارتی دەدات لە ھەر ھەنگاونانێک بەبێ ئەوان

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

یەکێتی نیشتیمانی لە ئەگەری ھەر ھەنگاوێک بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت ھۆشداری بە پارتی دەدات و ئەندامێکی فراکسیۆنی ئەو حزبەش لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر پارتی بیەوێت بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبھێنێت، ئەوکاتە بڕیارێک لە سنوری زەردەوە دەربچێت، لە سنوری سەوز جێبەجێناکرێت.

باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ئاژانسی نھا-ی ڕاگەیاند " ئەگەر پارتی ھەر ھەنگاوێک بنێت بۆ کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و  پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم بەبێ یەکێتی تۆخکردنەوەی دوو ئیدارەییە لە ھەرێمی کوردستان و حکومەتێکی شکستخواردوو دەبێت".

وتیشی " زۆنی سەوز و زەرد شتێکە بووە بە ئەمری واقع لە ھەرێمی کوردستان و ناتوانین بیشارینەوە، پارتی ھەرکارێک بەبێ ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی بکات لەسەر پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت، ئەوکاتە بڕیارێک لە زۆنی زەردەوە بدرێت لە زۆنی سەوز جێبەجێ ناکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد " پێویستە نیشانەکانی دوو ئیدارەیی لە ھەرێمی کوردستان کەمبکەینەوە و نەیھێڵین کە ئەوەش بە ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتن دەکرێت، نەوەک بڕیاری تاک لایەنە".


2019-03-19
زیاتر...